سەرەکی » دۆسێ » پرۆسەی سیاسی عیراق لە دوای عەبدولمەهدی

باس لە حكومەتی نوێ‌ دەكرێت

پرۆسەی سیاسی عیراق لە دوای عەبدولمەهدی

سەركردە سیاسییەكان لەبارەی ئەم قۆناغەی پرۆسەی سیاسی لە عیراق، راوبۆچوونەكانیان دەخەنەڕوو، هەندێك پێیوایە دەبێت سەرۆكی حكومەتی داهاتوو لە گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندانەوە هەڵببژێردرێت و هەندێكی تر پێیانوایە گەیشتووەتە بنبەست و تەواوی سیستمەكە هەڕەشە و مەترسییەكی راستەقینەی لەسەر دروستبووە، هەندێكی تریش پێكهێنانی حكومتەتێكی نوێ‌ بە چارەسەر دادەنێن و پێیانوایە، بۆ دەرچوون لەم رەوشە ناهەموارەی ئێستا، پێكهێنانی حكومەتێكی سەربەخۆ دەبێتە چارەسەر.

سەدر و گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان
موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتی سەدر، لە دوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران لە پۆستەكەی ڕایگەیاندبوو، دەستلەكاركێشانەوەی عەبدولمەهدی واتای كۆتایی گەندەڵی ناگەیەنێت.
سەدر لەڕێی تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر)ەوە لە 30ی تشرینی دووەمی رابردوو 7 خاڵی پێشنیار كردووە بۆ قۆناغی پاش دەستلەكاركێشانەوەی حكومەت كە بریتین:-
1-هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیران لەڕێی ڕاپرسییەكی میللی لە گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان.
2-كاركردنی بۆ دامەزراندنی ئەنجومەنی بنبڕكردنی گەندەڵی كە دادوەرە كارامە و لێوەشاوەكان لەخۆبگرێت و بوێری ئەوەیان هەبێت لێپرسینەوە لەوانە بكەن كە گەندەڵییان كردووە و گەندەڵی دەكەن.
3-سەرۆك وەزیرانی نوێ‌ كابینەكەی هەڵببژێرێت بەدوور لە حزب و فراكسیۆن و میلیشیا و پشكداری تایەفەگەری و حزبی و نەتەوەیی و هاوشێوەكانی.
4-بەگەڕخستنی دادوەریی بەدوور لە دروشمە پەرلەمانییەكان كە گەندەڵی هەندێك لە ئەندامەكانی لە حكومەت كەمتر نییە.
5-داوا لە هەموو ئەوانە دەكەم كە هاوسۆزن لە پەرلەماندا، خۆیان نەخزێننە نێو پێكهێنانی حكومەت، تەنیا لەڕێی دەنگدان بە بڕوای خۆیان و وەرگرتنی ڕای گشتی گەل بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ و بەسەرپەرشتی سەربەخۆ و ناگەندەڵ.
6-درێژەدان بە خۆپیشاندانی ئاشتیانە و مامەڵەنەكردن لەگەڵ ئەوانەی توندوتیژییان لە دژی خۆپیشاندەران بەكارهێنا.
7-داوا لە وڵاتە دۆستەكان و ئەوانی تر دەكەین، هەلێك بدەن بە عیراقییەكان، تا خۆیان چارەنوسی خۆیان دیاریی بكەن.
پێشتر فراكسیۆنی سائیرون كە لەلایەن موقتەدا سەدرەوە سیاسەتەكانی هەڵدەسوڕێنرێت رایگەیاندبوو، پەرلەمانی عیراق دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی پەسەند دەكات.
فراكسیۆنی سائیرون لە 29ی تشرینی دووەمی 2019 لە بەیانامەیەكدا بە پێویستی زانیبوو، پەرلەمانی عیراق لە كۆبوونەوەیەكدا دەستلەكاركێشانەوەكەی سەرۆك وەزیران پەسەند بكات و حكومەتێكی نیشتمانی تەكنۆكرات پێكبهێنرێت.
ئەمەش لەكاتێكدایە كە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاندبوو، وەك وەڵامێك بۆ خواستی مەرجەعیەت و وەك كارئاسانییەك و خێراكردنی پرۆسەی چاكسازی، بە نووسراوی ڕەسمی داوای دەستلەكاركێشانەوەم ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەران دەكەم.

