دوای دەستەكاربوونی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمو هەوڵەكانی وەزارەتی كارەبا بۆ باشتركردنی كارەبای نیشتمانیو چارەسەركردنی كێشەكانی رابردوو، هاوكات زیادكردنی بەرهەمهێنان، بەرپرسانی وەزارەتی كارەبا ئاماژە بەوە دەكەن، ئێستا رەوشی كارەبا بە ئاراستەیەك باشتر دەچێتو ئەوان بەردەوامن لە سەر رێوشوێنەكان بۆ گەیاندنی كارەبایەكی زیاتر بە بەشداربووان.
ئەندازیار كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێم، لەوڵامی چەند پرسیارێكی كوردستانی نوێدا تیشك دەخاتە سەر هەوڵەكانی وەزارەتەكەی بۆ باشتركردنی سێكتەری كارەبا.
چاوپێکەوتنی: تەها عەبدوڵڵا
* پێشبینیتان بۆ دۆخی كارەبا لە وەرزی زستانی ئەمساڵدا چۆنە؟
– كارەبا بەستراوەتەوە بەبوونی بودجەو هەڵكشانی خواستی بەكارهێنانەوە، بەڵام هاووڵاتیانی كوردستان دڵنیادەكەمەوە هەرچەندە هێشتا بۆ ئەمساڵ زووە بڵێین بارودۆخەكە باش دەبێت، بەڵام بەرهەمهێنانی كارەباو دابەشكردنی بەراورد بە ساڵی رابردوو باشتر دەبێت، چونكە وەزارەت لە بەرنامەیدایە هەڵمەتێك بۆ لابردنی سەرپێچیەكانی كارەبا دەستپێبكاتو ئێستاش دەستمان بە چاكسازیی وەرزیی كردووە، كۆمپانیای داناغاز بە هاوكاریی وەزارەتمانو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان چاكسازییەكی بۆ باشتركردنی بەرهەمهێنانی غازی لەكێڵگەی كۆرمۆر كاری چاكسازییەكە جێبەجێكرا، هاوكات وەزارەت بەشی داهاتو فرۆشتنی وزەش رێكخستووە، بەمەش باشتر كۆنترۆڵی زیاد بەكارهێنانی كارەبا دەكەین، بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیرانیش بە دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیاندا گرفتێكی گەورەی كارەبامان بۆ چارەسەر دەكات، چونكە لەوەرزی زستاندا بڕە كارەبایەكی زۆر بۆ خۆگەرمكردنەوە لەبری بەكارهێنانی سوپا بەهەدەر دەچێت. بەشێوەیەكی گشتی بەپێی ئەو بەرنامەو كارنامەیەی دامانناوەو دەستمان بەجێبەجێكردنی كردووەو كێرڤی باشبوونی كارەبا رووی لەهەڵكشان كردووە.
* دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم، بەرنامەو پلانی چوار ساڵی داهاتووی وەزارەتەكەتان چییە؟
– سەرۆكی حكومەتی هەرێمو جێگری سەرۆكی حكومەت لەكارنامەی ئەم كابینە وەزارییەدا تەئكید لەسەر چارەسەركردنی بنەڕەتی بۆ كێشەی كارەبا دەكەنەوە. ئەم ئەركەش بەئێمە راسپێردراوە، وەزارەتی كارەبا بەڕاوێژكردن و گفتوگۆیەكی چڕو پڕ توانیمان لەماوەیەكی كەمدا بەرنامەی كاركردنی داهاتوومان ئامادە بكەینو ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی بكەینو چاوەڕێی رەزامەندین، چونكە تا رەزامەندی وەرنەگرین ناتوانین ئەو كارنامەیەی وەزارەت بڵاوبكەینەوە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی ئامانجی ئێمە هەوڵدانە بەگەیاندنی كارەبای بەردەوام بۆ هاووڵاتیانو بوژانەوەی ژێرخانی كارەبایە، ئەم كارەش ئاسان نییە، تەحەددای زۆرمان لەبەردەمدایە هەر لە كەمی سیولەی نەختینەییەوە تا فراوانی كەرتەكانی بەرهەمهێنانو گواستنەوەو دابەشكردنو كۆنترۆڵی كارەباو زیادبوونی ژمارەی هاوبەشان بۆ سەرووی یەك ملیۆنو 562 هەزار كە هاوكاتە لەگەڵ هەڵكشانی خواست لەسەر كارەبا، بۆ نموونە لەساڵی 2006 بەرزترین پێداویستی كارەبا تەنیا 1457 مێگاوات بوو، لە 2013 گەیشتە 3750 مێگاواتو بۆ زستانی ئەمساڵ پێشبینی دەكەین بۆ نزیكەی 6500 مێگاوات بەرزبێتەوە، ئەمەش هۆكارێكە بۆ ئەوەی هەموو ئەم سێكتەرانە كاری جدیو بەدیراسەتكراوی بۆ بكەین، ستراتیژییەتی ئێمە چارەسەركردنی كێشەی كارەبایە لە سەرجەم بوارەكانی بەرهەمهێنانو گواستنەوەو دابەشكردن، میكانیزمێكی رێكوپێكو سەردەمیانەشمان لەبەردەمدایە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە لەسەرانسەری كوردستاندا بە پارێزگای هەڵەبجەشەوە كە دوو جار لەنزیكەوە لەگەڵ پارێزگاری هەڵەبجەو یەكە ئیدارییەكان لە وەزارەت گفتوگۆمان كردووە.
