سەرەکی » وەرزش » دەبێت بەمجۆرە شیكردنەوە بۆ یارییەكان بكرێت

دەبێت بەمجۆرە شیكردنەوە بۆ یارییەكان بكرێت

ئاگرین دۆستی

2-2

*ئەی چۆن بزانینن تیپەكان تۆپ دەستدەخەن؟
-لێردا شتێك هەیە پێویستە بزانین، ئەویش ئەوەیە یاریزانەكان چۆن تۆپەكان وەردەگرن، كە ئایە لە ڕكابەرەكەی دەسێنێت، یاخود هاوڕێكانی لە پشتەوە پێدەدەن؟ هەندێجار یاریزانەكان لە گۆڵچییەوە تۆپ وەردەگرن ئەوەی ئێستا لە یانەی مانچستەر سیتی هەیە، یان دەبێت بە كۆی گشتی ئەوە تێبگەین تۆپەكان لە سێ‌ یەكی یاریگا، یان لە دووەم، یاخود لە سێ‌ یەكی سێەم دادەبڕێت؟ كە دواتر بۆ ئەو مەبەستە یاریزانەكان ڕووبەرەكان دادەخەن لە هەڵگری تۆپەكان و بێزاریان دەكەن، كە زۆربەی كات فشار دەخەنە سەر هەڵگری تۆپەكان تا لێی وەردەگرن، بۆیە گرنگە بزانین ئەو یاریزانانە كەمانەن ئەم كارە دەكەن، كە زۆر جار پشت دەبەستێت بە لایەنی جەستەیی، یان بە قاچێكی دەوەستێت و بەوی دیكە تۆپەكە وەردەگرێت، یا لە ڕێگای خلیسكانەوە بە تۆپەكە دەگات، پاشان ئەو یاریزانە كامەیە هەموو تیپەكە بەدوایدا دەگەڕێن تۆپەكانی بۆ بەڕێ‌ بكەن وەكو كەسێكی جێگیر، كە دواتر ئەمە پێچەوانەكەی ڕاستە، كە یانە و تیپەكان یاریزانێكی ئەوتۆیان نەبێت تۆپەكان داببڕن و وەری بگرن، نموونەی لۆكا مۆدریچ، ئەمەش خاڵێكی گرنگە بۆ شیكەرەوەی وەرزشی لەو لایەنەدا تەركیزكردنی بە هێزبێت.

*چۆن بزانین تیپەكە هێرش دروست دەكات؟
-هەموو دەزانین سێ‌ ڕێرەو هەیە بۆ هێرشبردن، لای چەپ و ڕاست و ناوەڕاستی یاریگا. بۆ نموونە: كاتێك تیپی هەڵبژاردەی بەڕازیل بە پلانی (4-4-2) یاریی دەكات ئەوە یانی لە قوڵایی یاریگاوە هێرش دەبات، یان زۆركات پلانی ئەنچیلۆتی دەبینین یەكسەر دەزانین لە ناوەڕاستی یاریگاوە هێرش دروست دەكات، یانەكانی ئەرسناڵ و ڕیاڵ مەدرید لە چەپ و ڕاستەوە ئەم كارە دەكەن، واتە گرنگە شیكەرەوەی وەرزشی پلان و شێوەی یاریكردنی تیپ و ڕاهێنەران و ئاستی یاریزانان بۆ دروستكردنی هێرش و پێخۆشبوونیان لەو بوارەدا بزانن، كەدوای ئەوە دێت قسە لەسەر خاڵی هێز و لاوازی تیپەكە دەكەی، بۆیە سەرەتا گەڕانەوەیە بۆ ئەو شێوە یارییەی تیپەكان یاریی پێدەكەن و پێی دەناسرێنەوە.

*درێژی و پانتایی لە یاریگادا چییە؟
-ئەمە لای زۆرێكمان شاراوەیە، یان خاڵێكی گرنگە كە ئایە تیپەكان دەگەڕێن بۆ بڵاوە پێكردنی یاریزانەكانیان لەسەر پانی یاریگاو ئاسۆیی داپۆشینی هێڵەكان، یان دەگەڕێن بۆ بڵاوكردنەوەی یاریزانەكان بە شێوازێكی ستوونی، كە ڕێگای پێبدات بەداخستن و زاڵبوون بەسەر قوڵایی یاریگادا، بۆ وێنە: یانەی یوڤی هەمیشە یاریزانەكانی بڵاودەكاتەوە بە شێوەی ئاسۆیی لە یاریگادا، بەرشە پێی باشە بە شێوەی ستوونی یاریی بكات، كە ئەمانەش دەبێت شیكەرەوەی وەرزشی بە باشی بیزانێت و لەكاتی یارییەكاندا باسی بكات، تا بینەری ئاسایی هەست بكات تۆ ئەو كەسەی هەموو خاڵە شاراوەكانی یارییەكە درك پێدەكەی.

