سەرەکی » ئابووری » دامەزراندنی گرێبەست و هەمیشەیی راگیراوە

لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2018ی عیراق

دامەزراندنی گرێبەست و هەمیشەیی راگیراوە

لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند: لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٨ دا هەموو جۆرە دامەزراندنێكی گرێبەست و هەمیشەیی لە فەرمانگەكانی دەوڵەت راگیراوە.

رێژەی هەژاری و بێكاری لە عیراق
لەكاتێكدا رێژەی هەژاری و بێكاری لە عیراق بەهۆی شەڕی تیرۆریستانی داعشەوە لە چەند ساڵی رابردوودا رووی لە بەرزبوونەوە كردووە، لە ئێستاشدا باس لەوە دەكرێت كە لە پڕۆژەیاسای بودجەی عیراقدا سەرجەم دامەزراندنەكان راگیراون.
لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تەئكیدی كردۆتەوە لەوەی لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای گشتی بودجەی ساڵی ٢٠١٨ی عیراقدا، سەرجەم دامەزراندنەكان لە وەزارەت و دەستە و پارێزگاكان لەسەر میلاكی هەمیشەیی راگرتووە.

ناجێگیریی نرخی نەوت
هاوكات دامەزراندنی هاووڵاتیان بە شێوەی گرێبەستیش لەو پڕۆژەیاسایەدا راگیراون، بەڵام ئەگەری دووبارە نوێكردنەوەی گرێبەستەكانی پێشوو لە كاتی پێویستدا هەیە.
ئەوەش لە كاتێكدایە كە لە دوای شەڕی داعشەوە و بەهۆی ناجێگیریی نرخی نەوت و دروستبوونی قەیرانی دارایی لە كەرتی تایبەت و گشتیدا، رێژەی هەژاری لە عیراق گەیشتۆتە بەرزترین ئاست، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٣دا پێش دەستپێكردنی شەڕی داعش و دروستبوونی قەیرانی دارایی لە وڵاتـەكەدا، رێژەی هەژاری لە ١٦٪ بووە.
بەپێی ئەو ئامارانەشی لەلایەن دەزگاكانی سەرژمێری و لێكۆڵینەوە ئامادە دەكرێن، عیراق لە پێشەوەی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە لە رووی زۆریی ژمارەی بێكارانەوە.

بەهۆی ناڕەزایی فراكسیۆنەكانەوە
بەهۆی ئەو گۆڕانكاریانەی لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ٢٠١٨ی عیراقدا ئەنجامدراوە، پڕۆژەیاساكە مشتومڕی زۆری بەدوایخۆیدا هێنا و زۆرێك لە لایەنەكان رەزامەند نین پڕۆژەكە بەو شێوەیە پەسەند بكرێت، سەرباری ئەوەش كە بڕیاربوو لەكۆبوونەوەكەی رۆژی یەكشەممەی ئەنجومەنی نوێنەراندا خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی ٢٠١٨ بكرێت، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی فراكسیۆنەكانەوە خوێندنەوە بۆ پڕۆژەكە نەكرا و لیژنەی دارایی راسپێردا تا پێشنیار و تێبینی سەرجەم فراكسیۆنەكان لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەوە وەربگرێت و لەگەڵ حكومەت تاووتوێیان بكات.
پێشتریش وەزارەتی پلاندانانی عیراقەوە بڵاویكردەوە، لە ساڵی ٢٠١٤دا رێژەی هەژاری لەعیراقدا گەیشتۆتە بەرزترین ئاست و بەهۆی شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوتەوە، رێژەی هەژاری لە وڵاتەكەدا گەیشتۆتە (23%)، ئەمە لە كاتێكدا لەساڵی ٢٠١٣دا پێش دەستپێكردنی شەڕی داعش و دروستبوونی قەیرانی دارایی لە وڵاتەكەدا، رێژەی هەژاری (16%) بووە.

 

گەڕانەوەی بودجە بۆ حكومەت

فراكسیۆنە كوردییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رێكەوتنێكی زارەكی ئەنجامدەدەن بۆگێڕانەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2018 بۆ ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانتارێكی گۆڕانیش ناوەڕۆكی رێكەوتنەكە ئاشكرادەكات و راشیدەگەیەنێت:»چانسێكی تر لەبەردەم حكومەتی هەرێمە».
د.ئەمین بەكر جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بەتۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاندوە: لەگەڵ پەرلەمانتارە سوننەكان و بەشێك لە شیعەكانیش، رێكەوتنێكی تایبەتی زارەكیمان هەیە لەسەر گەڕانەوەی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی 2018ی عیراق بۆ ئەنجومەنی وەزیران و لەداهاتوویەكی نزیكیشدا ئەنجامەكەی دەردەكەوێت.
سەبارەت بە ناوەڕۆكەی رێكەوتنەكە، پەرلەمانتارەكەی گۆڕان وتی»لەگەڵ پەرلەمانتاران و ئەو فراكسیۆنانەی كە تێبینیان لەسەر پڕۆژەیاساكە هەبوو، بڕیارماندا پڕۆژە یاسای بودجەی 2018 بنێرینە لیژنەی دارایی بۆئەوەی تەواوی تێبینیەكان لەسەر بودجەی 2018ی عیراق تۆمار بكرێت و هەر لە لیژنەكەشەوە بگەڕێنرێتەوە بۆ حكومەتی عیراق».
ئەوەشی وت»ئەمە چانسێكی دیكەیە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆئەوەی دەست بەدانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عیراق بكات و چارەسەری كێشەكان بكات بەتایبەت پشكی هەرێم لە بودجەكەدا».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پڕۆژەی دووسایدی رێگای (كەلار – دەربەندیخان) دەستپێدەكات

یادگار عەلی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، دەڵێت: «بە هەوڵی قوباد تاڵەبانی ...