سەرەکی » وتار » د.به‌ختیار شاوه‌یس‌ » نوێبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی له‌ ره‌فتارەوە تا روخسار

له‌ كۆنگره‌ی چواره‌م

نوێبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی له‌ ره‌فتارەوە تا روخسار

– 5 –

یەكەم/ نوێبوونەوەی عەقڵ (فكر) كە باس لە عەقڵی حزبی دەكرێت لەم وتارەدا سەرباری جیاوازییەكانیان، بەڵام لێرە مەبەست لێی فكری حزبەكەیە، بەو پێیەی كە هێڵە گشتییەكانی نووسینەكە دەیەوێت، دیدێكی ئەنسرۆپۆلۆژی بەخۆیەوە ببینێت. هەربۆیە عەقڵی حزبی بەمانایەكی راستەوخۆ ئەو فكر و رێبازە دەگرێتەوە كە هێزە سیاسییەكە جیهانبینی و ئاراستەی كاری رێكخراوەیی و پەیوەندییە ناوخۆیی و رایەڵی دیپلۆماسی و تێڕوانینی حوكمڕانی لەسەر دادەڕێژێت و هەوڵ دەدات لەبازنەی جیهانبینییە تایبەتییەكەی خۆیدا شوێنی زۆرینەی تێڕوانین و بیركردنەوەكانی دیكەی كۆمەڵگەكەی و ئەو فەزا كۆمەڵایەتییە بكاتەوە كەتیایدایە. لەم سۆنگەیەوە، چەندە عەقڵ گرنگ و كاریگەرە بۆ ژیانی مرۆڤ و تاكە فاكتەری جیاكەرەوەیەتی لە بوونەوەرەكانی دیكە و هەروەها بایەخ و گرنگی ئەم مرۆڤە بەشێوەیەك لەشێوەكان دەرهاویشتەی سنوورەكانی بیركردنەوەی عەقڵیەتی و كەسایەتی و پێگەی كۆمەڵایەتی و تەنانەت لایەنی ئابووری و بژێوی ژیانی بەستراوەتەوە بەچۆنێتی بەكارهێنانی عەقڵی وەك ئەوەی كە دەوترێت هەموو كەسێك نانی عەقڵی دەخوات. بەهەمانشێوە حزبی سیاسی بەرهەمی ئەو فكرە دەچنێتەوە كە هەڵگریەتی و كردوویەتییە دوورنمای داهاتووی خۆی.
پارتی سیاسی بۆ ئەوەی بتوانێت زۆرترین جەماوەر لە دەوری خۆی كۆبكاتەوە و دواجار ببێتە براوەی گەمەی دیموكراسی و زۆرینەی سندوقەكانی دەنگدان بەلای خۆیدا یەكلابكاتەوە، پێویستە بەبیرێكی ورد و بەوریایی و دیقەتەوە شەن و كەوی ئەم مەسەلەیە بكات و فكرێك بكاتە رێبازی خۆی كە سەردەمییانە و گونجاو بێت و توانای وەڵامدەرەوەی پرسیارە هەنوكەییەكانی كۆمەڵەكەی خۆی هەبێت و خەیاڵ و چاوەڕوانییەكانی تاكەكانی تێر بكات و خوێندنەوەی بۆ كۆی گرفت و كێشە و قەیرانەكانی كۆمەڵ هەبێت و لایەنە باش و خراپەكانی ئەم فكرە و كاریگەرییانەی لەسەر ئایندە هەڵاوێرد بكات. هەر بۆیە فكری حزبێك كە لە قۆناغی رزگاریی نیشتمانیدایە، پێویستە جیاواز بێت لەو فكرەی كە بۆ سەردەمی شار و حوكمڕانی و رایەڵەكانی خزمەتگوزاری هاووڵاتیانە، هەروەها فكرێك كە بۆ كۆمەڵگەیەكی ئایینی و پەیوەست بە بنەماكانی مەزهەب و تائیفەوە جیاوازە لەوەی كە بۆ كۆمەڵگەیەكی دوور لە ئایین و سروتەكانی مەزهەب دادەڕێژرێت. لە پەیوەندیدا بەمەسەلەی فكر و كاریگەرییەكانی لەسەر ژیانی رێكخراوەیی و ئاراستەی سیاسی و ستراتیژی نەتەوەیی تا رادەیەكی زۆر یەكێتیی توانیویەتی عەقڵانی كارلێك لەگەڵ فكردا بكات و هەڵبژاردەیەكی راست و تەندروست ئەنجام بدات، بەو پێیەی كە لە سەروبەندی خەباتی شاخ هەڵگری فكرێك و پاشان لە دوای راپەڕینەوە فكرێكی دیكەی دیاری كرد كە هەڵقوڵاوی لێكدانەوەیەكی سەردەمیانە بوو بۆ قۆناغی دوای داگیركاری و ئازادییەكانی كۆمەڵگە و دەركەوتنی وەك هێزیكی خاوەن دەسەڵات و حوكمڕانی. هەر بۆیە بە خوێندنەوەی ئەو گۆڕانكارییانەی كە كوردستان و ناوچەكە و دنیای دەرەوەشی گرتبۆوە و كۆتایهاتنی جەنگی سارد و رووخانی دیواری بەرلین، كۆنگرەی یەكەمینی خۆی بەست و فكری سۆشیال دیموكراتی كردە ئەلتەرناتیڤی ئەو فەلسەفەیەی كە بتوانێت چارەسەری گرفتە خودییەكانی مرۆڤی كورد و قەیرانە بابەتییەكانی كۆمەڵی كوردستانی بكات.
لەو سەردەم و هەلومەرجەدا، هەڵبژاردنی ئەم فكرەیە هەروا لەخۆڕا و بێ مەغزا نەبووە، بەڵكو دەرهاویشتەی خوێندنەوەیەكی قوڵی باری سۆسیۆلۆژی و سایكۆلۆژی و فەرهەنگی و ئایینی و سیاسی پێكهاتەی كۆمەڵگە بووە و سەرباری ئەمەش كێشمەكێشە نێودەوڵەتییەكانیش لەبەرچاو گیراوە، بەو پێیەی كە ئەم فكرە تەركیز دەكاتە سەر دامەزراندنی دەوڵەتێكی خۆشگوزەران (دولة الرفاه) بەشێوەیەك كە دادپەروەری كۆمەڵایەتی و هاووڵاتیبوون و یەكسانی و هاریكاری (سۆڵیدارێتی) لەناو كۆمەڵگەكەدا رەنگبداتەوە. لەم دیدەوە سۆشیال دیموكرات ئەگەر بەرمەبنای فكر و رێبازی ئەو پارتە سیاسییانە بێت كە دەیانەوێت لە رێگەی سندوقەكانی دەنگدانەوە بگەنە دەسەڵات دوور لە بەكارهێنانی زەبر و زەنگ و توندوتیژی و بەشێوەیەك كە جیاوازییە چینایەتییەكان بوونی نەبێت، ئەوا لەنێوان فكر و فەلسەفە جیاوازەكانی وەك چەپ، لیبراڵ، سۆسیالیزم، ناسیۆنالیزم، راستڕەو، ئایینی رادیكاڵی… هتد، سۆشیال دیموكرات باشترین هەڵبژاردەی دوورنما بووە بۆ سەردەم و قۆناغە سیاسییەكەی كۆمەڵی كوردستان، بەڵام بابزانین چۆن؟

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*