سەرەکی » ئاراستە » فایەق ئاڵەكی مانگە شەوی زینوی سپی

فایەق ئاڵەكی مانگە شەوی زینوی سپی

ئازاد سه‌راوی

پیاوێكی شەكەت و ماندوو لە ڕێگەی كوردایەتیدا، سەنگین و ژیرو لێهاتوو لە ڕۆژی نەهامەتیدا، خۆڕاگرو زەبر قورس لە هەڵمەت و بەرگریدا، بە هەڵمەت و كەمەر شكێن لە داستان و نەبەردیدا، گەنجینەیەكی بە نرخ لە هەڵمەت و پیاوەتیدا، جامانەیەكی بە خوێن سوور لە سەری زینوی سپی دا.
پێش ئەوەی خۆی بگاتە جێ‌ هەنگاوەكانی دەگەیشتن، بە دەنگی پێ‌ سەرنجی هەمووانی دەبرد پێش ئەوەی خۆی بگاتە جێ‌، خڕەی حەفتاو پێنجیەكەی بە گوێدا گوزەری دەكرد، تەق و هوڕی تاقم و تفەنگ هەندێك جاریش نەرمە كەوتن، سەرسم دان و هەڵەنگوتن، كۆكە و قسە و پێكەنینی ڕێگاو مەسافە وەرگرتن گوێچكەی هەموانی پڕ دەكرد دوای ماوەیەك لەو یاڵە سەری دەردێناو بە ملەی هەورازی دێدا سەردەكەوت، هەر چەند ڕێگا دوروو درێژو سەخت بوو بەڵام بۆ ساتێك نەسرەوت بەرەو ئاسۆ بەرەو بەرزترین لوتكە سەردەكەوت.
تیپی سی و حەوتی شارباژێڕ وەكو لە چارەی نووسرابێ‌ هەرچی بەورو یەكانەیە چی پڵنگی چنگ بە گڕە، هەرچی شێری ناو بێشەیە بازو هەڵۆی ئەو كێوانە، ئاسكی ئەو دەشت و هەردانە لەوێدا كۆببوونەوە، دەتووت هەرچی شاخ و كێوە بوونە ژنە شاخی شۆخ و كچە كێوی باڵابەرزو، بە هەڵۆو شێرو پڵنگ و یەكانەوە دووگیان بوون و كێوەكانیان بە بێچوەكانیان تەنیوە.
زینووی سپی، بە هەورازو دۆڵی كپی، پرسەی فایەقیان گرتووە، چونكە فایەق هێندەی گەوەی ئەو كێوانە بە بارستایی ئەو دۆڵە گوللەو قاوەنی تەقیوی هەڵوەریوی لە پەنجەرەی زامنەوە هەڵڕشتووە لە ژێر بەلەپیتكەیەوە پۆلە گوللە فێری باڵە فڕە بووە چونكە فایەق ملوانكەیەك لە قاوەنی هەڵوەریوی كردووەتە ملوانكەی ملی ئەو داستانە، هەتاكو ببێتە وانە بۆ داگیركەری زەمانە.
ڕۆیشتنی فایەق جیاواز بوو لە ڕۆیشتن و ڕێكەوتنی هاوڕێكانی، فایەق ڕاست و ڕێك نەدەڕۆیشت هەڵوەستەی دەكرد دەوەستا، لە تولەڕێ‌ و لە هەورازە ڕێ‌ لایدەدا، بە دەم شیوو قەراغە ڕێدا دەڕۆیشت و دەهاتەوە سەرە ڕێگا، بە دوو چاوی تیژوو دووربین، بە هەر چوار دەوردا دەیڕوانی، ئەگەر دەنگێك، یا خود زەنگێك، یان زاڵەی پێش كاروانێ‌ یان بەرغەلێ‌، یان جریوەو قڵپە و قیڕەی داڵێك، باڵندەیەك مەلێ‌، لە دوورەوە بهاتایە، فایەق هەڵوەستەی دەكردوو گوێی دەدایە، ئەگەر تارمایی یان قوتەو ملەی ڕێگە، بهاتنایەتە بەرچاوی، یان دەنگی پێ‌ بهاتایە فایەق هێندە خاوەن هەست و گورج و گۆڵ بوو ئەتوت بەورێك لە گیانیایە، نەدەسرەوت هەتاكو دڵنیا دەبوو، دەبوو ئەو پێش بكەوتایە.
بە سەر سەری زینوی سپی مانگە شەو بوو، تا بەر بەیان دادەگیرساو ڕووناكی دەبەخشیە زینوو، دەبووە ئاو بۆ گەرووی تینوو، لە بەر بەیان ئەگەر خۆر هەڵبهاتایە و تەموو مژ ئەمبەراو بەری زینوی سپی نەگرتایەو ئەو كێوانەی نەپۆشیایە، دەستی سڵاوێكی گەرمی هەڵدەبڕی بۆ بایلۆسە، تا ئەویش بیگەیەنێتە ماوەت و چیای گوڵێ‌، دەستە سڵاوی ئەوانیش لە گەڵ خۆیدا بێنێتەوە بۆ فایەق و دوا هەواڵ و دوا بەسەرهاتیان پێ‌ بڵێ‌، پێیان بڵێ‌ بەهادین ئێستەش لە گوڵێ‌ هەر دەجەنگێ‌، لە دورەوە دەنگی قیڕەو تەقە دێ‌، پێیان بڵێ‌ بەهادین بووەتە ڕەوەزێكی چیای گوڵێ‌، هەواڵی زینووش ببات و بە چرپەوە بچرپێنێ‌ بە گوێی ماوەت و گوڵێدا، ئەبێ‌ هەواڵیان بیستبێ‌ لە بەفری زینووی سپی دا فایەق و عومەرو عەتا بوونە سێ‌ گوڵاڵەسوورە تا چاو بڕ كات زینووی سپی سوور پۆش بووەو بووەتە مەشخەڵی تۆڵە.
زۆر ئێواران زینووی سپی ڕۆشناییەكی لێ‌ هەڵدەستاو ئاگرێك بەردەبووە جەستەی، وا دەسووتا دەتوت هەرچی چڵ و پووش و گیا و پاوەنی شینكی و قامیش و برزوتە كڵپەی كردووەو ئاگری بەر بووەتە جەستە ئەو ڕۆشناییە لەو ساوە هەتا ئێستا گشت پایزێك دووبارە كڵپە دەكات و لە ناو گۆرانیبێژاندا، لە ناو لاوك و حەیراندا، بووەتە جوانترین بەستە، بۆ هۆنەرو قەڵەمە ڕەسەنەكانیش بە جوانترین دێڕو ڕستە.
پایز ڕۆیشت و بەهار هات و بەفری سپی، زینووی سپی توایەوە، بەفری تواوەی ئەو شاخە سوور دەچووەوە، تا سەرەو ژوور بڕۆیشتایە ڕەنگی دەگۆڕاو دەچۆڕا كاڵ دەبوەوە، ئەو پایزە تەرمی فایەق لە گەڵ عەتا لە ژێر بەفری ئەو ساڵەدا بە جێمابوون، هێشتا بە خاك نەسپێردرا بوون، كە تەرمەكانیان دەرهێناو بردیاننەوە بۆ شاناخسێ‌، كفنەكانیان هەر خوێناوی لێ‌ دەچۆڕا، تا بە خاكیان سپاردن و دایانپۆشین، ئەو ڕەنگە سوورە نەوەستاو ئەو ڕەنگە سوورە نەگۆڕا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*