سەرەکی » دۆسێ » ركابەرەكەی نەتانیاهۆ نەیتوانی حكومەت پێكبهێنێت

ئیسرائیل رووی لە هەڵبژاردنی سێیەمە

ركابەرەكەی نەتانیاهۆ نەیتوانی حكومەت پێكبهێنێت

بینی گانتس سەرۆكی هاوپەیمانی «شین سپی» ركابەری سەرەكی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ماوەبەسەرچووی ئیسرائیل، رۆئڤین ریڤیلین سەرۆكی ئیسرائیلی ئاگاداركردووەتەوە كە نەیتوانی بەر لە تەواوبوونی ئەو مۆڵەتی پێیدراوە، حكومەت پێكبهێنێت.
بینی گانتس سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی ئیسرائیل و سەرۆكی هاوپەیمانی «شین سپی» لە 20ی تشرینی دووەمی 2019، مۆڵەتی ڕاسپاردنی پێكهێنانی حكومەتی بۆ رۆئڤلین ریڤلینی سەرۆكی ئیسرائیل گێڕایەوە دوای ئەوەی دووچاری شكست بوو لە ئەركی پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌.

هەڵبژاردنی سێیەم
ئەمە هەنگاوەی گانتس ئەگەرەكانی رۆیشتنی ئیسرائیل بەرەو سندوقەكانی دەنگدان بۆ جاری سێیەم زیاتر دەكات لە یەك ساڵدا.
بینی گانتس سەرۆكی هاوپەیمانی «شین سپی»، سوپای سەرۆكی ئیسرائیلی كردبوو، لە بەیاننامەیەكیشدا رایگەیاندبوو، هەموو هەوڵەكانی دەخاتەگەڕ بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ‌ كە لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانی ئیسرائیل بێت.
بۆیەكەمجارە هەر ئەندامێكی كنێستی ئیسرائیل بە گانتس و نەتانیاهۆشەوە، 21 رۆژییان لەبەردەست دەبێت بۆ بردنەوەی لانی كەم رەزامەندی 61 ئەندام، تا تاقیكردنەوەی پێكهێنانی حكومەتێكی ئیئتیلافی ئەنجام بدەن.
لە 20ی تشرینی دووەمی 2019، گانتس بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ماوەبەسەرچووی وڵاتەكەی تۆمەتباركرد، بە شكستخواردنی وتوێژەكانی تایبەت بە پێكهێنانی حكومەتێكی یەكێتی نیشتمانی.

راسپاردنی گانتس
دوای شكستهێنانی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ‌، سەرۆكی ئیسرائیل رایگەیاندووە، بە مەبەستی پێكهێنانی حكومەتی ئیسرائیل، سەرۆكی حزبی «شین و سپی» راسپاردووە.
رۆئڤین ریڤلین، سەرۆكی ئیسرائیل لە 21ی تشرینی یەكەمی 2019 رایگەیاندبوو»بینی گانتس، سەرۆكی حزبی (شین و سپی) راسپاردووە، تا حكومەتی نوێ‌ پێكبهێنێت، ئەمەش دوای ئەوەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكە لەماوەكانی رابردوودا شكستخواردووبوو لە پێكهێنانی حكومەت».
بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن ریڤلینەوە بڵاوكرابووەوە»سەرجەم ئەندامانی پەرلەمانی ئیسرائیل(كنێست) ئاگاداركراون لەوەی كە لەوەی كە سەرۆكی وڵات، بینی گانتسی بانگهێشت كردووە، تا بە زووترین كات حكومەتی نوێ پێكبهێنێت».

شكستەكەی نەتانیاهۆ
ئەمەش لەكاتێكدایە كە لە 25ی مانگی ئەیلولی رابردوو روڤین ریڤلین سەرۆكی ئیسرائیل، بنیامین نەتانیاهوی راسپارد تا حكومەتێكی نوێ پێكبهێنێت، داواشی لە پەرلەمان كردبوو رەوشێكی گونجاو بڕەخسێنن تا وڵاتەكە لەو تەنگژە سیاسییەی تێیكەوتووە قوتاری ببێت.
سەرۆكی ئیسرائیل لە 25ی ئەیلولی رابردوو، ئەركی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی بە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكە بەخشی، ئەمەش سەرەڕای یەكسانبونی لەگەڵ بە بینی گانتسی ركابەری لە دوایین گەڕی هەڵبژاردنەكانی ئیسرائیل.
رۆئڤین ریڤلین، سەرۆكی ئیسرائیل لە 25ی ئەیلولی 2019 و لە مەراسیمی دەستنیشانكردنی پێكهێنەری كابینەی حكومەتی وڵاتەكە رایگەیاندبوو» من هەلی پێكهێنانی حكومەت بە بەرێزتان (ناتانیاهۆ) دەبەخشم».
لە 17ی ئەیلولی 2019، بۆ جاری دووەم لەمساڵدا هەڵبژاردنی گشتی لە ئیسرائیل بەڕێوەچو، تیایدا حزبی (شین و سپی) بە دەستبەركردنی 33 كورسی پەرلەمانی، پێش حزبی لیكودی دەسەڵاتدار كەوت، تائێستاش هاوپەیمانێتییەكەی ناتانیاهۆ 56 كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە كە هێشتا زۆرینەی پەرلەمانی نییە.
لەدوای بەدەستهێنانی ئەنجامە چاوەڕواننەكراوەكانی لە هەڵبژاردندا، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل گەشتەكەی نیوویۆرك لەپێناو بەشداریكردن لە كۆبونەوەكانی كۆمەڵی گشتی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان، هەڵوەشاندبووەوە.
نەناتیاهۆی لەماوەی ئەو مانگەی كە وەك مۆڵەت بۆی دیاریكرابوو تا حكومەت پێكبهێنێت، شكستخواردوو بوو.
هەردوو حزبی سەرەكی لە دوایین هەڵبژاردنی ئیسرائیلی زۆرینەیەكی دیارییان بەدەستهێنا، واتا 65 كورسی لەكۆی 120 كورسی و دەیانتوانی پێكەوە ئیئتیلافێكی حكومی پێكبهێنن.

