سەرەکی » راپۆرت » ئه‌م هاوینه‌ گه‌شتێكم كرد بۆ هه‌ورامان به‌ڵام چیم دی !!:

ئه‌م هاوینه‌ گه‌شتێكم كرد بۆ هه‌ورامان به‌ڵام چیم دی !!:

پرۆفیسۆر دكتۆر شه‌وبۆ بیاره‌یی

یه‌كه‌م : سه‌رچاوه‌ی زه‌ڵم هاوار ئه‌كات وئه‌ڵی فریام كه‌ون خه‌ریكه‌ ئه‌خنكێم !!!
جاران كاتێك كه‌ ئه‌گه‌یشتینه‌ ناو دێی ئه‌حمه‌دئاوا هه‌ر له‌ئوتوموبیله‌كه‌ دائه‌به‌زین ئه‌و دیمه‌نه‌ جوانه‌مان ئه‌هاته‌ به‌رچاو كه‌هه‌ستێكی وای پێ ئه‌داین وامان ئه‌زانی تازه‌ له‌ دایك بووین مێشكی ئه‌سرینه‌وه‌ له‌ هه‌موو ماندوبوونی كێشه‌و چه‌له‌مه‌كانی ژیان و له‌ نه‌خۆشی فشاری ده‌روونی و ماندوبوونی مێشك و هه‌وكردنی گه‌ده‌مان له‌ بیرئه‌كرد به‌بینینی ئه‌و پرده‌ ده‌ستكرده‌ كۆنه‌ جوانه‌ و هاژه‌ هاژی ئه‌و چه‌مه‌و ئاوه‌ سازگاره‌ سارده‌ جوانه‌، دیمه‌نێكی وا جوانی ئه‌دا به‌و ناوچه‌یه‌ ره‌نگه‌ هه‌ر دیمه‌نه‌كانی به‌هه‌شت به‌م شێوه‌یه‌ بێت، به‌ڵام زۆر زۆر به‌داخه‌وه‌ ئێستا هه‌موو ئه‌و دیمه‌نه‌ جوانه‌ نه‌ماوه‌ ئه‌و دار گوێزانه‌ جوانانه‌ كه‌ سه‌یران كه‌ران له‌ ژێر سێبه‌ره‌كه‌یدا ئه‌حه‌سانه‌وه‌ بووه‌ به‌دوكان، به‌ڵام با به‌لای كه‌میه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رده‌میانه‌ و سه‌رنج راكێشراو بوایه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ هاوینه‌ هه‌وارێكی زۆر جوانه‌ به‌دڵنیایه‌وه‌ ئاینده‌یكی زۆر باشی ئه‌بێت .
با لێردا بوه‌ستین و به‌ره‌و سه‌ر چاوه‌كه‌ برۆین كه‌ گه‌یشتینه‌ سه‌رچاوه‌ كه‌خۆزگه‌ له‌و كاته‌دا زه‌وی سه‌ر و ژێر ببوایه‌ نه‌وه‌ك چاووم به‌و وێنه‌یه‌ بكه‌وتایه‌ !!! ئایا چیم دی ؟؟ زنجیره‌ قادرمه‌م دی كه‌ هه‌تاكو ئێستا له‌ هیچ ولاتێك و شارستانیه‌ك و شار شارۆچكه‌كانی جیهان ته‌نانه‌ت له‌ فلیمه‌ كارتۆنیه‌كانیشدا شتی وامان نه‌دیبو !! ژماره‌یان زۆر زۆره‌ و به‌رزن به‌رزایان به‌ قه‌د به‌رزایی شاخه‌كانه‌، به‌راستی نه‌متوانی بیانژمێرم له‌به‌ر تووڕه‌یی و ته‌نگه‌نه‌فه‌سی، چونكه‌ نابێت ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان له‌(40) ساڵ زیاتر بێت سه‌ركه‌ون، و هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ش كه‌ ته‌نگه‌نه‌فه‌سی و .. پاڵه‌ په‌ستۆی خوێنیان هه‌یه‌.. له‌گه‌ل نه‌خۆشیه‌كانی دڵ و .. بڕبڕه‌ی پشت و سه‌وه‌فان وئازاری قاچیان هه‌یه‌.. نابێت سه‌ركه‌ون بۆ بینینی سه‌رچاوه‌كه‌، ئه‌بێت پێش ئه‌وه‌ی بڕۆیت سه‌ردانی پزیشك بكه‌یت بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیات بكات كه‌هیچ ئه‌وخۆشیانه‌ت نیه‌، واته‌ ته‌نها ئه‌وانه‌ ئه‌توانن سه‌ركه‌ون كه‌گه‌نج بن و زۆر ته‌ندروستیان باش بێت.. پێویسته‌ وزاره‌تی گه‌شتیاری تیمێكی ته‌ندروستی دابنێت بۆ ئه‌وه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ بۆ ئه‌وكه‌سانه‌ بكات كه‌ سه‌رئه‌كه‌ون، بۆ به‌رگریكردن له‌وانه‌ی توانایان نیه‌ و ته‌ندروستیان ته‌واوه‌ نیه‌ و ته‌مه‌نیان له‌خوار (40) چل ساڵه‌ و به‌ساڵاچوان نابێت برۆن گه‌شت و گوزار بكه‌ن ئه‌و سه‌رچاوه‌ جوانه‌ ببینن، من خۆم یه‌كیك بوم له‌وانه‌ هه‌تاكو سه‌ر كه‌وتم سێ جار له‌سه‌ر ئه‌و قادرمه‌پیسسانه‌ دانیشتوم و گۆچانیكیشم كڕی ئینجا توانیم سه‌ركه‌وم و ئه‌و قادرمانه‌ یه‌ك له‌سه‌ر یه‌ك دانراوه‌ قه‌باره‌ی هه‌ر قادرمه‌یه‌ك بریتیه‌ له‌ تونێك چیمه‌نتۆ كه‌ ناشیترین دیمه‌نی هه‌یه‌ و ئه‌م قادرمانه‌ نه‌شازانه‌ سه‌رچاوه‌كه‌یان گۆریوه‌، ئه‌وچیمه‌نتۆیه‌ له‌ویدا سه‌رف كراوه‌ به‌شی ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی هه‌موو هه‌ورامانی ئه‌كرد، و ئه‌م لاو ئه‌و لای چه‌ند دووكانێ به‌شێوه‌یه‌ك زۆر ئاسایی دروست كراوه‌.
واته‌ به‌هیچ جۆریك گه‌شتیار ئه‌و دیمه‌نه‌ جوانه‌ی باخ و چیا و چه‌مه‌كه‌ی ئه‌حمه‌د ئاوا نابینێت، به‌ته‌واوبوونی قادرمه‌كان و ماندوو بوونێكی زۆر گه‌یشتینه‌ سه‌رسه‌كۆیه‌كی بچووك ته‌نیا (20) كه‌سی چێ ئه‌بێته‌وه‌ گه‌رچی به‌پێوه‌ بوستن چێ هیچ حه‌سانه‌وه‌یه‌كی نیه‌ له‌ دوای ئه‌و هه‌موو ماندوبوونه‌، به‌هه‌ر جۆرێك بوو به‌پاڵه‌په‌ستۆ توانیمان سه‌رچاوه‌كه‌ ببینین، چونكه‌ كه‌سانێكی زۆری لێ بوو و ئه‌و دیمه‌نه‌ سروشتیه‌ی كه‌ یه‌زدانی گه‌وره‌ پێ به‌خشیوین كه‌ یه‌كێك له‌ سه‌رچاوه‌ جوانه‌كانی جیهان، به‌ڵام به‌ هه‌زار جار داخه‌وه‌ كه‌وته‌ ده‌ستی مرۆڤی له‌ نیوه‌دا بڕیویانه‌ته‌وه‌ كه‌س ناتوانێ هه‌تاكو خواره‌وه‌ سه‌یری بكات، وه‌كو جاران كه‌ئه‌و ئاوه‌ جوانه‌ ئه‌هاته‌ خواره‌وه‌ داپۆشراوه‌ ئه‌و سروشته‌ جوانه‌ كه‌ئاوه‌كه‌ ئه‌كه‌وێته‌ سه‌ر زه‌وی نادیاره‌ چه‌مه‌كه‌ نابینرێت، ئه‌وه‌ی راستی بێت گه‌وره‌یی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ داپوشراوه‌ چاره‌كێكی ماوه‌ خه‌ریكه‌ ئه‌خنكێت!!! و پڕ به‌دڵیه‌وه‌ هاوار ئه‌كات و ئه‌ڵیت ئه‌ی هاوار خنكام به‌ ده‌ست كرداری مرۆڤه‌وه‌ فریام كه‌ون ! ..هه‌ر وه‌كو ژان ژاك رۆسۆ وتویه‌تی
هه‌موو شتێك له‌سروشتدا باشه‌، هه‌موو شتێك وێران ئه‌بێت كه‌ ئه‌كه‌وێته‌ ده‌ستی مرۆڤ.
