سەرەکی » دۆسێ » محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرۆك وەزیرانی نوێی عیراقپەڕە 22

خۆپیشاندەران دەباتە حكومەت

محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرۆك وەزیرانی نوێی عیراق

محەمەد توفیق عەللاوی لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراقەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق راسپێردرا، ئەمەش لەكاتێكدایە كە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەر لە سەرەتای مانگی كانوونی یەكەمی 2019، لەلایەن پەرلەمانی عیراقەوە نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەی پەسەندكرا.
عەللاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، لە قۆناغەكانی داهاتوودا ئەركێكی قورسی دەكەوێتە ئەستۆ، بە تایبەت لە سایەی بەردەوامی تەوژمەكانی ناڕەزایی كە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی 2019وە بەغدا و شارەكانی تری ناوەڕاست و باشووری عیراقی گرتووەتەوە.

لێپرسینەوە لە بكوژانی خۆپیشاندەران
سەرۆك وەزیرانی نوێی عیراق دوای ئەوەی لە 1ی شوباتی 2020 بۆ پێكهێنانی حكومەتی راگوزەریی راسپێردرا، ڕایگەیاند، لە دژی هەر دەستوەردانێكی دەرەكی دەوەستێتەوە.
محەمەد تۆفیق عەللاوی دوای دەستبەكاربوونی وەك سەرۆك وەزیرانی نوێی عیراق لە یەكەم لێدوانی فەرمیدا رایگەیاندبوو:”داوا لە خۆپیشاندەران دەكەم بەڕێگەی ئاشتییانە داوای مافەكانیان بكەن”.
عەللاوی بەڵێندا:”ئەنجامدەرانی توندوتیژییەكان و بكوژانی خۆپیشاندەران سزا بدات، و چەك تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا بهێڵێتەوە».
بە گوتەی عەللاوی”دژ بە هەر دەستوەردانێكی دەرەكی دەوەستێتەوە و رێگە نادات عیراق ببێتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ململانێی لایەنە دەرەكییەكان”.
هەروەها بەڵێنیدابوو:”حكومەتێكی بەدوور لە پشكداریی پێكبهێنێت».
لە 1ی شوباتی 2020، سەرۆك كۆماری عیراق بە فەرمی محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ سەرۆك وەزیرانی نوێی عیراق و پێكهێنانی حكومەت راسپارد.

یەكەم پەیامی عەللاوی
محەمەد تۆفیق عەللاوی، راسپێردراو بۆ سەرۆك وەزیرانی نوێی عیراق لە تویتەری خۆی و لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا رایگەیاندبوو»كە كەمێك لەمەوبەر لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە راسپێردراوم بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ، ویستوومە پێش هەموو كەس لەڕێگەی ئەم پەیامەوە قسە لەگەڵ هاووڵاتیان بكەم، كە منیش هاووڵاتییەكی ئەم وڵاتەم».
عەللاوی جەختی لەسەر پێویستی بەردەوامبوونی خۆپیشاندەران لەسەر خۆپیشاندان و كردووەتەوە و پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندەران دەربڕیوە، چونكە بە وتەی ئەو»بەبێ‌ ئەوان هیچی پێنناكرێت».

رێكەوتنی فراكسیۆنە سیاسییەكان
بەر لە راسپاردنی سەرۆك وەزیرانی نوێ‌، فراكسیۆنە سیاسییەكان لەسەر دەستنیشانكردنی محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ سەرۆكایەتی حكومەتی ڕاگوزەریی عیراق، رێككەوتبوون.
سەرلەبەیانی 1ی شوباتی 2020 سەرچاوەیەكی ئاگادار بە میدیاكانی راگەیاندبوو”فراكسیۆنە سیاسییەكان لەسەر دەستنیشانكردنی محەمەد تۆفیق عەللاوی رێككەوتن، تا ببێتە سەرۆكی حكومەتی راگوزەری».
بە وتەی سەرچاوەكە” بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق، لەماوەی چەند كاتژمێری داهاتوودا، دەستنیشانكردنی عەللاوی رادەگەیەنێت”.
هەر لەو چوارچێوەیەدا سەرچاوەیەكی ئاگادار لە سەرۆكایەتی كۆمار بە میدیاكانی عیراقی راگەیاندبوو”فراكسیۆنە سیاسییەكان لەسەر دەستنیشانكردنی محەمەد تۆفیق عەللاوی رێككەوتوون، بۆیە ئەگەرەكان ڕوو لەوەن، ئەو كەسێتییە بۆ سەرۆكایەتی حكومەت كاندید بكرێت”.
بە وتەی سەرچاوەكە”بابەتەكە بەڕێژەی لەسەدا 100 یەكلایی نەكراوەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لایەنە سیاسییەكان لەگەڵ ئەوەی لەسەر عەللاوی ڕێككەووتوون، هەوڵ دەدرێت رەزامەندی شەقامیش بۆ كاندیدكردنی دەستبەر بكرێت”.

