سەرەکی » دۆسێ » خۆپیشاندانەكان لە نێوان هاووڵاتیان و حەشدی شەعبی و حزبەكاندا

پرسەكان تێكەڵاودەبن

خۆپیشاندانەكان لە نێوان هاووڵاتیان و حەشدی شەعبی و حزبەكاندا

خۆپیشاندانەكان لە مانگی تشرینی یەكەمی 2019وە بەغدا و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراقییان گرتووەتەوە، لە هەندێك كاتدا پرسەكان تێكەڵ بەیەك دەبن و لایەن و حزب و رەوتە سیاسییەكان هەوڵ دەدەن سواری كۆڵی تەوژمەكە ببن، لە هەندێك كاتیشدا مەرجەعیەتی باڵای ئاینی و مەرجەعەكانی تر راوبۆچوونی خۆیان لەسەر بەشداریی لە گردبوونەوەكان و تێكەڵاوبوون بە خۆپیشلندەران و پشتیوانی لە داواكاریی و خواستەكان دەخەنەڕوو.
حەشدی شەعبی، وەك دامەزراوەیەكی سەربازی كە لەدوای سەرهەڵدانی داعش لە عیراق لەسەر داوای مەرجەعیەتی باڵای ئاینی لە نەجەف دامەزرا، داوا لە لایەنگرانی دەكات لە گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان نزیك نەبنەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە كە هەندێك لە گروپەكانی حەشد بە تێوەگلان لە هێرشكردنە سەر گردبوونەوەكان و كوشتنی خۆپیشاندەران تۆمەتبار دەكرێن.

حەشدی شەعبی و خۆپیشاندانەكان
سەرۆكی گشتی دەستەی حەشدی شەعبی لە 7ی تشرینی یەكەمی 2019، پەیامێكی بۆ ئەندامەكانی حەشدی شەعبی رەوانەكردو رایگەیاند،»بەهیچ شێوەیەك مەچنە گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندەران».
فالح فەیاز، سەرۆكی گشتی دەستەی حەشدی شەعبی لە پەیامەكەیدا رایگەیاندبوو،»ئاگاداری سەرجەم پێكهاتەكانی حەشدی شەعبی كراوە، بەهیچ شێوەیەك و لەژێر هیچ ناوێكدا نەچنە نزیك خۆپیشاندەران و لە ناوچەكانی نزیك خۆپیشاندەرانیش دەرنەكەون»
هۆشداریشی دابووە ئەو كەسانەی لە راسپاردەكان لادەدەن و و رایگەیاندبوو،»هەر ئەندامێك لە راسپاردەكان لابدات و سەرپێچی بكات لە ئەندامێتی حەشدی شەعبی دوردەخرێتەوە»
ئەمەش لەكاتێكدایە، ماڵپەڕی(اندبندنت عربی) بڵاویكردبووەوە، ئەو چەكدارانەی لە شەوی 6ی كانوونی یەكەمی 2019 لەشاری بەغداد لە نزیك پردی سنك و گۆڕەپانی خەللانی هێرشیانكردە سەر خۆپیشاندەران و 21 كەسیان كوشتن و 123 كەسی ترییان برینداركرد، سەر بە كەتیبەكانی حزبوڵڵای عیراقین و لەلایەن ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبییەوە سەرپەرەشتی دەكرێن.
ئەو ماڵپەڕە ئاماژەی بەو بەڵگانە كردبوو كە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عیراقەوە دەستیكەوتووە، بەگوێرەی بەڵگەكان ئەو چەكدارانە سەر بە كەتیبەكانی حزبوڵڵای عیراقین و لەلایەن ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبییەوە سەرپەرەشتی دەكرێن.
بە گوێرەی ماڵپەڕەكە «پێشوەخت چەكدارەكان لە مزگەوتێكی شاری بەغداد ئامادەكارییانكردووە، ئەو چەكانەشیان لە مزگەوتەكەدا حەشارداوە كە لە هێرشەكەدا بەكارییان هێناوە و لە هێرشەكەدا نزیكەی 300 كەس بەشدارییان كردووە».

