سەرەکی » راپۆرت » یەكێتی تەئكید لە ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان دەكاتەوە

شرۆڤەی رۆژ

یەكێتی تەئكید لە ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان دەكاتەوە

هەواڵ و بەدواداچوون

یەكێك لەو پرسە گرنگانەی كە لەمساڵدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەردەوام تەئكیدی لێدەكردەوە و ئێستاش هەوڵەكانی لەوبارەیەوە بەردەوامە، ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانە.

پرسێكی گرنگ و چارەنووسساز
یەكێتی لە سەروبەندی كۆبوونەوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا، بەردەوام پێداگریی لە سەر سێ پرسی گرنگ و سەرەكی دەكرد، ئەوانیش «پرسی عیراق، كەركوك، بەشداریی راستەقینە لە هەرێم و لە ناو كایەی حكومەتداریدا»، سەرئەنجام رێكەوتن لەسەر هەرسێ پرسەكە كرا، بەڵام تائێستاش رێكەوتنەكە لە چەندین بواردا وەك پێویست نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە.
پرسی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان هەمیشە پرسێكی گرنگ و چارەنووسساز بووە لای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەوبارەیەوە لە رۆژانی بەستنی چوارەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیشدا لاهور شێخ جەنگی لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند: كەركوك لەسەری سەرەوەی كۆنگرەدایە.
ئەمەش ئاماژەیەكی روونە بۆ ئەوەی كە یەكێتییەكان و ئەنجومەنی گشتیی سەركردایەتی لە ساڵی نوێشدا بە جددی كار لەسەر ئەو پرسە گرنگە دەكات، بەتایبەت كە ئێستا دۆخی عیراق دۆخێكی هەستیارە و لەنێو ئەو دۆخەدا لایەنە كوردستانییەكان بەگشتی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەتایبەتی كار بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوكان دەكەن.

كورد لە یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان ناڕازییە
گرفتێكی دیكەش كە ئێستا هاتۆتە ئاراوە، پەسەندكردنی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكانە بە زۆرینەی دەنگ لە ئەنجومەنی نوێنەران، لەوبارەیەشەوە حەسەن ئاڵی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی سەوز دەڵێت: كورد لە دادگای باڵای فیدرالی تانە لە یاسای هەڵبژاردنەكانی عیراق دەدات، چونكە ئەو یاسایە بەبێ رەزامەندیی كورد و چەند كوتلە و لایەنێكی دیكە بە زۆرینە پەسەند كراوە و یاساكە كێشەی زۆرە، وتیشی: یاساكە لە بوارەكانی سیاسی و تەكنیكیدا كێشەی هەیە، بە تایبەتی مادەكانی 15 و 16 كێشەیان زۆرە و بە زیانی كورد و چەند پێكهاتەیەكی دیكەیە.
لە هەموو كات و قۆناغ و بارودۆخێكدا، پرسی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان بە لای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە پرسێكی جێی بایەخ و گرنگ و چارەنووسسازە، هەروەك سەرۆك مام جەلال-یش دەڵێت «كلیلی چارەسەركردنی مەسەلەی كورد، كەركوكە و فەقەت كەركوكە و هەر كەركوكیش دەبێت».
لە ساڵی نوێشدا پرسی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان لەنێو پرسە گرنگەكاندا دەبێت و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەوڵەكانی بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان چڕتر دەكاتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*