سەرەکی » وەرزش » كۆبی براینتی ئەفسانە ماڵئاوایی كرد

كۆبی براینتی ئەفسانە ماڵئاوایی كرد

سەرچاوەكانی راگەیاندنی ئەمریكا شەوی یەكشەممە هەواڵێكی جەرگبڕیان بڵاوكردەوە ئەویش كۆچی دوایی كۆبی براینتی ئەفسانەی باسكە بوو.
براینت كە بە یەكێك لە باشترین یاریزانەكانی مێژووی باسكە دادەنرێت لە رووداوی كەوتنە خوارەوەی هێلیكۆپتەر لە ویلایەتی فلۆریدا گیانی لەدەستداو 4 سەرنشینی تریشی لەگەڵدابوو یەكێك لەو سەرنشینانەش گیانای كچی بوو كە تەمەنی 13 ساڵە.
ئەو رووداوەش دەنگدانەوەیەكی گەورەی جیهانی بەدوای خۆی دا هێنا كە زۆرینەی یانە وەرزشی و كەسایەتە وەرزشی و سیاسی و هونەریەكانی جیهانیش هاوخەنی خۆیان بۆ خێزانەكەی و وەرزشی جیهانی دەربڕیوە كە یەكێك لە دیارترین كەسایەتیەكانی لەدەستداوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجیشە چەند سەعاتێك بەر لە كۆچی دوایی براینت لیبرۆن جیمس كە ئێستا یاری بۆ تیپی لۆس ئەنجلس لیكەرز دەكات توانی ریكۆردێكی كوبی بشكێنێت و بچێتە پلەی سێیەمی ریزبەندی ئەو یاریزانانەی خاوەنی زۆرترین خاڵن لە مێژووی ئێن بی ئەی كە پێشتر براینت بە 33643 خاڵ ئەو پلەیەی گرتبوو.
براینت زۆرینەی ژیانی وەرزشی لە تیپی لۆس ئەنجلس لیكەرز یاری كردوە كە لە ساڵی 1996 تا وازهێنانی لە ریزی ئەو تیپە یاری كردوەو لەگەڵشیاندا 5 جار بووەتە پاڵەوانی ئێن بی ئەی و ماوەی یاریكردنی براینتیش لە لەیكەرز بە باشترین ساتەكانی ئەو تیپە دادەنرێت لە مێژووی دا.
براینت لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەمریكاش یەكێك بووە لە دیارترین ئەستێرەكان كە 2 جار بووەتە پاڵەوانی ئۆڵۆمپیاد و میدالی ئاڵتونی لە مل كردوە.
لەماوەی 20 ساڵی یاریكردنیشی لە لەیكەرز لە ئێن بی ئەی براینت 18 جار دیاری كراوە بۆ ئەوەی بەشداری یاری ئۆڵستارز بكات و 4 جاریش بە باشترین یاریزانی ئەو یارییە دیاریكراوەو 2 جاریش بە باشترین یاریزانی قۆناغی پلەی ئۆفی ئێن بی ئەی دیاریكراوەو ساڵێكیش بە باشترین یاریزانی ئێن بی ئەی دیاریكراوەو 11 جاریش لەنێو پێكهاتەی سەرەكی ساڵی خولەكەدا بووە.
براینت لە ژیانی وەرزشی لەگەڵ تیپی لەیكەرز بە درێسی ژمارە 8 و 24 یاریكردوە بۆیە كاتێك وازهێنانی راگەیاند تیپەكەی بڕیاری دا ئەو 2 درێسە هەڵبگرێتەوەو نەیدات بە هیچ یاریزانێكی تر.
براینت لە پاڵ ئەوەی ئەفسانەی باسكە بوو یەكێك بوو لە عاشقانی تۆپی پێ و لەگەڵ چەندین یاریزان هاوڕێیەتی هەبووەو چەند جارێكیش سەردانی یانەكانی ئەوروپای كردوە لەسەرو هەمووشیانەوە یانەی بارسێلۆنا و ئەی سی میلان و چەند جارێكیش بە درێسی بارسێلۆناوە بەشداری یاری كردوە.
شایەنی باسە هەر بەهۆی لێهاتوییەكەیەوە براینت خەڵاتی رێزلێنانی زۆری پێدراوە دیارترینیان خەڵاتی ئۆسكارە كە بەناوبانگترین خەڵاتە ساڵانە دەدرێت بە باشترین ئەو كەسانەی لە جیهانی سینەمادا كار دەكەن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*