سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » ئه‌مریكا، كه‌نداو ئاشت ده‌كاته‌وه‌

ئه‌مریكا، كه‌نداو ئاشت ده‌كاته‌وه‌

ماوه‌ی دوو ساڵه‌ هاوپه‌یمانێتیی كه‌نداو «سعودیه‌، میسر، به‌حره‌ین و ئیمارات» ئابڵۆقه‌یه‌كی توندیان خستۆته‌سه‌ر وڵاتی قه‌ته‌ر و له‌ ساڵی رابردوودا گرژییه‌كان گه‌یشتنه‌ ئاستێك كه‌ خه‌ریك بوو پێكدادانی لێبكه‌وێته‌وه‌، به‌ڵام ئێستا جۆرێك له‌ هێوربوونه‌وه‌ی پێوه‌ دیاره‌ و جموجۆڵ و دیدار و سه‌ردانه‌ سیاسییه‌كانی ئه‌مریكییه‌كان بۆ وڵاتانی كه‌نداو، ئاماژه‌یه‌كن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ خه‌ریكه‌ دانوستانی ئاشتی و پێكهاتنه‌وه‌ بێته‌ كایه‌وه‌، ئه‌و راستییه‌ ته‌نها له‌میدیاكانه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و ئه‌و وڵاتانه‌ هیچیان له‌م باره‌یه‌وه‌ نه‌دركاندووه‌، چونكه‌ به‌پێی ئه‌وه‌ی بۆ میدیا دزه‌ی كردووه‌، «دۆناڵد تره‌مپ» به‌رپرسانی ئه‌مریكی و سعودی به‌تایبه‌تیش باڵیۆزی خۆی له‌ ریازی پایته‌خت ئاگاداركردۆته‌وه‌ كه‌ زانیاری له‌سه‌ر ئه‌م دۆسێیه‌ بڵاونه‌كه‌نه‌وه‌، تا پێده‌گا و نێوانی سعودیه‌ و میسر و ئیمارات و به‌حره‌ین له‌گه‌ڵ وڵاتی قه‌ته‌ر ئاسایی ده‌بێته‌وه‌.

دیداره‌كان چڕتر بوونه‌ته‌وه‌
هه‌واڵه‌كان ده‌ڵێن، سه‌ردانی چه‌ند رۆژی رابردووی عه‌بدولفه‌تاح سیسی سه‌رۆكی میسر بۆ ئیماراتی عه‌ره‌بی و سه‌ردانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی قه‌ته‌ر بۆ ئه‌مریكا و دیداری له‌گه‌ڵ مایك پۆمپیۆ هاوپۆسته‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ی، دووان له‌م هه‌وڵانه‌ن كه‌ ده‌كرێت ببنه‌ هه‌وێنی كۆبوونه‌وه‌ی راسته‌وخۆ و باڵای نێوان ئه‌و وڵاتانه‌. ئه‌مریكا پلانی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ له‌ نزیكترین ده‌رفه‌تدا سه‌رۆكی هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ بانگهێشتی واشنتۆن بكا و له‌وێ دیدارێكیان بۆ بڕه‌خسێنێ و ئاشتیان بكاته‌وه‌.

له‌ میدیاش شه‌ڕه‌كه‌ راگیراوه‌
جگه‌ له‌مانه‌ش، ئاماژه‌ی تر هه‌ن ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ ناوچه‌كه‌ به‌ئاڕاسته‌ی پێكهاتنه‌وه‌ هه‌نگاو ده‌نێت، له‌وانه‌، له‌م رۆژانه‌دا هه‌ریه‌ك له‌ سعودیه‌ و ئیمارات و به‌حره‌ین ئاماده‌یی خۆیان ده‌ربڕی كه‌ له‌ ئۆلۆمپیادی جامی كه‌نداو به‌شداریی بكه‌ن، كه‌ بڕیاره‌ له‌ رۆژی 24ی ئه‌م مانگه‌ له‌ قه‌ته‌ر ساز بدرێت. هه‌روه‌ها ئارامبوونه‌وه‌ی شه‌ڕی راگه‌یاندنی ئه‌و چوار وڵاته‌ به‌رامبه‌ر به‌ قه‌ته‌ر دیسان راستیی بوونی هه‌وڵێكی له‌م جۆره‌ نیشان ده‌ده‌ن. جگه‌ له‌وانه‌ش، مانگی رابردوو كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی ناوخۆی ئه‌نجومه‌نی هاریكاریی كه‌نداو به‌ڕێوه‌چوو و له‌پاڵ به‌شداریی وه‌زیرانی ناوخۆی وڵاته‌ چوار قۆڵییه‌كه‌، هی قه‌ته‌ریش به‌شداربوو. له‌هه‌موویان گرنگتر به‌شداریی نوێنه‌ری قه‌ته‌ر بووه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی باڵا كه‌ له‌ ریازی پایته‌ختی سعودیه‌ به‌ستراوه‌ سه‌باره‌ت به‌هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر كۆمپانیای ئارامكۆ و له‌وێ نوێنه‌ره‌كه‌ی قه‌ته‌ر ئیدانه‌ی ئه‌و هێرش و په‌لامارانه‌ی كردووه‌، كه‌ بۆ سه‌ر سه‌رچاوه‌ نه‌وتییه‌كان ئه‌نجام دراون.

هه‌وڵه‌كانی كوێت
كوێت یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌یه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ خه‌ریكی رێكخستنه‌وه‌ی ئه‌و چوار وڵاته‌یه‌ له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ردا. قایلبوونی سعودییه‌ش بۆ به‌شداریكردن له‌و پاڵه‌وانێتییه‌ وه‌رزشییه‌دا هه‌ر به‌هه‌وڵی به‌رپرسانی كوێتی بووه‌، كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هه‌ڵوێستێكی بێلایه‌نیان وه‌رگرتووه‌، بۆیه‌ ئێستا له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی هه‌وڵه‌كانی ئه‌مریكا، ئه‌و وڵاته‌ش تواناكانی خۆی چڕتركردۆته‌وه‌ بۆ زه‌مینه‌سازی له‌ پێناوی ده‌ستبه‌ری ئاشتی و ته‌بایی له‌ كه‌نداودا.

عه‌ممان-یش خه‌ریكه‌
له‌چه‌ند مانگی رابرووشدا، به‌رپرسانی وڵاتی عه‌ممان چه‌ند دیدارێكیان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌و چوار وڵاته‌ و قه‌ته‌ر كردووه‌ بۆ خاوكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كانیان، به‌ڵام بێهوده‌ بوون و چه‌ند جارێك له‌ میدیاكان رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ كێشه‌كان گه‌یشتوونه‌ته‌ بنبه‌ست و مه‌حاڵه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن، به‌ڵام دیسان له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشهاته‌ تازانه‌دا ئه‌وانیش ده‌ستیان به‌ جموجۆڵه‌كانیان كردۆته‌وه‌ و سه‌ردانی وه‌زیری به‌رگری سعودییه‌ی لێكه‌وتۆته‌وه‌ بۆ سوڵتان قابوس و باسی هه‌نگاوه‌ تازه‌كانیان كردووه‌.

سه‌رچاوه‌: عه‌ره‌بی پۆست، BBC، فرانس 24

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*