خاڵسی: هەموو هاووڵاتیان بچنە ریزی خۆپیشاندەران
هەر سەبارەت بە رەوتی خۆپیشاندانەكان، مەرجەعێكی ئاینی، سەركوتكارییەكەی شەوی 6ی كانوونی یەكەمی 2019ی لەدژی خۆپیشاندەران لە ناوچەكانی پردی سنەك و گۆڕەپانی خەللانی لە بەغدا ئیدانە كرد و داوا كرد هاووڵاتیان بچنە ڕیزی خۆپیشاندەران.
لە 7ی كانوونی یەكەمی 2019، نوسینگەی جەواد خاڵسی، مەرجەعی ئاینی لە عیراق، لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندبوو”داوا لە هەموو گەلی عیراق دەكەین بە تایبەتیش لە بەغدا، پەیوەندی بكەن بە خۆپیشاندەران و مانگرتوان و بەپێی توانا ڕۆڵی خۆیان لە یارمەتیدانی خۆپیشاندەراندا ببینن”.
خاڵسی، داوای لە سوپای عیراق و هێزە چەكدارەكانیش كردبوو، ئەركی نیشتمانی خۆیان لەڕووی بەرگریكردن لە هاووڵاتیانی عیراق لەئەستۆبگرن، جەختیشی لەسەر پێویستی “بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەكان كردبووەوە بۆ هێنانەدی تەواوی ئامانجەكان و قوتاركردنی عیراق لە چنگی بەكرێگیراوان و گەندەڵكاران كە وابەستەی پرۆژە داگیركارییەكانی ئەمریكان”.
بەهۆی تەقەكردنەكەی شەوی 6ی كانوونی یەكەمەوە لە ناوچەكانی خەللانی و پردی سنەك لە بەغدا، 21 كەس كوژران و 123 كەسی تر برینداربوون، كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤیش هۆشداریی دابوو لە داڕوخانی ڕەوشی ئەمنی لە وڵات.

حزبی دەعوە داوای بەشداریی كاریگەر دەكات
لە هەندێك كاتدا حزبەكان دەیانەوێت خۆیان تێكەڵ بە پرس و داواكاریی خۆپیشاندەران بكەن و خۆیان لەنێو هاووڵاتیاندا بدۆزنەوە، لەو بارەیەوە حزبی دەعوەی ئیسلامی داوای لە لایەنگران و ئەندامانی حزبەكەی كردبوو، بەشێوەیەكی كاریگەر بەشداریی لە خۆپیشاندانەكاندا بكەن.
بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن حزبی دەعوەی ئیسلامییەوە لە هەفتەی رابردوودا بڵاوكرایەوە” داوای بەشداری چالاكانە و فراوانی لە لایەنگران و ئەنجامانی حزبی دەعوە دەكەین، بڕژێنە گۆڕەپانەكان و بەشێوەیەكی ئاشتیانە خۆپیشاندان بكەن”.
ئەم داواكارییەكەی حزبی دەعوەی ئیسلامی لەكاتێكدایە كە حزبەكە لەدوای ساڵی 2003وە، لە هەموو حزب و ڕەوتە سیاسییەكانی عیراق زیاتر سەرۆكایەتی حكومەتی كردووە و بۆ ماوەی 12 ساڵ بەسەركردایەتی نوری مالیكی سكرتێری گشتی ئێستای حزبەكە و حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر، حوكمڕانی عیراق بوون.
حزبی دەعوە لە بەیاننامەكەیدا داوای لە پەرلەمان كردبوو، هەوڵەكانی بۆ دەركردنی یاسای هەڵبژاردن و كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان چڕبكاتەوە، و بە لایەنگران و ئەندامانی حزبەكەشی ڕاگەیاندووە”بەشداریی كاریگەر و فراوانیان لە خۆپیشانداندا هەبێت كە لێوەی خواستی عیراقیەكانە بخەنەڕوو لەبارەی سودوەرگرتن لە داهاتەكانی وڵات و فەراهەمكردنی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ هاووڵاتیان”.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتبوو”داوا لە هێزە سیاسیەكان دەكەین پەلە بكەن لە دیاریكردنی كاندیدێك بۆ سەرۆك وەزیرانی عیراق ، بەو مەرجەی كەسێتییەكی بەهێز و لێوەشاوە بێت لەڕوووی سیاسی و بەجێگەیاندنی خواست و داواكاریی گەل و حكومەتێكی وەها پێكبهێنێت كە لێوەی داواكارییەكانی خۆپیشاندەران جێبەجێ‌ بكرێن”.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*