سەرەکی » دۆسێ » ئەمریكا:سزای زیاتر بەسەر ئێراندا دەسەپێنین

ئەمجارە پەیوەندی بە خۆپیشاندانەكانەوە هەیە

ئەمریكا:سزای زیاتر بەسەر ئێراندا دەسەپێنین

خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییەی ئێران كە بەهۆی گرانبوونی نرخی بەنزینەوە لە زۆربەی ناوچەكانی وڵاتەكە بەرپاكران و دواتر لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە سەركوتكران، سەركوتكردنە ناڕەزایی نێودەوڵەتی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەمریكا هەڕەشەی سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر وڵاتەكەدا دەكات بەو هۆیە، یەكێتی ئەوروپاش داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران كردبوو خۆیان لە تووندوتیژی بەدووربگرن.

سەپاندنی سزای زیاتر
لەو چوارچێوەیەدا مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جارێكی تر پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ گەلی ئێران دوپاتكردەوە و رایگەیاندبوو،» سزای زیاتر بەسەر كۆماری ئیسلامی ئێراندا دەسەپێنین.
پاش بڵاوبونەوەی راپۆرتی رێكخراوی چاودێری سەربە نەتەوە یەكگرتوەكان لەبارەی توندوتیژییەكانی ئەمدواییەی ئێران و پێشێلكردنی مافی هاوڵاتیانی ئێرانی، مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە 26ی تشرینی دووەمی 2019 رایگەیاندبوو» بەردەوام دەبن لەسەر سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێران».
پۆمپیۆ بە رۆژنامەوانانی رایگەیاندبوو، نزیكەی 20 هەزار وێنە و تۆماریی ڤیدیۆیی و بەڵگەنامەیان لەبارەی پێشێلكارییەكانی ئێرانەوە دژبە هاوڵاتیانی مەدەنی بەدەستگەشتووە و ئەوانیش بەردەوام دەبن لەسەر سەپاندنی سزا بەسەر دەسەڵاتدارانی وڵاتەكە.

ئەوروپاش ئیدانەی دەكات
هەر لەو بارەیەوە رێكخراوی چاودێری سەربە نەتەوە یەكگرتوەكان كە بارەگاكەی لە لەجنێڤە، راپۆرتێكی لەبارەی پێشێلكارییەكانی ئێرانەوە پێشكەشكرد، و تێیدا ئاماژەی بەو پێشێلكارییە زۆرە كردبوو كە بەرانبەر خۆپیشاندەران ئەنجامدادراوە، داتاو زانیارییەكانی لەو بارەیەوە خستبووەڕوو.
هەر لەو چوارچێوەیەدا یەكێتی ئەوروپا پرسە و سەرەخۆشی بۆ بنەماڵەی قوربانیانی ئەم دوواییەی خۆپیشاندانەكانی ئێران رەوانەكردبوو، داواشی لە دەسەڵاتدارانی ئێران كردبوو حۆیان لە توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەران بەدووربگرن.
یەكێتی ئەرووپادا لە پەیامێكیدا رایگەیانبوو “خەڵكی ئێران بەهۆی هەژاری و برسێتی ڕاپەڕیون، بۆیە دەسەڵاتی ئێران دەبێت لەگەڵیان لە سەرخۆ بن خۆیان لە توندوتیژی و بەكارهێنانی هێز لە دژییان بەدووربگرن».
هەر لەو رووەوە وتەبێژی سیاسەتەكانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا داوا لە ئێران كردبوو، لەپێناو بۆچارەسەركردنی كێشەكان گفتووگۆ بكەن.