بەڵێنە پێشینەكان
محەمەد تۆفیق عەللاوی، سەرۆك وەزیرانی نوێی عیراق لە 31ی كانوونەی دووەمی 2020 و بەر لەوەی بە سەرۆك وەزیرانی نوێ‌ دەستنیشان بكرێت، بەڵێنی دابوو گەر بە سەرۆك وەزیران هەڵببژێردرێت، واز لە ڕەگەزنامەی دووەمی دەهێنێت و ئامادەشە خۆپیشاندەران لە حكومەتەكەیدا بەشداریی پێبكات.
عەللاوی لە پەیجی تایبەتی خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبوك) رایگەیاندبوو”ناوی محەمەد توفیق عەللاوی باس كراوە وەك كاندید بۆ سەرۆكایەتی وەزیران، زانیاریی ئەوەی هەیە كە داواكاریی جەماوەر ڕەتكردنەوەی ئەوانەیە كە نابێت سەرۆك وەزیران دوو ڕەگەزنامەی هەبێت، زۆرێك محەمەد تۆفیق عەللاوی ناناسن، بۆیە دەیەوێت بەوانە بڵێت كە نایناسن، ئەو لەو جۆرە كەسانە نییە كە بەڵێنەكانیان جێبەجێ‌ ناكەن”.
بە وتەی عەللاوی”گەر بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ڕابسپێردرێت، بەڵێن دەدات دەستبەرداری ڕەگەزنامەی دووەمی ببێت، لەگەڵ ئەمەشدا داوا لە هیچ حزب و فراكسیۆنێكی سیاسی ناكات بۆ پۆستەكە كاندیدی بكەن، بەڵام داوایان لێدەكات ڕێگرنەبن لە خۆكاندیدكردنی بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی بەدوور لە پشكداریی سیاسی و حزبی، حكومەتێك كە لە كەسانی سەربەخۆ و كارامە و بێخەوش پێكبهێنرێت، لەگەڵ بەشداریپێكردنی هەندێك لە خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەكان لەسەر ئاستی وەزاری و ئاستەكانی تر”.

هەڵوێستی موقتەدا سەدر
رابەری ڕەوتی سەدر هەڵوێستی خۆی لەسەر كاندیدكردنی محەمەد تۆفیق عەلاوی بۆ سەرۆك وەزیرانی نوێی عیراق راگەیاند.
سەدر لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) بڵاویكردەوە:”پێویستە سەرۆك وەزیرانی نوێی عیراق پەلە بكات لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە”.
موقتەدا سەدر نووسیبوی:”پێویستە كاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق ملكەچی گوشارە ناوخۆیی و دەرەكییەكان نەبێت و بەرنامەی حكومەتەكەی ئاشكرا بكات”.
بە وتەی رابەری رەوتی سەدر”هیوادارین برامان محەمەد عەلاوی، شكۆ و سەروەری بۆ عیراق و هێزە ئەمنییەكانی بگێڕێتەوە”.
موقتەدا سەدر پێیوایە:”ئەمڕۆ بڕیاردەدەم و ڕێگەنادەم هیچ لایەنگرێكی من هەڵپەی وەرگرتنی پۆست لەو كابینەیدا بكات یاخود ببنە لەمپەڕ لەبەردەم پێكهێنانی كابینەكەدا”.

هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیران و هەڵبژاردنی پێشوەخت
پێشتر ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای ئاینی لە عیراق لە 31ی كانوونی دووەمی 2020 ڕایگەیاندبوو، درێژەكێشانی تەنگژەكان لە بەرژەوەندی عیراق نییە و پێویستە سەرۆك وەزیران هەڵببژێردرێت و زەمینەسازی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت بكرێت لە وڵاتدا.
هەینی رابردوو، واتا پێش رۆژێك لە دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێ‌، عەبدولمەهدی كەربەلائی نوێنەری ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای ئاینی لە عیراق لە وتاری نوێژی هەینی لە نەجەف رایگەیاندبوو”مانەوەی ڕەوشەكە بەمشێوەیەی ئێستا لە بەرژەوەندی عیراق نییە، بۆیە پێویستە سەرۆك وەزیرانی نوێ‌ هەڵببژێردرێت و زەمینەسازی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت بكرێت” ، ڕەخنەی توندیشی لە هێزە ئەمنییەكان گرت كە هێزی لەڕادەبەریان بەرانبەر بە خۆپیشاندەران بەكارهێناوە.
هەر لە وتارەكەدا عەبدولمەهدی كەربەلائی وتی”چوار مانگ بەسەر خۆپیشاندانەكانی ناڕەزایی دژ بە گەندەڵی تێپەڕیوە، لەم ماوەیەدا خوێنی زۆر كەسی بێ تاوان ڕژاوە و بە هەزاران هاووڵاتی بریندار بوون، ئێستاش پێكادان لێرە و لەوێ بەردەوامە و قوربانی زیاتر دەدرێت”.
بە وتەی كەربەلائی”مەرجەعیەتی ئاینی سەرەڕای ئیدانەی كردنی بەكارهێنانی توندوتیژی بەرانبەر بە خۆپیشاندەران لە كوشتن و ڕفاندن ئەشكەنجەدان، بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخوازیش لەڕێی بەكارهێنانی توندوتیژی ڕەتدەكاتەوە، لە هەمان كاتدا هێرشكردنە سەر هێزە ئەمنییەكان و فەمانگە حكومییەكان و كاریی تێكدەرانەش لەلایەن هەندێكەوە ڕەتكردێتەوە كە زیان بە ئاسایش و سەقامگیریی و سەلامەتی هاووڵاتیان دەگەیەنن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*