به‌ڕێزان نازانم ئه‌و حیكمه‌ته‌ لێردا چیه‌؟ سه‌رچاوه‌ هه‌تاكو به‌رزبێت دیمه‌نكه‌ی جوانتره‌، به‌ڵام سه‌رچاوه‌ی زه‌ڵم كورت كراوه‌ته‌وه‌ و هه‌ر گه‌نجان ئه‌توانن ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ببینن !! و ماندوبونێكی زۆر ئه‌كه‌وێته‌ سه‌ر گه‌شتیاران !
به‌رێزان له‌ كاتی دیزانی ئه‌و پرۆژه‌ گرنگه‌یه‌ ئه‌بوایه‌ رای چه‌ند پسپۆر و شاره‌زایكتان وه‌ركرتایه‌ یان ئه‌نترنێتتان به‌كاربهێنایه‌ بیری ساڵانی ئاینده‌تان بكردایه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ هاوینه‌ هه‌واریكی زۆر خۆش و جوانه‌ وهه‌موو ساڵێك ناگۆرێت ئینجا دروستان بكردایه‌ خۆ ئه‌مه‌ كه‌می تێ نه‌چوه‌ له‌باتی ئه‌و دیمه‌نه‌ ناشیاوه‌ پیس وپۆخله‌ یان ئه‌و كاره‌ساته‌ كه‌ به‌سه‌ر سه‌رچاوه‌كه‌تان هێناوه‌ رێگه‌كه‌تان بۆ باش بكردایه‌ یان دوو كازینۆ و چایخانه‌تان دروست بكردایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شتیاران تیابحه‌سانه‌وه‌ باشترنه‌بوو؟. داواكارم كه‌ به‌رێز به‌رێوه‌به‌ری گه‌شت و گوزار سه‌ر دانێكی ئه‌و كاره‌ساته‌ بكات هه‌تاكو بزانێت كه‌ گه‌شتیار چه‌ند ئازار و ناخۆشی پێ ئه‌گات بۆبینینی ئه‌و سروشته‌ جوانه‌؟ له‌ باتی گه‌شتیار هه‌ستی خۆش و له‌خه‌موو خه‌فه‌ت وناخۆشیه‌كانی ژیانی له‌ بیر بكات، كه‌چی ئه‌بێت رۆژیك یان چه‌ندرۆژیك پشو بدات !!!.
به‌ڕیزان نازانم به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گه‌شت و گوزار چۆن داوا ئه‌كات كه‌ گه‌شتیار له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم وڵات بێن بۆ ئه‌حمه‌د ئاوا و سه‌یری ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ بكه‌ن ؟ من لام وایه‌ كه‌ هیچ لێپرسیارێك له‌ دوای ئه‌و كاره‌ساته‌ كه‌ به‌سه‌ر ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ هاتووه‌ سه‌ردانیان نه‌كردوه‌ یان نه‌یتوانیوه‌ به‌سه‌ر ئه‌و قادرمانه‌دا سه‌ركه‌ون.
داواكارین له‌ به‌رپرسانی گه‌شت و گوزار ئه‌كه‌م كه‌ ئه‌و دیكۆره‌ی دروستتان كردوه‌ وه‌كو خۆی لێبكه‌رێته‌وه‌ هه‌لبوه‌شێته‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ی بینینی سه‌رچاوه‌كه‌ بۆ هه‌مووان بێت نه‌وه‌ك تایبه‌ت بێت بۆ گه‌نجان .

دووه‌م: چه‌می بیاره‌:
چه‌می بیاره‌ سه‌ر چاوه‌كه‌ی له‌هانه‌ گه‌رمه‌ڵه‌وه‌ كه‌ دێیكی ئیرانه‌ شارۆچكه‌ی بیاره‌ ئه‌كات به‌ دوو به‌شه‌وه‌ دیمه‌نێكی زۆر جوانی ئه‌دا به‌ ناوچه‌كه‌ هه‌میشه‌ پڕ بوو له‌ قاز و مراوی وهاژه‌ی ئه‌و ئاوه‌ هیچ سمفۆنیایه‌كی … باخ و…بتهۆڤن و…مۆزارت و…شۆبانی .. پێ ناگات هه‌ر وه‌كو ده‌نگی شمشاڵه‌كه‌ی خواڵێخۆش بوو مینه‌ی لولك ژه‌نی ئه‌بیسترا و به‌تایبه‌تی له‌ كاتی شه‌ودا، به‌ڵام كه‌ چووینه‌ ناو بیاره‌وه‌ ئه‌بینین چه‌مه‌كه‌ نه‌ماوه‌ دوای پرسیار بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌ سه‌ریان ناوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ خه‌لك شتی تیا فرێ ئه‌ده‌ن، و ئه‌و ماوه‌یه‌ كه‌متره‌ له‌ (50) مه‌تر كه‌ شارۆچكه‌كه‌ی جوان كردبوو، جوانی شاران به‌ روبارو ئاوه‌وه‌ ده‌ر ئه‌كه‌ویت زۆر شار هه‌یه‌ پێان ئه‌ڵین وشكه‌ شار و شاره‌وانیه‌كانیان به‌ هه‌موو جۆریك هه‌وڵ ئه‌ده‌ن تاوه‌كو سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاویان بۆ دروست بكه‌ن، ئیستا شاره‌وانی هه‌ولێر وای نیازه‌ كه‌ روباری زێی بهێنێته‌ ناو هه‌ولێره‌وه‌، به‌ڵام شاره‌وانی بیاره‌ چه‌مه‌كه‌ی داپۆشیوه‌ !!! له‌ باتی حه‌وز فواره‌ دروست بكات كه‌ چی ئاوه‌كه‌ی شاردوه‌ته‌وه‌ !!! ئایا ئه‌و شاره‌وانیه‌ ناتوانێت 50 مه‌تر كونترۆل بكات، و هه‌ر گه‌شتیارك ئه‌گاته‌ ناو بیاره‌وه‌ چاوی به‌ (مله‌گای چناران) ئه‌كه‌وێت تاوه‌كو ئه‌گاته‌ناو بیاره‌ گێژو سه‌رسام ئه‌بێت له‌و جوانیه‌ی كه‌كرداری یه‌زدانی گه‌وره‌یه‌، و هه‌ست و جۆش و خۆشیه‌كی وای بۆ یه‌ت له‌و دیمه‌نه‌ جوانه‌ و بۆنی ئه‌و دارمیوانه‌ هه‌رسه‌رسام ئه‌بێت، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ هیچ شۆێنێك نیه‌ پشووی تیابدات كه‌ بتوانێ ته‌نیا پێنج خوله‌ك بمێنێته‌وه‌ ناچار ئه‌بێ له‌ ناو ئوتومبیله‌كه‌یدا ئاو یان ساردێك بخواته‌وه‌ .
له‌ ساڵی په‌نجاكاندا كه‌ پاشا (فه‌یسه‌ڵی دووه‌م) گه‌شتێكی كرد بۆ هه‌ورامان ئه‌وه‌نده‌ شارۆچكه‌ی بیاره‌ی به‌ڵاوه‌ جوان بوو فه‌رمانی دابوو كه‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌ك دروست بكه‌ن بۆ نه‌خۆشه‌كانی سیل، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ته‌واو نه‌كرا و هه‌تاكو ئیستاش بناغه‌كه‌ی ماوه‌ .
جاران له‌مه‌و پێش حه‌وز فواره‌كه‌ی باغی شێخ له‌گه‌ل چه‌مه‌كه‌دا جوانترین وینه‌یان ئه‌دا به‌ ناو بیاره‌، خۆزگه‌ ئیستاكه‌ بابخانه‌ یه‌كیان یان چایخانه‌یه‌كیان له‌وبه‌ری چه‌مه‌كه‌وه‌ دروست بكردایه‌ هه‌ر به‌شێوه‌ی كه‌پر و ئه‌و حه‌وز و ئاوه‌یان نۆژه‌ن بكردایه‌ته‌وه‌ بیاره‌یان ئه‌گرانده‌وه‌ وه‌كو جاران جوانترین وێنه‌ی ئه‌دا به‌ گه‌شتیاران و شارۆچكه‌كه‌، هه‌روه‌ها چانسێكی یان ده‌رفه‌رێیكی ئه‌دا به‌ هه‌ندی گه‌نجان كه‌ بكه‌ونه‌ ئیش و جوڵانه‌وه‌یه‌كی ئه‌خسته‌ ناو بیاره‌ وه‌ .
به‌رێز به‌رپرسی شاره‌وانی بیاره‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دیمه‌نه‌ جوانه‌ بگه‌رێنیته‌وه‌ بۆ ئه‌و شارۆچكه‌ جوانه‌ كه‌ ئه‌ڵی به‌هه‌شته‌ پلانێكی باشی بۆ بكه‌ن بڕیارێك ده‌ربكه‌ن سزای ئه‌و كه‌سانه‌ بده‌ن كه‌ خۆڵ خۆشاك فڕی ئه‌ده‌ن ته‌نیا (10000) دینار بێت ، با بزانین كه‌س هیچ فڕێ ئه‌دات، هیوادارین شاره‌وانی بیاره‌ ئه‌و دیمه‌نه‌ جوانه‌ و ئه‌و ئاواز و سمفونیه‌ خۆشه‌ بگه‌ڕینێته‌وه‌ بۆ دانیشتوانی به‌رێزی بیاره‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*