سەرەکی » مانشێت » یەكەم كۆبوونەوەی سەركردایەتی

یەكەم كۆبوونەوەی سەركردایەتی

لیژنەیەك بۆ پێداچوونەوەی پەیڕەوی ناوخۆ پێكهێنرا

راگەیەنراوی كۆتایی یەكەم كۆبوونەوەی سەركردایەتیی گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

رۆژی سێشەممە رێكەوتی 14/1/2020، ئەنجومەنی سەركردایەتیی گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە شاری سلێمانی یەكەم كۆبوونەوەی خۆی دوای كۆنگرەی چوارەم ئەنجامدا، كۆبوونەوەكە بە سەرۆكایەتیی هەڤاڵ مستەفا چاوڕەش وەك بەتەمەنترین ئەندامی سەركردایەتی بەڕێوەچوو.
سەرەتای دەستپێكی كۆبوونەوەكە ساتێك وەستان بوو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی رێگای رزگاریی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەروەها كۆبوونەوە سڵاوی نارد بۆ گیانی رابەری گەورەی گەلەكەمان جەنابی مام جەلال. هەروەها كۆبوونەوەكە گفتوگۆی تێروتەسەلی كرد لەبارەی تەواوكردنی كارەكانی كۆنگرەی چوارەم كە بە ئەنجومەنی سەركردایەتیی گشتی راسپاردووە.
لە كۆتاییدا كۆبوونەوەكە چەند بڕیارێكی دا بۆ راییكردنی كارەكانی:
1 – دانانی لیژنەیەك بۆ پێداچوونەوەی پەیڕەوی ناوخۆ، بەپێی بڕیار و راسپاردەكانی ئەندامانی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی.
2 – بڕیاردرا تەواوی دامەزراوە و ئۆرگانەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەردەوام بن لە كاری ئاسایی رۆژانەی خۆیان تا ئەوكاتەی پەیكەری تازەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەلایەن ئەنجومەنی سەركردایەتیی گشتییەوە رێكدەخرێتەوە.
3 – بڕیاردرا یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بەكراوەیی بهێڵدرێتەوە تا پەسندكردنی پەیڕەوی ناوخۆ.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*