* ئەوەی لەماوەی چوار مانگی دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم لە وەزارەتی كارەبا ئەنجامدراوە چییە؟
– ئەو چاكسازیو كارانەی كە لەكەرتی كارەبا دەكرێت وائاسان دەرناكەوێتو زنجیرەیەكی تەواوكەری یەكترنو دوای دوو ساڵ زۆر لە پڕۆژەو كارەكانی كە دەستمان دەكەوێت ئەنجامەكەی دەردەكەوێت لەگەڵ ئەمەشدا لەماوەی تەنیا سێ مانگی رابردوودا بەشێوەیەكی گشتی وەزارەتمان ئەم كارانەی خوارەوەی كردووە: لەڕووی بەرهەمهێنانی كارەباوە توانیومانە بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان سەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بەغازی سروشتی كار پێ بكەین، جگە لەوێستگەی كواشی لە دهۆكو هەردوو وێستگەی باعەدرێو تاسلوجە كە بە نەوتی رەش كار دەكەن، بەمەش پارەیەكی زۆر بۆ گەنجینەی گشتی گەڕاوەتەوە، چونكە بەرهەمهێنانی تەنیا (یەك) مێگاوات كارەبا بۆ یەك كاتژمێر بەغازی سروشتی 62 دۆلار تێچوونێتی، بەڵام بە گازوایل 130 دۆلار تێچونێتی، ئێستا بەتێكڕا نزیكەی 3100 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنین.
هەروەها دەستمان كردووە بەگفتوگۆكردنو راوێژكردن بۆ چاوخشاندنەوە بەسەرجەم گرێبەستەكانی وەزارەتی كارەبا لەگەڵ كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی كارەباو ئەوانیش ئامادەییان دەربڕیوە، تا لەڕووی یاساییو هونەریو نرخو وردەكارییەكانی دیكەوە یەكبخرێن. بەدواداچوونیشمان بۆ چارەسەركردنی كێشەی وێستگەی هەڵمی خەبات كردوو لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكارو كۆمپانیای بۆسكۆی كۆریای باشوور لێكتێگەیشتنی باشمان هەیەو زۆر لەگرفتەكانی بەرەو چارەسەركردن دەچێتو ئێستا لەقۆناغی تێستداین بۆ ئەوەی بزانین گرفتەكانی چینو لەماوەیەكی نزیكدا بەگەڕیدەخەین.
وێستگەی دێرەلۆك كە جگە لە دروستكردنی بەنداوێكی بچووك لەسەر زێی گەورە، وێستگەیەكی گۆڕینو فراوانكردنی وێستگەی سەرسەنگو چەندین بواری دیكە لەخۆدەگرێت كارەكانی بەخێرایی بەڕێوەدەچێتو بەدواداچوونی چڕی بۆ دەكەین لەماوەی دیاریكراوی خۆیدا ئەم پڕۆژە ستراتیژییە گەورەیە تەواو دەكەین. فەرمانی وەزاریمان دەركردووە هەر كۆمپانیایەك دوو پڕۆژەی كارەبای لابێت ئەگەر یەكێكیان تەواونەكردبێت ئەوا وەزارەت ئامادە نییە پڕۆژەی سێیەمی بداتێ. لەڕووی دابەشكردنی كارەباوە گرفتی كارەبا تەنیا بەرهەمهێنان نییە بەشی هەرە زۆری خراپی دابەشكردنە؛ بۆیە راستەوخۆ بەتیمێكی نوێو میكانیزمێكی تازە دەستمان بەجێبەجێكردنی پڕۆژەی(تۆڕی زیرەك) كردووە لەهەرسێ شاری هەولێر و سلێمانیو دهۆك، ئەم پڕۆژەیە زۆر پێشكەوتووەو كۆتایی بەسەرپێچیەكانی سەر كارەبا دەهێنێتو بەشێوەیەكی زیاتر دادپەروەرانە خزمەتگوزاریی كارەبا دەگەیەنینە هاووڵاتیانو لۆدی سەر محاویلەو فیدرەو وێستگەكان ناهێڵێتو بۆ ملیۆنێكو 562 هەزار و 515 هاوبەشی كارەبا پێوەری زیرەكیان بۆ دادەنرێت، لەڕووی كرداریشەوە لەچەندین گەڕەكو ناوچەی پیشەسازیی تیمەكانی دانانی ئەم پێوەرانە دەستیان بەكاركردووەو بەپێی خشتەیەكی زەمەنی 18 لە 1/8/ 2019 دەستیپێكردووە، سەرجەم شارو شارۆجكەو ناوچە جیاجیاكانی كوردستان دەگرێتەوە.