ئێران هەڕەشە دەكات
لەدوای خامۆشبوونی خۆپیشاندانەكان كە لە 15ی تشرینی دووەمی 2019 لە پارێزگەكانی ئێران دەستییان پێكرد لە دژی گرانبوونی بەنزین، فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران، هەڕەشە تێكشكاندنی لە ئەمریكا و بەریتانیا و سعودیە كرد، گەر هێڵە سورەكانی وڵاتەكەی تێبپەڕێنن.
ئاژانسی (تەسنیم)ی ئێرانی لە زاری لیوا حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویكردبووەوە “هەر كەسێك بیەوێت زیان بە گەلی ئێران بگەیەنێت، وەها سزادەدرێت، كە ببێتە پەند بۆ ئەوانی تر، لێبوردنمان زۆر بوو، بەڵام دەبێت بەئاگابن، چونكە ئارامگرتنمان سنووری هەیە”.
بە گوتەی سەلامی، “ئێمە لە جەنگێكی جیهانی گەورەداین و ئێرانییەكان لەم ساتەدا شكست بە هەموو هێزەكانی ئیستیكباری جیهانی دەهێهنن، ئەو جەنگەی لەم چەند ڕۆژەی دواییشدا لە شەقامەكانمان ڕوویدا، سیناریۆیەكی جیهانی بوو، كۆتایی هات”.
فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران، بە ئەمریكا و بەریتانیا و سعودیەشی راگەیاندبوو، “گورزی ئێمەتان بەركەوت و توانای وەڵامدانەوەتان نەبوو، جیهان هەندێك لەو لێدانانەی بینی و هەندێكی تری نەبینی، بەڵام گەر هێڵە سورەكانمان ببەزێنن تێكتاندەشكێنین”.
سەلامی پێیوایە، “دوژمنەكانمان هێز و توانای نەماوە، توانا سەربازییەكانیان لە كەمبوونەوەدان، هیچ هێزێك توانای ئەوەی نییە ڕووبەڕووی سوپای پاسداران و سوپای ئیسلام ببێتەوە”.

زیانی خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییە
بەرپرسی یەكێتی بازرگانی ئێران رایگەیاندبوو بەهۆی خۆپیشاندانەكانی ئەم ماوەیەی دوایی وڵاتەكەوە، ئێران نزیكەی 200 ملیۆن دۆلار زیانی پێگەیشتووە.
ئەمیر خەسرەو بەرپرسی یەكێتی بازرگانی ئێران، بە میدیاكانی وڵاتەكەی رایگەیاندبوو، بەهۆی خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییە چەندان شوێنی گشتی زیانیان بەركەوتووە و تەواوی زیانەكانیش نزیك دەبێتەوە لە 200 ملیۆن دۆلار.
پێشتر عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند، ئەوەی لە ئێران ڕوودەدات خۆپیشاندانی جەماوەری نییە و بابەتێكی ئەمنییە.

بەشداربوانی خۆپیشاندانەكان دەستگیردەكرێن
فەرماندەی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای كرماشان، دەستگیركردنی 12 خۆپیشاندەر لە شارەكانی كرماشان و جوانڕۆ ڕادەگەیەنێت.
ئاژانسی (فارس)ی ئێرانی لە زاری عەلی ئەكبر جاویدان، فەرماندەی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای كرماشان بڵاویكردۆتەوە، “ئەو تۆمەتەی ڕووبەڕووی ئەو 12 خۆپیشاندەرە كراوەتەوە، هاندانی هاووڵاتیانە بۆ نانەنەوەی ئاژاوەگێڕی و دەستدرێژكردنە سەر سامانی گشتی و پەلاماردانی هێزەكانی پۆلیس”.
پێشتر حسێن تەقەوی حسێنی، وتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتەكانی دەرەوە لە پەڕلەمانی ئێران ڕایگەیاندبوو، “دەسەڵاتداران تائێستا 7 هەزار كەسیان دەستگیر كردووە”.
لای خۆیەوە، رهام بەخش حەبیبی، فەرماندەی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای فارسی ئێرانی، دەستگیركردنی 15 كەسی سەرەكی ڕاگەیاندبوو، كە بە وتەی ئەو، “دەستییان لە ئاژاوەگێڕییەكانی شاری شیرازدا هەبووە”.
وەك ناڕەزایی بەرانبەر بە گرانكردنی نرخی بەنزین لەلایەن حكومەتەوە، لە 15ی تشرینی دووەمی 2019، خۆپیشاندانی فراوان زۆربەی پارێزگاكانی ئێرانی گرتەوە و بۆ ماوەی 5 ڕۆژ درێژەی كێشا و تێیدا بە گوتەی ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، دەیان كەس كوژراون، ئەو ژمارەیەش لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە رتكرابووەوە.

print

 89 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*