سەرەکی » وتار » جەمال ئارێز » ئەو کودەتایەی سیمای دەوڵەتی دامەزراوەیی هەڵتەکاندپەڕە 3

لە 57 هەمین ساڵەی شوباتی رەشدا

ئەو کودەتایەی سیمای دەوڵەتی دامەزراوەیی هەڵتەکاند

گەرچی لە سەرەتای پێکهێنانییەوە لە 1921 هەرگیز عیراق سیمای دەوڵەتێکی بەخۆوە نەبینیووە کە هاووڵاتییانی ناو ئەو چوارچێوە پێکەوەلکێنراوە بتوانن هەست بە هاووڵاتیبوونی خۆیان بکەن و هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی وەک یەک ئینتیمایان بۆی هەبێت، بەڵام لانیکەم چ لەسەردەمی ئینتیداب و پاشایەتی و چ لە دوای کودەتاکەی قاسم بەسەر سیستمی پاشایەتیدا لەوە نزیک ببۆوە کە سیمای دەوڵەت بەخۆوە بگرێت و لانیکەم چالاکیی سیاسی و رووناکبیریی تاڕادەیەک ئازادانە و بەگوێرەی یاسای ئەو رۆژگارە پیادە دەکرا، بەتایبەتی لە سەرەتاکانی سیستمی کۆماریدا.
بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان لەو رۆژگارەدا دامەزراوەکانی دەوڵەتی عیراق بەرەو خەمڵین و بگرە چەسپین رۆیشتوون، هەربۆیە کودەتاچییەکانی 8 شوباتی 1963 بە ئازادانە ئامادەکارییان بۆ کودەتاکەیان کرد و ئەو حکومەت و دامەزراوە سوپایی و سیاسییەی ئەوان دروستیان کرد بەجۆرێک پەیکەرەکەی داڕێژرایەوە کە هیچ سوپا و هێزێک نەتوانێت لەسەروو سیاسییەکانەوەبێت و هەر لەو رۆژگارەوە دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی عیراق ئایدیۆلۆژیزەکران بەو جۆرەی حزبی بەعس دەیخواست کە تەنانەت بەجۆرێک کاڵا بەقەد باڵای ئایدیۆلۆژیای بەعس بڕدرابوو کە سەرەڕای کودەتای دواتری قەومییە شۆڤێنییەکانیش بەماوەیەکی کەم بەعسییەکان توانییان لە 1968دا جڵەوی دەسەڵات لەڕێی جەنەراڵە بەعسییەکانی ناو سوپاوە بگرنەوە دەست و مێژووی درێژخایەنی 1968 – 2003ش گەواهیی ئەوە دەدەن کە ئەگەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکان نەبوونایە تا ئەم چرکەساتەش هەر رژێمی بەعس فەرمانڕەوا دەبوون.
شوێنەوارەکانی ئەو کودەتایە بەسەر زهنی بەشێک لە عیراقییەکانەوە بەجۆرێک بەجێماوە، کە لەدوای 2003 وەو نزیکەی 17 ساڵە هێشتا دروشمە شۆڤێنییەکان و داڕشتنی نەخشەی سیاسیی و دیمۆگرافیای عیراق لە ژێر نەخشەسازیی ئەو حزبەدا بەجۆرێک داڕێژراوە کە زۆربەی ئۆپۆزسیۆنە سوننە و شیعەکانی دوێنێی بەعسیش هێشتا لەسەر هەمان نۆتەی کودەتاکانی 1963 و 1968 ئاواز دەژەنن و ئەوەش بەجۆرێک بۆتە کەلتوور تەنانەت هێزە رەسەن و پێشکەوتنخوازەکانیش یان ناوێرن لێی لابدەن یان هەر بەڕاستی کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئەو کەلتوورەوە.

 280 جار بینراوە