سەرەکی » مانشێت » 21/12/2019 كۆنگرەیە

21/12/2019 كۆنگرەیە

رۆژی 5/12، ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەسەرپەرشتیی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتیی (ی.ن.ك) كۆبۆوەو رۆژی 21/12/2019ی وەك رۆژی بەستنی كۆنگرەی چوارەم دیاریكرد.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، ئەنجومەنی سەركردایەتی، بڕیاریدا رۆژی دووشەممە 9/12 كۆنفرانسی مەڵبەندەكان، بەڕێوەبچێت.

وتەبێژ: كۆنگرە بڕیاری سەركردایەتییەو دەبەسترێت
لەدوای كۆبوونەوەكەش، لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەسەرپەرشتی بەڕێز كاك كۆسرەت، كۆبوونەوەی ئەنجامدا، پرسی یەكەم‌و گرنگ لەناو ئەم كۆبوونەوەیە مەسەلەی كۆنگرە بوو، كە هەر لە سەرەتاوە، بێ هیچ دوودڵییەك كۆبوونەوە جەختیكردەوە لەسەر ئەوەی كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتییەو دەبەسترێت، بەڵام لەبەر ئەوەی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرە لەڕووی لۆجستییەوە هەندێك كاتی پێویستە، بڕیاردرا كە 21ی ئەم مانگە كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ببەسترێ، ئەوەش دوای ئەوەی لیژنەی باڵای ئامادەكاری كۆنگرەو دەزگای هەڵبژاردن دڵنیایان كردینەوە كە ئەوەندە كاتیان پێویستە هەڵبژاردنی مەڵبەندەكان بكەن.
ئاماژەی بەوەشكرد كە دوای ئەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیاریداوە رۆژی 21ی مانگ كۆنگرەی یەكێتی بگیرێت، ئێستا پێویستمان بەوەیە ئەنجومەنی ناوەندیش بخرێتە وێنەكەوەو دوابڕیاری خۆی بدات بۆ ئەوەی ببێتە بڕیاری هەموو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.

گردبوونەوەی ئاشتیانەو هەڤاڵانە
هەمان رۆژو لەئان‌وساتی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا، لەگردبوونەوەیەكی هەڤاڵانەو ئاشتیانەدا لەبەردەم مەكتەبی سیاسی لەسلێمانی، پێشمەرگە دێرینەكان‌و ژمارەیەک لە كادیرو لایەنگرانی یەكێتی، داوایان دەكرد «كۆنگرە پێش سەری ساڵی نوێ ببەسترێت».
بۆ گوێگرتن لە هەڤاڵانی یەكێتی‌و وەڵامدانەوەیان، بافڵ تاڵەبانی، پێیڕاگەیاندن: «رۆژی دووشەممە مەڵبەندەكان كۆنفرانس دەكەن، 21ی مانگیش كۆنگرە دەكەین‌و هیچ كێشەیەكیش نییە، ئەوەی هەیە چەند كێشەیەكی بچووكی تەكنیكییەو ئیشەڵڵا چارەسەریان دەكەین»، وتیشی: یەكێتی هەڵدەستێتەوەو كۆنگرەی خۆی دەبەستێت.
دواتریش لەوتەیەكدا بۆ هەڤاڵانی ئامادەبووی بەردەم مەكتەبی سیاسی، شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ، پێیوتن: ئێستا وتەبێژی یەكێتی رۆژی كۆنگرە رادەگەیەنێت، كە دیاریكراوە، وتیشی: ئێوە بەو پەرۆشییەتانەوە خۆتان ئامادەبكەن بۆ چەند رۆژی ئایندەو دەستخۆشیشتان لێدەكەین.
هەروەها، لەوەڵامی داواكاریی هەڤاڵانی بەردەم مەكتەبی سیاسیدا، لەوتەیەكدا لاهور شێخ جەنگی، وتی: رۆژی دووشەممە كۆنفرانسی مەڵبەندەكانە‌و 21ی مانگیش كۆنگرەیە.

پەیامی پشتگیریی ئەنجومەنی ناوەندی
دوای پەیامەكەی ئەنجومەنی ناوەندی سەبارەت بەپرسی بەستنی كۆنگرەی چوارەم كە داواكراوە كۆنفرانسی مەڵبەندەكان لەم هەفتەدا بكرێت‌و كۆنگرەی چوارەمیش لەم مانگەدا ببەسترێت‌و بۆ ساڵی ئایندە دوانەخرێت، ئەنجومەنی سەركردایەتی لەكۆبوونەوەی خۆیدا، كە تەوەری سەرەكی لەسەر پرسی كۆنگرە بوو، هەردوو داواكارییەكەی ئەنجومەنی ناوەندی-یان جێبەجێكردو بڕیاریاندا كۆنفرانسی مەڵبەندەكان لەڕۆژی دووشەممە 9/12 ئەنجام بدرێت‌و كۆنگرەی چوارەمیش لە 21/12 ببەسترێ، بۆیە رۆژی 6/12 لەكۆبوونەوەی سكرتاریەت‌و لێپرسراوی كۆمسیۆنەكانی ئەنجومەنی ناوەندیدا بڕیارەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بەرزنرخێنراو پشتگیریی ئەنجومەنی ناوەندی بۆ بڕیارەكەی سەركردایەتی دەربڕی‌و هیوای خواست كە كۆنفرانسی مەڵبەندەكان‌و ئەنجامدانی كۆنگرە لەكاتی دیاریكراوی خۆیاندا ئەنجام بدرێن‌و بەهیچ شێوەیەك دوانەخرێن.
هەر لەم پەیامەدا بەدەرفەتی دەزانین كە سوپاسی ئەندام‌و كادیرو جەماوەری یەكێتی‌و سەرجەم ئۆرگان‌و رێكخراوو كۆمەڵەكانی سەر بەیەكێتی بكەین كە هاوڕاو هەماهەنگ بوون لەگەڵ ئەنجومەنی ناوەندی‌و پشتگیریی پەیامەكەی ئەنجومەنی ناوەندی-یان دەكردو خوازیاری ئەوەبوون كۆنگرە بۆ ساڵی ئایندە دوانەخرێت.
هیوادارین كۆنگرەی چوارەم كۆنگرەی نوێبوونەوەو بەهێزبوون‌و كۆكردنەوەی (ی.ن.ك) بێت.
ئەنجومەنی ناوەندی (ی.ن.ك)