هەر بەمەش رانەوەستاوین بەڵكو خزمەتگوزاریی كارگێڕیو دانەوەی قەرزەكانو مامەڵەی هاووڵاتیانمان رێكخستۆتەوە ئێستا لەماوەیەكی كەمو خێراتر سەرجەم مامەڵەكان بێ رۆتین بەڕێوەدەچێت، هاوكاریی ئەو هاووڵاتیانەش دەكەین كە توانای دانەوەی قەرزەكانیان نییە، بەشێوەیەك بە قیست قەرزەكانیان بدەنە فەرمانگەكانی كارەبا. لەڕووی گواستنەوەی كارەباوە، لەمانگی یەكەمی دەستبەكاربوونی كابینەكەدا توانیمان دەست بەپڕۆژەیەكی راكێشانی هێڵی پاڵەپەستۆی بەرز لە روڤیا بكەین كە لەماوەیەكی كەمدا تەواو دەبێتو كێشەی گواستنەوەی وزەی كارەبا بۆ پارێزگای دهۆك روو لە چارەسەركردن دەچێت، تەنانەت لەم ماوەیەدا سەردانی ژمارەیەك پڕۆژەی دامەزراندنی وێستگەی گۆڕینی كارەبا بكەم كە هەندێكیان تەواو بوونو بەتۆڕی كارەبا نەبەستراونەتەوەو هەندێكی دیكەیان بەهۆی قەیرانی داراییەوە كاركرن تێیدا راوەستاوە، بەفەرمانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانو دوای تەرخانكردنی بڕە پارەیەك بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان كە كارەباشی تێدابوو بەدواداچوونی وردمان كردووە بۆ بەگەڕخستنەوەی ئەو پڕۆژانە كە بەشێكی زۆری كێشەی بارزۆری سەر كارەبا چارەسەر دەكات. بەهاوكاریی پارێزگاكانی كوردستان بەم نزیكانە دەست دەكەین بەهەڵمەتێكی فراوانی نەهێشتنی سەرپێچیەكان كە لەسەر تۆڕەكانی كارەبا دەكرێت.
* باس لەوە دەكرێت كە كۆمپانیاكانی كارەبا كەموكورتیان لەكارەكانیاندا هەیە، ئایا رێوشوێنەكان لەبەرامبەریان چییە؟
– هەر كۆمپانیایەك كەموكورتی لە ئیشوكارەكانیدا هەبێت دڵنیابن چاوپۆشی لێناكرێتو بەپێی گرێبەست ئیجرائاتی لەگەڵ دەكرێت، بەشێكی زۆری كۆمپانیاكانیش بە ئەركی سەرشانی خۆیان هەڵساونو لەبەرامبەردا ئێمە كارئاسانیو پاڵپشتیان دەكەین، دەرئەنجام كەرتێكی تایبەتی بەهێزو ژێرخانی كارەبا بونیات دەنێتەوەو وڵاتو ئابوورییەكەمان بەهێز دەكات.
* هاوبەشانی كارەبا چەند قەرزارن و چی میكانیزمێك دەگرنە بەر بۆ ئەوەی بارگرانی لەسەر هاووڵاتیان دروست نەبێت؟
– وەزارەتی كارەبا 952 ملیار و 671 ملیۆن دیناری لای هاوبەشانی كارەبایە بەهەرچوار پۆلی (ماڵان، بازرگانی، پیشەسازی، حكومیو كشتوكاڵ)، وەزارەت كار ئاسانی كردووە بۆ ئەوەی بەشێوەی قیست ئەو قەرزانە وەربگرینەوە، چونكە لەدەسەڵاتی ئێمەداو هیچ وەزارەتێكیشدا نییە لەهیچ قەرزێك خۆش بێت.