عەبادی و حكومەتی سەربەخۆ
حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر، پشتیوانی خۆی بۆ وتارەكەی هەینی رابردووی مەرجەعیەت لە نەجەف دەربڕی، داواشی لە پەرلەمان كردبو، متمانەی لە حكومەت بستێنرێتەوە و حكومەتێكی نوێی سەربەخۆ، پێكبهێنرێت.
عەبادی لە بەیاننامەیەكدا كە لە 29ی تشرینی دووەمی 2019 بڵاویكردەوە، رایگەیاندبوو”پشتیوانی لە وتارەكەی مەرجەعیەتی باڵای ئاینی دەكەین، و داواش لە پەرلەمانی عیراق دەكەین، دانیشتنی تایبەت بۆ كێشانەوەی متمانە لە حكومەت و پێكهێنانی حكومەتێكی نوێی سەربەخۆ سازبكات، و یاسایەكی هەڵبژاردنی دادپەروەرانە دابڕێژێت و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن پێكبهێنێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی بێخەوش بە هاوبەشی لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان”.
سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر، تەئكیدی لەسەر پێویستی لێپرسینەوە لە تاوانباران و بكوژانی خۆپیشاندەران كردبووەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجە نیشتمانییەكان بەدوور لە ڕشتنی خوێنی هاووڵاتیبان و زیانگەیاندن بە سامانی گشتی و تایبەت، بەپێویستیشی زانیبوو یەكێتی و یەكڕیزی نیشتمانی و سەقامگیریری وڵات بپارێزرێت، بۆ خۆبەدوورگرتن لە دروستبوونی پشێوی، یان ڕۆیشتن بەرەو نادیار و گەڕانەوە بۆ سەردەمی دیكتاتۆری.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراق لە 30ی تشرینی دووەمی 2019، دەستپێشخەرییەكی 10 خاڵی بۆ چارەسەركردنی رەوشی عیراق خستەڕوو.
عەبادی لە دەستپێشخەرییەكەیدا كە بە ناوی (دەستپێشخەری نیشتمانی)یەوە پێشكەشیكردبوو، بۆچوونی خۆی لەبارەی دەربازكردنی عیراق لە رەوشی گرژی و ئاڵۆزی بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە، خستبووەڕوو.
دیارترین خاڵەكانی دەستپێشخەرییەكەی عەبادی بریتین: لە متمانە وەرگرتنەوە لە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی و پێكهێنانی حكومەتی نوێ لەلایەن كەسێكی سەربەخۆوە لە 15/12/2019دا.
حەیدەر عەبادی داوایكردبوو، حكومەتە نوێیەكە ئەم ئەركانە لە ئەستۆ بگرێت: زامنكردنی بەشداریكردنی نوێنەری خۆپیشاندەران لە ڕێی یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری خۆپیشاندەران و بەشداریكردنی گەل لە بەڕێوەبەردنی قۆناغە كاتییەكە، هەروەها، ئازادكردنی خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەكان و ئاشكراكردنی تاوانكار و بكوژانی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان.
هەروەها داوایكردبوو، هەمواركردنی دادگەرانەی یاسای هەڵبژاردنەكان و پێكهێنانی كۆمسیۆنی نوێی هەڵبژاردن بۆ ئەنجاممدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە ماوەی شەش مانگدا كە لەلایەن كۆمەڵی نێودەوڵەتییەوە سەرپەرشتی بكرێت و حكومەتی نوێ دەستوور هەموار بكاتەوە و چەك تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بهێڵێتەوە، هەروەها كۆتایی بهێنێت بە دۆسیەی بێسەروشوێنكراوان.
عەبادی لە دەستپێشخەریەكەدا بەپێویستی زانیبوو، چاكسازی لە دادگاكاندا بكرێت و دۆسێكانی گەندەڵەی لە ڕێی پشتبەستن بە شارەزایانی نێودەوڵەتی یەكلابكرێنەوە. پشكداریش لە دامەزراوەكانی دەوڵەت نەهێڵدرێت و پشت بە پێوەری شارەزایی و لێوەشاوەیی و دەستپاكی ببەسترێت. هەروەها پابەندبوون بە سەروەری عیراق و پاراستن و ڕزگاركردنی بڕیاری عیراق لە هەر جۆرە هەژموونێكی دەرەكی داواكارییەكی تری، عەبادی بوو.

عەللاوی: هەڕەشە لەسەر تەواوی سیستمەكە دروستبووە
ئەیاد عەللاوی سەرۆكی هاوپەیمانی وەتەنیە ڕایگەیاندبوو، راپەڕینی گەل هەڕەشەی لەسەر تەواوی سیستمەكە دروست كردووە و كەس بەدەرناكات، سەرچاوەیەكیش باسی لە پاشەكشەكردنی كردبوو لە پرۆسەی سیاسی.
ئەیاد عەللاوی سەرۆكی هاوپەیمانی وەتەنیە، لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) لە 29ی تشرینی دووەمی 2019، رایگەیاندبوو”كەی ئەو تاوانبارانە دەدرێنە دادگا كە خوێنی بێتاوانەكان دەڕێژن لە نەجەف و ناسریە و شارەكانی تر؟!”.
عەللاوی دەڵێت”سزانەدانی ئەوانەی دەستییان لە كوشتارگەكاندا هەبوو، پشتیوانییەكی ناڕاستەوخۆیە بۆیان، سیاسەتی بەڕێكردنی تەنگژەكانیش كۆتایی دێت، چونكە ڕاپەڕینی گەل هەڕەشە لەسەر كۆی گشتی سیستمە دروست دەكات و كەس بەدەر ناكات”.
ئەمەش لەكاتێكدایە كە سەرچاوەیەك بە میدیا عیراقییەكانی ڕاگەیاندبوو”بەهۆی زۆربوونی خوێنڕشتنەوە، ئەیاد عەللاوی سەرۆكی هاوپەیمانی وەتەنیە، بڕیاریداوە پاشەكشە لە پرۆسەی سیاسی بكات «بەمشێوەیەی ئێستای» و كار دەكات بۆ ڕوخاندن و سەرلەنوێ‌ بنیاتنانەوەی بەشێوەیەكی ئاشتیانە”.
هەموو ئەمانە لەكاتێكدان كە لەدوای پێشكەشكردنی نامەی دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عیراق، پەرلەمانی عیراق لە 1ی كانوونی یەكەمی 2019، دەستلەكاركێشانەوەی عەبدولمەهدی پەسەند كرد.
لە كۆبوونەوی رۆژی یەك شەممەی رابردوو، پەرلەمانی عیراق بە زۆرینەی دەنگ دەستلەكاركێشانەوەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی پەسەند كرد
پێشتر پەرلەمانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو كە لە 1ی كانوونی یەكەمی 2019 كۆدەبێتەوە بە مەبەستی گفتووگۆكردن لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و یاسای هەڵبژاردنەكان لە عیراق، لە هەمان كاتدا گفتووگۆ لەسەر پرسی چاكسازی و داواكاری خۆپیشاندەران دەكات، وێڕای دەنگدان لەسەر نامەی دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران كە پێشتر پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمان كرابوو.

print

 171 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*