سەرەکی » ئاراستە » گوندەکان ناوچەیەکی گرنگی پیشەسازیی رستن و چنین

گوندەکان ناوچەیەکی گرنگی پیشەسازیی رستن و چنین

سەردەشت محەمەد

جاران گوندەکانی کوردستان ناوچەیەکی گرنگی کارە دەستیەکانی وەک دروستکردنی کڵاش و جلوبەرگ و دروستکردنی بەشێک لەپێداویستیەکانی ناوماڵ بوو، لەوانە دروستکردنی( لەبادو بەڕەو مەوج) چەندین جۆری دیکەی کەرەستەی سادەو پڕ بایەخ بون، ئەم جۆرە لەکارکردن لەدوای ساڵانی پەنجاکانی سەدەی بیستەم تاڕادەیەک گۆڕانکارییان بەسەرداهات، بەتایبەت لەشارەکاندا، خەڵکی لەماڵەکاندا ئەم پیشەسازێیانەیان هێنایەناو بازاڕو دوکانەکانەوە، لەگوندەکانیشدا زیاتر گرنگی پێدەدراو لای بەشێک لەخەڵکی گوندەکان وەک سەرچاوەیەکی گرنگی خۆژیاندن ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گەشەی دەسەند، ئەم گەشەسەندنە تائەوکاتە بەردەوام بوو کە گوندەکان وێران نەکرابون و خەڵکەکەی بۆ شارەکان ڕانەگوێزرابون، بەڵام بەداخەوە دوای ڕاگوێزانی خەڵکی گوندو نیشتەجێکردنیان لەشارەکاندا تاڕادەیەک بەرەو لەناوچون و کەمبونەوە چوو، خۆش بەختانە زۆری نەخایاند، شارو گوندەکانی کوردستان لەژێر چەپۆکی داگیرکاری ڕژێمێکی داگیرکەری بەعس ڕزگاریان بوو، ئەوەی ئاواتی خەڵک بوو لەدوای ڕزگاری کوردستان فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستە بوو لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە.
دەبوو بەر لەهەموو شتێک حکومەت بۆئەوەی ژیانی خەڵک و بەتایبەت ئەو گوندنشینانەی ئاسایی بکردایەتەوە کەڕاگوێزرابون و لەزێدی خۆیان ڕاپێچ کرابون، دەکرا حکومەت لەشارەکاندا چەندین کارگەی مۆدێرنی بۆ کارە دەستیەکان دامەزراندایە، بەم هەنگاوە دەتوانرا هەلی کارکردن بۆ ژمارەیەکی زۆر لەوکەسانە بڕەخسێنرێ کەشارەزای تەواویان لەو بوارانەدا هەبوو، بەداخەوە حکومەت ئەم هەنگاوەی نەناو ئەمەش وای کرد ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرهەمە خۆماڵیەکان بەرەو لەناوچون و کەم بونەوە بچن و هەموو ئەو کەرەستە پڕ بایەخانەی وەک (جلوبەرگ و کڵاش و مافور)و شتەکانی دیکە تەنها لەبۆنە کوردیەکاندا نمایش بکرێن و بەشێکیان لەناوبچن بەشێکیشیان لەنێو ماڵەکاندا وەک یادگارییەک هەڵبگیرێن، بۆ نمونە ئێستاش لەنێوماڵی ئێمەدا لەنێوان دەیان ڕاخەرو دۆشەکی نەرموو پەتوی گەرمدا ئێستاش کارە دەستیەکانی نەنکم کە (دوو مەوج و سێ بەڕەی) لەبەن چنراوی ڕەنگاو ڕەنگە، لەهەمویان بەنرخ ترو خۆشەویسترە لای ئێمە و دایکم، ئەمە نەک لەبەرئەوەی ئێمە تائێستا لەگەڵ ژیانی شاردا ڕانەهاتوین و هێشتا ناتوانین وەک ئەو خێزانانەی کە ژیانی شار و جەنجاڵی و سەرقاڵ بونیان بەئیش وکارەوە هەموو جوانی و خۆشیەکانی گوندی لێیان سەندەوە، بەڵکو بەپێچەوانەوە ئێمە دوای ئەم هەمو ساڵەی ژیانکردن