سەرەکی » مانشێت » خۆپیشاندانەكانی عیراق كۆتاییان دێت؟

شرۆڤەی رۆژ

خۆپیشاندانەكانی عیراق كۆتاییان دێت؟

هەواڵ و بەدواداچوون

لە سەرەتای مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووەوە تائێستا عیراق بە دۆخێكی ناهەمواردا تێدەپەڕێت، لە پاییزی ساڵی رابردوودا هاووڵاتیانی عیراق لە بەغدای پایتەخت و شارەكانی باشوور، دژ بە گەندەڵی و بێكاری و هەژاری…تاد، رژانە سەر شەقامەكان، لەو ماوەیەشدا عیراق رووبەڕووی دۆخێكی ناجێگیر بۆتەوە لەلایەنی ئەمنی و سیاسی و ئیدارییەوە.
بەتێپەڕبوونی كات و تێكەڵبوونی چەندین پرس و كەڵەكەبوونیان بەسەریەكەوە، ئێستا وا دەردەكەوێت كە دروشم و داواكارییەكانی خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریرو شارەكانی تر، وێڕای كوژرانی زیاتر لە 500 كەس و برینداربوونی زیاتر لە 20 هەزار كەس، روو لە ئاوابوون دەكەن.
ئەگەرچی شەپۆلی خۆپیشاندانەكان لە عیراق لە سەرەتادا بە شەپۆلی خۆڕسك و كەڵەكەبوونی داواكاریی چەندین ساڵەی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە دادەنران كە خۆبەخۆ و بێ دەستوەردان و پشتگیریی لایەنێكی دیاریكراوی سیاسی رژاونەتە سەر شەقامەكان، بەڵام هەر ئەو خاڵە، خاڵی لاوازی خۆپیشاندانەكان بوون.
سەرەتای لاوازبوونی فشار و داواكاریی خۆپیشاندەران، بەپێچەوانەی زۆرێك لە بیروڕاكان لە دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدییەوە سەرچاوەی گرت، بەوپێیەی هەموو كێشەكە لە یەك كەس، كە ئەویش خودی سەرۆك وەزیران بوو، كورتكرایەوە.
ئێستا بە دەستلەكاركێشانەوەی عەبدولمەهدی، هیچ لە دۆخەكە نەگۆڕاوە، ئەوە نەبێت كە یارییەكە هاتۆتەوە نێوان لایەنە سیاسییەكانی بەشدار لە حكومەت و ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دیاریكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بەمەش داواكاری و دروشم و فشارەكانی خۆپیشاندەران كەوتوونەتە پەراوێز و لەم هەلومەرجە سیاسی و ئەمنییەی عیراقدا بێكاریگەر بوون.گرنگتر لە هەر شتێكی تر بۆ بێكاریگەرتربوونی

خۆپیشاندانەكانی عیراق، پڕۆژەیەكی موقتەدا سەدرە. سەدر، كە وا دەردەكەوت بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ لە پشتی داواكاری خۆپیشاندەرانە و هەر ئەویش بوو فشارەكانی چڕكردنەوە بۆ دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیرانەكەی، ئێستا هەر خۆی دەیەوێت لە رێی پڕۆژەیەكی ترەوە، گۆڕەپانی خۆپیشاندانی تەحریر بە ئاڕاستەیەكی تر هانبدات و بەرگێكی تر بداتە ئەو گۆڕەپانە، واتە لە گۆڕەپانی دژایەتی گەندەڵییەوە بیگۆڕێت بۆ گۆڕەپانی «داواكاری سیاسی و دژە داگیركەرانە»، ئەویش دەركردنی هێزەكانی ئەمریكایە لە عیراق، ساڵح محەمەد ئەلعراقی كەسایەتیی نزیك لە موقتەدا سەدر دەڵێت «هەینی داهاتوو خۆپیشاندانی ملیۆنی رێكدەخەین، كە دەبێت زۆر لە خۆپیشاندانەكانی رابردوو فراوانتر بێت، چونكە ئەو خۆپیشاندانە چارەنووسی ئازادی و سەربەخۆیی عیراق دیاری دەكات».
روون نییە كە نییەت لەو خۆپیشاندانە بەڕاستی لەچیدا رەنگدەداتەوە؟، بەڵام دەكرێت خوێندنەوەی ئەوەی بۆ بكرێت، كە لە دوای رووداوەكانی دوو هەفتەی رابردوو، لە رێی سیناریۆیەكی لاوەكییەوە كۆتایی بە خۆپیشاندانی دژ بەگەندەڵی بهێنرێت و سەرۆك وەزیرانی نوێش هەڵبژێردرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*