سەرەکی » وتار » بورهان شێخ ڕەئوف‌ » داعش كۆتایی دێت؟

دەر و دراوسێ

داعش كۆتایی دێت؟

ئەگەر ئاوڕێك لە مێژووی هەموو تاقم و گروهە توندئاژوو تیرۆریستەكان بدەینەوە لە عیراقدا لە دوای ساڵی 2003 و ڕوخانی ڕژێمی عیراق لە لایەن ئەمریكاو هەر لە قاعدەو و نەقشبەندی و دواتر دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق وشام ( داعش ) هەر هەموو ئەمانە لە چەند ناوچەیەكی دیاریكراودا سەریان هەڵداو گەشەیانكرد ئەوانیش ناوچە سوونە نشینەكانی خورئاوای عیراق و موسڵ و تكریت و پشتێنەی بەغداد و بەشێك لە پارێزگای دیالە بوو،كە پێیان دەووتن ناوچە گەرمەكان .

بۆ لەو ناوچانەدا سەریان هەڵدا ؟
ئەو ناوچانە كە زۆرینەی عەرەبی سوونە بوون لەوەتی دەوڵەتی عیراق دامەزراوە لە سەرەتای بیستەكانی سەدەی ڕابردووەوە ئەوان فەرمانڕەوای عیراق بوون بەشێكی گرنگ و كاراو بەڵكو بڕبڕەی پشتی ڕژێم و هێزەكانی ئاسایش و گاردی كۆماری و هێزەتایبەتەكانی تر بوون و ئێستا خۆیان بە پەراوێزخراو دەبینن و خوازیارن سەروەرییەكانی سەدەی ڕابردووی حوكمڕانییان بە دەست بهێننەوە و لەو پێناوەدا هەموو ڕێگایەك دەگرنەبەر بە تیرۆریشەوە .
ڕاستە ئێستا لە دوای ڕزگاركردنی هەموو شارو شارۆچكەكانی عیراق و شام لە دەستی داعش كە دواترینیان شاری ئەلبوكەمال بوو لە سوریا، ئیتر داعش خاك و خەڵكی بە ئاشكرا لە بندەست نەما بیری نەوت و هەموو سەرچاوە داراییەكانی تر كە داعشیان كردبوو بە یەكێك لە دەوڵەمەندترین هێزە تیرۆریستیەكانی جیهان، كۆتاییان هات و ئیتر داعش وەكو جاران خرانەوە ناو كون و قوژبنە تاریكەكان و دەگەڕێنەوە بۆ كارو كردەوەی نهێنی و ژێر زەمینی. بێگومان داعش هەموو گرووهە توند ئاژووە كانی دی توانای خۆ گونجان و هەڵكردنیان لە گەڵ ئەو بارودۆخەدا تا ڕادەی زۆر هەیە .

داعش بۆ سەری هەڵدا ؟
ئەگەر وەكو پێشتر ئاماژەم پێدا كە ڕێكخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە ساڵی 2005 لە ناوچە گەرمەكان سەری هەڵدا لە ئەكامی بەشداری نەكردنی پێكهاتەی سوونە لە حوكمڕانی نوێ‌ی عیراق، ئەویش بە فتوای هەندێك لە مەرجەعە ئاینیەكانی سوونە چەندین گروهو تاقمی چەكدار بەناوی بەرەنگاری داگیركەر و جیهاد سەریان هەڵدا، كە دیارترینیان ئەلقاعیدە بوو، كە بینیمان ئەو كات ئەمریكیەكان لە عیراق بوون، هێزەكانی سەحوەیان دامەزراند لە خێڵە كان و پڕچەكیان كردن و كۆنترۆڵی ناوچەكانیان كردەوەو جۆرێك لە ئارامی و سەقامگیریان گێڕایەوە بۆ ئەو ناوچانە، بەڵام دواتر بینیمان نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراق لە دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە 2011، كەوتە وێزەی ئەو خێڵە عەرەبە سوونانە و مووچەی لێبڕین و پەراوێزی خستن و وەڵامی خۆپیشاندان داواكارییەكانە نەدانەوە، لە ئاكامدا ڕێكخراوێكی لە ئەلقاعیدە توند ئاژووتر تاریك پەرستتر و دڕندەترو ڕەقتر سەری هەڵدا كە ئەویش دەوڵەتی ئیسلامی داعش دابوو .
لە ئێستاشدا كە شەڕی داعش تەواو بووە بە فیزیكی و زیانی نزیكە 500 ملیار دۆلاریان بە عیراق گەیاند، حكومەتی عیراق ئێستا هێزی حەشدی شەعبی دروستكردووە كە باكگراوندێكی ئاینزایی هەیە و بە پەرچەمی مەزهەبییەوە بە ناوچە سوونی نیشینەكانی عیراقدا تەراتێن دەكەن و خۆیان بە براوەی شەڕو سەركەوتوو دەزانن، پەندیان لە هەموو ئەزموونە تاڵەكانی مێژووی سەد ساڵەی خوێناوی دەوڵەتی عیراق نوێ‌ وەرنەگرتووە .
لە ئاوا بارو دۆخێكدا كە كوردیش بە هۆی ڕیفراندۆمەوە كە هاوبەشێكی گرنگ و كارای شەڕی تیرۆر و داعش بوو، بووە یەكەم قوربانی دوای تەواو بوونی شەڕەكەو بۆ یەكەم جار لە عیراقی نوێ‌ دا، خوێنی كۆمەڵێك پێشمەرگە بە دەستی هێزەكانی سوپای عیراق و حەشدی شەعبی ڕژا و لێكترازانێكی مەترسیدار لە نێوان كوردو شیعەدا ڕوویدا كە پێشتر هاوپەیمان و هاوسەنگەر بوون .
بۆیە هەموو ئاماژەكان پێمان دەڵێن كێشەو ئاریشەكانی عیراق لە دوای داعش كۆتاییان نایەت، ئەگەر بە هەمان هزرو كردەوەكانی ئێستای حكومەتی عیراق، هەڵسووكەوت بكرێت و بیر لە چارەسەری هەموو فاكتەرو هۆكارانە نەكەنەوە كە زەمینەیانساز كرد، بۆ سەرهەڵدانی ئەو گروپ و تاقمە تووند ئاژۆو خوێنڕێژانە ، هەروه‌ها ڕیفۆرمی بنەڕەتی لە حوكمڕانی و دابینكردنی خزمەتگوزاریە سەرەتایی و پێویستەكان كۆمەڵانی خەڵك و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و بە گژاچوونەوەی گەندەڵی كە ئێستا عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق دروشمی ئەوەی بەروز كردۆتەوە، دوای جەنگی تیرۆر كە هەنگاوێكی باشە، ئەگەر بە جدی و ڕاستەقینەبێت، نەوەكو بۆ بانگەشەی پێشووەختەی هەڵبژاردن.

print

 98 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*