*چۆن چاودێری جموجۆڵی یاریزانەكان بكەین؟
-پێویستە چاودێری جموجۆڵی یاریزانانی هەردوو تیپ بكرێت، بەڵام ئەوە شێوەی مەنتقی یارییەكە و پێویستییەكانی دەیسەپێنێت. تەماشاكەن بە بەردەوامی میسی وەكو یاریزانی سەری نووك یاریی دەكات، بەڵام هەرگیز لەوێ‌ نامێنێتەوە، كەچی كاتێك سەیری هیگواین دەكەین ئەو لە بۆكسی گۆڵەكە نایەتەدەرەوە و زۆر پێی خۆشە لەوێ‌ زیاتر بمێنێتەوە، كەچی بە پێچەوانەوە میسی زۆر بەكەمی خۆی دەگرێت لەوێدا، بۆیە دەبێت بەوردی شیكردنەوە بۆ جوڵەی فەردی ئەستێرەكان لەگەڵ ڕۆڵیاندا بكرێت، هەروەها گرنگە تیشك بخرێتە سەر لایەنی ئەوەی یاریزانەكان لە كوێدا كۆمەڵ دەبن، چ لە بوونیادی هێرش و چ لە بەرگریكردندا، یاخود ئەوانەی هەمیشە پاڵپشتی بەرگری و پێچەوانەكەی دەكەن كامانەن. دواتر دەبیت قسە لەسەر ئەوە بكرێت تیپەكە بە ڕیتمی خێرا، یان خاو یاریی دەكات، كە زۆربەی تیپەكان دەیانەوێت پارێزگاری لە شێوە یاریی و نەفەسی تایبەت بە خۆیان بكەن، كە ئەمەش دەبێت بۆ بینەر شیبكرێتەوە، جگە لەوە شیكەرەوەی وەرزشی لێزانانە قسە لەسەر لایەنی تۆپە جێگیرەكان دەكات، لانیكەم دەبێت بزانێت بە چەند قۆناغ تۆپەكە گەیشتۆتە گۆڵی ڕكابەر، یاخود لای خۆیان بە یاریكردن دەیهێڵنەوە، دواتر چۆن دەیكەنەوە بە هێرش.

*دوای تەوابوونی گێمی یەكەم دەبێت چی بكرێت؟
-كارەكە لێرەوە دەست پێدەكات، كە ئایە ئەم تایمە چەند كاریگەری لەسەر ڕاهێنەربووە؟

*ئایە بۆ ئەوەی شێوەی یاریكردنی بگۆڕێت بەرگری بەهێز دەكات، دەستكاری هێرشبەران دەكات؟
– ئەمانە هەمووی بۆ هەردوو ڕاهێنەر ڕاستە و تۆ دەبێت قسەی لەسەر بكەی، لەگەڵ كۆتایی هاتنی گێمی دووەمدا بەراوردێكی وردی نێوان هەردوو گێمەكە دەكەی كەچی ڕوویداوە، ڕاهێنەرەكان پێشبینیان چۆنبووە، ئایە گرفتەكانی ڕاستكردۆتەوە؟ كە هەندێكجار مەرج نییە تۆ لە گرفتەكان بگەی بۆیە ئەوە كاتی دەوێت خوێندەوەی زیاتر بۆ ڕواڵەتی تیپەكان بكرێت، بۆ نموونە: گێمی یەكەم ڕیاڵ خراپبوو لەوەی دەست بەسەر یارییەكەدا بگرێت، كەچی گێمی دووەم دەستیگرت بەسەر یارییەكەدا، بەڵام زێدان بەرگریكارێك دەخاتە یاریگاوە و ڕۆناڵدۆ دەهێنێتەدەرەوە و تێگەیشتن لەمە زۆر قورس دەبێت، بۆیە دواتر دەبێت چاوەڕوانی لێدوانی ڕاهێنەر بكەین لەسەر ئەو كارە، لە كۆتایشدا هەردوو گێمەكە بەراورد دەكەیتوو بە كورتی قسە لەسەر خاڵە باش و خراپەكان دەكەی، كە ئەمەش تا ڕادەیەك دەتوانێت یارمەتیت بدات بۆ ئەوەی ببیتە شیكەرەوەیەكی وەرزشی سەركەوتوو.

*لە كۆتایدا زۆر سوپاس بە ڕاستی ماندوومانكردی؟
-نا من زۆر خۆشحاڵبووم بە هیوای ئەوەی بتوانین سوودی زیاتر بدەینە خوێنەرانی خۆمان، دەستی ئێوەش خۆش بۆ هەڵبژاردنی بابەتەكە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*