لیبرمان و لیستی عەرەبی
ئەفیگدۆر لیبرمان براوەیەكی دەركەوتووی كنێست بوو كە دەتوانێت رۆڵی سەرەكی ببینێت لە دیاریكردنی ئەو كەسەی لەلایەن روۆڤین ریڤلین سەرۆكی دەوڵەتەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ رادەسپێرێت.
دووەم براوەی گەورەكەی هەڵبژاردنە، لیستی هاوبەشی عەرەبیە كە ریزەكانی خۆیان رێكخست و توانیان 12 كورسی بەدەستبهێنن و ببنە سێیەم گەورەترین حزب لە كنێست لەو دەمەی ئیسرائیل دامەزراوە، لەگەڵ ئەفیگدۆر لیبرمان نەیاری نوێ‌ و هاوپەیمانە كۆنەكەی نەتانیاهۆ.
زۆرێك لە ئیسرائیلییەكان پێیانوایە، ئەو هەڵبژاردنە پێویست نەبوو، چونكە لە بنەمادا جەخت لەسەر بنیامین نەتانیاهۆ دەكاتەوە كە زۆرترین ماوە لە دەسەڵاتدا ماوەتەوە بەراورد بە سەرۆك وەزیرەكانی تری ئیسرائیل، چونكە 13 ساڵە لە حوكمدایە لەماوەی دوو ماوەی سەرۆكایەتی كە یەكەم سێ‌ ساڵی خایەند لەنێوان ساڵانی 1996-1999 و دووەم لە ساڵی 2009وە دەستیپێكرد و تائێستا بەردەوامە، ئەمەش ماوەی سەرۆكایەتییەكەی داڤید بن گۆریۆن یەكەم سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلی تێپەڕاند لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتەكە لە ساڵی 1948دا.
هەر لە سەرەتاوە پێشبینییەكان روولەوە بوون كە رەنگە لیستی عەرەبی رۆڵێكی گەورەی هەبێت لە بێئومێدكردنی هەوڵەكانی نەتانیاهۆ لە پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌، هەرچەندە ناچێتە نێو هیچ ئیئتیلافێكەوە، بەڵام پێدەچێت بینی گانتس بۆ پێكهێنانی حكومەت رابسپێردرێت، نەك نەتانیاهۆی نەیاری كە بە هاندانی رەگەزپەرستی لە دژی عەرەب تۆمەتباردەكرێت.
وێڕای رۆڵی گەورەی لیبرمان لە شكستپێهێنانی نەتانیاهۆ لە پێكهێنانی حكومەتی ئیئتیلافی لە هەڵبژاردنەكەی نیسانی رابردوو بەهۆی سوربوونی لەسەر سەپاندنی خزمەتی سەربازی بەسەر دیندارەكان كە هاوپەیمانی تەقلیدی نەتانیاهۆن لە بەرەی ڕاستەڕەو، بەڵام قورسە لەئێستادا چاوەڕوان بكرێت ئەو رۆڵە ببینێت.
پێكهێنانی حكومەتێكی یەكێتی نیشتمانی سكۆلاریست كە «شین سپی» و حزبەكانی سەنتەر و چەپ و لیبرمان لەخۆدەگرێت بە پاڵپشتی لیستی عەرەبی هاوبەش ، بەڵام بەبێ‌ بەشداریی لە ئیئتیلافدا.
پێشبینی دەكرێت رووكردنە هەڵبژاردنی سێیەمی پەرلەمانی بێتەئارا، گەر ئەم ئاستەنگانەی ئێستا درێژەیان كێشا و هیچ حزبێك نەیتوانی حكومەتی ئیئتیلافی پێكبهێنێت.
ئەم دەراویشتانە وایانكردووە ریڤلین سەرۆكی دەوڵەت زۆرترین گرنگی هەبێت لە ئێستای ئیسرائیل كە وتوێژەكانی لەگەڵ حزبەكان لە كنێست دەستپێكردووە، بەر لەوەی نەتانیاهۆ یان گانتس بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ بە پشتبەستن بە راسپاردەی حزبەكان پێكبهێنرێت.
بەپێی نەریتەكارپێكراوەكان، سەرۆك مۆڵەتی 28 رۆژ دەداتە ئەو كەسەی كە بۆ پێكهێنانی حكومەت رادەسپێرێت و دەكرێت 14 رۆژی تری بۆ درێژبكاتەوە. گەر شكستیهێنا لە هەوڵەكانیدا، لەو كاتەدا سەرۆك كەسێكی تر بۆ ئەركەكە رادەسپێرێت، لەو دەمەشدا هەموو ئەگەرەكان كراوە دەبن لەوانەش ئەگەری رۆیشتن بەرەو هەڵبژاردنەكان بۆ جاری سێیەم لەماوەی كەمتر لە ساڵێكدا، ئەمەش بە رووداوێكی بێ‌ پێشینە لە مێژووی ئیسرائیلدا دادەنرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*