لەشاردا ئێستا تێدەگەین خۆشبەختی ئەوەنییە کەخاوەنی جوانترین باڵەخانەبیت، دڵ خۆشی ئەوەنییە کە بەردەرگاکەت کۆنکرێت و بازاڕەکەت پڕ لەکاڵەو شتومەکی جوان و باخەڵت پڕبێت لەپول و پارەو بیست و چوار کاتژمێر کارەبات هەبێت، بەڵکو بەختەوەری ئەوەیە کە خاوەنی ئەو هەمو شتانە نەبیت و کەچی پێکەنین لەسەرلێوت نەبڕێ و دیوەخان و ژورە لەقوڕ دروستکراوەکانی جارانت جمەی بێت لەمیوان و بەدەست خەریکی چنینی بەڕەو مەوج و دەمیشت پڕبێت لەدوعاو نزای خێرو بەخێرهاتنی میوان و سەرگەرمی گێڕانەوەی چیرۆک و ئامۆژگاری کردنی ماڵ و منداڵبیت، هەرکات لەماڵی باوکمدا دەستم بردبێت بۆ کام دۆشەک و بەتانی جوان و ڕەنگاوڕەنگە دایکم خروپەیەک بەدڵیدا نەهاتوەو پێی نەوتوم ئەوەیان ڕامەخە یاخود ئەوەیان بەسەرخۆتا مەدە نەوەک کاڵبێتەوە یاخود کۆنبێت، بەڵام هەرکاتێک من یاخود هەریەک لە خوشک و براکانی دیکەم دەستمان دابێتە ئەو مەوج و بەڕە لەبەن چنراوانە ڕاستەوخۆ دایکم پێی وتوین ڕازی نابم یاخود پێیوتوین ئاگاداریبن با پیس نەبێت، دڵنیام ئەوەی والەدایکم دەکات پارێزگاریان لێبکات گرانی نرخەکەیان نییە، بەڵکو دەزانم دایکم سەدان چیرۆک و یادگاری لەگەڵ ئەو( مەوج و بەڕانە)دا هەیە بۆیە ئێستاش دوای تێپەڕبونی زیاتر لە(30) ساڵ بەسەریاندا هێشتا ئەڵێی دوێنێیە لە(تەونەکە) کراونەتەوەو ئێستاش جێگەی (کەڵکیتەکان) بەسەر تاڵی بەنەکانەوە وەک خۆی ماوە، دیقەتم داوە هەر ئێوارەیەک لەماڵی ئێمەدا ئەو (بەڕەو مەوجانە) ڕابخرێت ئیتر مجلیس ئەبێتە مجلیسی دایکم و بەگێڕانەوەی سەرگوزشتەی ئەو دەقیقەو سەعات و ڕۆژگارانەی کە نەنکم سەرقاڵی دروست کردنیان بووەو ئەویش بەردەستی کردووە، دییوەخان پڕ ئەبێت لەدەنگی دایکم و جارێکی دیکە ئێمە ئاشنادەبینەوە بەو ڕۆژگارانەی کە نەنکم لە گڵۆڵەبەنەکان کە ئەوانیش هەر بەهۆی ماندوبون و تەشی ڕێسانی دایکمەوە بوو بەڕەیەک یاخود مەوجێکی دروست دەکردو لەگەڵ هەر ڕیزێکیدا ڕیزێک یادگاری و دونیایەک لەبەختەوەری بۆ ئەوسای خۆی و ئێستای ئێمە دەنەخشاند.
سەد داخ ئەم هەمو ساڵە تێپەڕیوەو لەبری ئەوەی حکومەت لەهەر شارو شارۆچکەیەکدا کارخانەیەکی بۆ ژنە دەست ڕەنگین و لێهاتوەکان دابمەزراندایەو ئێستا بازاڕ پڕبوایە لەبەرهەمی دەستی خۆمان کەچی چاوەڕێی وڵاتانین دۆشەکمان بۆ بنێرێ و بەبەتانی ئێرانی خۆمان داپۆشین، نەوەکانیشمان چاوەڕێن ئەم ساڵ بۆ ئەوساڵ لە ڤیستیڤاڵێکدا ئاشنابکرێن بە مەوج و بەڕەو مەشکەو داس و کڵاشی لەبەن چنراو، بەبڕوای من ئێستاش درەنگ نییە بۆ ئەوەی حکومەت تەکانێک بەکەرتی پیشەسازی بدات و بازاڕەکان وەک جاران پڕبێتەوە لەبەرهەمی خۆماڵی و گوندنشینەکان جارێکی دیکە دەست بکەنەوە بەبەرهەم هێنانی کەرستە کوردەواریەکان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*