رزگار عەلی: پرەنسیپ‌و رێساو رێنماییەكان بۆ كۆنفرانسی مەڵبەندەكان جێبەجێبكرێن
هەروەها، لەكۆبوونەوەیەكدا، رزگار عەلی سەرۆكی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكان لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكان‌و سەرۆكی لیژنەی بەڕێوەبردنی كۆنفرانسی مەڵبەندەكان، باسیان لەپرەنسیپ‌و ئەو رێساو رێنمایانە كرد كە ئامادەكراون‌و پێویستە جێبەجێبكرێن لەكاتی پرۆسەی كۆنفرانسی مەڵبەندەكاندا.
لەكۆبوونەوەكەدا، رزگار عەلی، داوای لەسەرۆكی لیژنەكان‌و لیژنەكانی بەڕێوەبردنی كۆنفرانسەكان كرد ئەركەكانیان زۆر ‌بەوردی جێبەجێبكەن تاپرۆسەیەكی سەركەوتووبێت هاوشێوەی كۆنفرانسی كۆمیتەو مەكتەبەكان، وتیشی: ئەم پرۆسەیە دواقۆناغی پرۆسەكانەو سەركەوتنی ئەم قۆناغە تەواوكاری پرۆسەكانی ترەو دەبێتە هەوێنی بەستن‌و سەرخستنی كۆنگرە.

پەیامی سەرۆكی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكان بۆ كۆنفرانسی مەڵبەندەكان‌و بەستنی چوارەمین كۆنگرە
رۆژی پێنجشەممە (5/12/2019) لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا بڕیاردرا كە رۆژی دووشەممە (9/12/2019) كۆنفرانسی مەڵبەندەكان بكرێت‌و رۆژی (21/12/2019) بكرێتە رۆژی بەستنی كۆنگرەی چوارەم، كە ئەم دوو رۆژە لای تەواوی یەكێتییەكان كاریگەری‌و گرنگیی خۆی هەیە‌و دەبێتە دوو رۆژی مێژوویی بۆ سەروەرییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە ئەمەش دەبێتە تەواوكاری كۆنفرانسەكانی (كۆمیتەكان‌و مەكتەبەكان) كە پێشتر بەهیممەتی هەڤاڵانی لیژنەی باڵاو هەڤاڵانی تری دەزگاكان‌و مەڵبەندەكانی یەكێتی، توانراوە كە قۆناغی یەكەم‌و دووەم سەركەوتووبێت‌و ببێتە كەرنەڤاڵێكی گەورە بۆ یەكێتییەكان، كە جارێكی دیكە جۆش‌و خرۆش‌و زۆری بەخشیوە بەهەڤاڵان‌و تەواوی ئەندام‌و دۆست‌و لایەنگرانی یەكێتی، بۆیە جێگای خۆیەتی دەستخۆشی لەهەڤاڵانی ئەنجومەنی سەركردایەتی بكەین بۆ بڕیاردان لەو دوو رۆژە چارەنووسسازانە، كە یەكێتی پێدەنێتە قۆناغێكی نوێی خەبات، كە كۆنگرەی نوێكردنەوەو بەردەوامیی دەبێت لەسەر رێبازی (مامی گەورە).
هەروەها پیرۆزبایی لەتەواوی هەڤاڵانی یەكێتییەكەمان دەكەین‌و دڵنیاشتان دەكەین كە بەگیانێكی هەستكردن بەبەرپرسیاریەتییەوە كاردەكەین لەپێناوی سەرخستنی چوارەمین كۆنگرە، داوا لەهەڤاڵانی مەڵبەندەكانیش دەكەین وەك چۆن هەمیشە پشتیوانمان بوون لەسەرخستنی كارەكانمان، ئاوهاش بەگیانێكی هەستكردن بەبەرپرسیارییەوە كاربكەن بۆ سەرخستنی كۆنفرانسەكانی مەڵبەندەكان، چونكە دەبێتە هەوێنی سەرخستنی چوارەمین كۆنگرە، كە ئامانجە گەورەكە سەرخستن‌و سەركەوتنی چوارەمین كۆنگرەیە بۆ بەهێزكردنی یەكێتییەكەمان، تا بتوانین لەڕێگەی یەكێتییەوە ئارامی‌و ئاسوودەیی‌و سەرفرازیی بۆ گەلەكەمان دەستەبەربكەین، دڵنیاشتان دەكەین كە میكانیزم‌و شێوازی بەستنی چوارەمین كۆنگرە بەشێوازێكی سەردەمیانە كارە هونەری‌و لۆجستی‌و تەكنیكییەكانی بەڕێوەدەچێت.

بەهیوای سەركەوتن بۆ هەمووان
رزگار عەلی سەرۆكی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*