سەرەکی » مانشێت » بەرزڕاگرتنی یادی 30 ساڵەی یەكێتیی ژنانی كوردستان

بەرزڕاگرتنی یادی 30 ساڵەی یەكێتیی ژنانی كوردستان

لە هەرێمی كوردستان، یادی 30 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی ژنانی كوردستان، بە سەردانكردنی یەكێتیی ژنان‌و دانانی چەپكەگوڵ لەسەر مەزاری سەرۆك مام جەلال، كرایەوە.یەكێتیی ژنان، لای خۆیەوە هیچ جۆرە چالاكییەكی رێكنەخست‌و بڕیاریدا هاوكاریی بۆ ژنانی ئاوارەی رۆژئاوا، دابین بكات.
سەیوان رۆستەم لێپرسراوی راگەیاندنی یەكێتیی ژنانی كوردستان، لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ كوردستانی نوێ، رایگەیاند: ئەمساڵ لە یادی 30 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی ژنانی كوردستاندا هیچ جۆرە مەراسیم‌و چالاكییەكمان ئەنجام نەدا، تەنها ئەوە نەبێت لە هۆڵی تەواری شاری سلێمانی ساتێك بۆ ژنانی شەهید راوەستاین‌و پێشوازیمان لە میوانان کرد. وتیشی: جیاواز لەساڵانی رابردوو، ئەو بڕە پارەیەی تەرخان دەكرا بۆ مەراسیم‌و چالاكییەكانی تایبەت بەیادەكەمان، بڕیارماندا ئەمساڵ هیچ چالاكییەك رێكنەخەین‌و ئەوەندەی پێمانكرا هاوكاریی ژنانی ئاوارەی رۆژئاوامان كرد بەچەندین جۆر پێداویستی، كە هاوكارییەكان لەڕێگەی نوێنەرانی ژنانی رۆژئاوا لەباشووری كوردستان، بۆیان نێردرا.
ئاماژەی بەوەشكرد كە بۆ ئەمساڵی یادی یەكێتیی ژنان، وەك پیشاندانی رێزو وەفا‌و بەپێویستیشمان زانی، سەردانی مەزاری سەرۆك مام جەلال بكەین‌و بەڵێنیشمان دووپاتكردەوە كە لەسەر رێبازە پیرۆزەكەی بەردەوام دەبین‌و ئەوەی پێمانبكرێت لەخزمەتكردنی خەڵكی كوردستان‌و بەتایبەتیش ژنان، درێغی نەكەین، كە ئەوە یەكێك بوو لە داواكارییەكانی سەرۆك مام جەلال.
هەر لەساڵیادی یەكێتیی ژناندا، ئەندامانی دەستەی كارگێڕی‌و ژمارەیەك لەئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی‌و ئەنجومەنی ناوەندو مەكتەبەكانی یەكێتی‌و رێكخراوەكانی ژنان، سەردانی یەكێتیی ژنانیان كردو چەپكەگوڵی پیرۆزباییان پێشكەشكردن.

 

بەبۆنەی یادی 30 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی ژنانی كوردستانەوە، كافیە سلێمان سكرتێری یەكێتیی ژنانی كوردستان، سەردانی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد یەكێك لەدامەزرێنەرانی یەكێتیی ژنانی كرد‌و لەسەردانەكەیدا سكرتێری یەكێتیی ژنان ئاماژەی بەڕۆڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كرد لە دامەزراندن‌و گەشەپێدانی یەكێتیی ژنانی كوردستانداو چەپكەگوڵی رێزو وەفای پێشكەشكرد.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*