سەرەکی » دۆسێ » رێكه‌وتنی‌ نێوان پوتین و ئه‌ردۆغان و رۆحانی‌ چی‌ ده‌گه‌یه‌نێت؟

رێكه‌وتنی‌ نێوان پوتین و ئه‌ردۆغان و رۆحانی‌ چی‌ ده‌گه‌یه‌نێت؟

رۆژنامه‌یه‌كی‌ فه‌ره‌نسایی‌ پێیوایه‌، ئه‌و رێكه‌وتنه‌ی‌ له‌نێوان فلادیمێر پۆتین سه‌رۆكی‌ روسیا و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی‌ توركیا و حه‌سه‌ن رۆحانی‌ سه‌رۆكی‌ ئێراندا كراوه‌، مانای‌ سه‌ره‌تای‌ كۆتایی‌ جه‌نگ ناگه‌یه‌نێت له‌ سوریا، به‌ڵكو كۆتایی‌ ده‌ستپێكرنی‌ داڕشتنی‌ چاره‌سه‌ره‌.
رۆژنامه‌ی‌ لیزیكۆی‌ فه‌ره‌نسایی‌ نوسیویه‌تی‌»مۆسكۆ چاودێری‌ پرۆسه‌یه‌كی‌ سیاسی‌ نا مسۆگه‌ر ده‌كات له‌ سوریا و لایه‌نه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ سوریاش كه‌ له‌م ماوه‌یه‌ی‌ دواییدا له‌ ریاز كۆبوونه‌وه‌، گاڵته‌یان به‌ پێشنیازه‌كانی‌ مۆسكۆ و ئێران و توركیا دێت بۆ چاره‌سه‌كردنی‌ قه‌یرانی‌ سوریا».
رۆژنامه‌كه‌ وایده‌بینێت كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ پۆتین و رۆحانی‌ و ئه‌ردۆغان، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ 22ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2017دا له‌ سه‌یرانگای‌ سوچی‌ روسیا، له‌سه‌ر سازدانی‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ ئاماده‌كاری‌ بۆ لایه‌نه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ سوریا و نوێنه‌رانی‌ حكومه‌تی‌ سوریا ریكه‌وتوون شێوازی‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ نیشتمانی‌ سوریی‌ دابڕێژن، و پۆتین ئه‌و كاره‌ی‌ وه‌ك هه‌لێكی‌ راسته‌قینه‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ ناكۆكییه‌كان داناوه‌.
به‌ڵام رۆژنامه‌كه‌ پێیوایه‌، ئه‌وه‌ مانای‌ ده‌ستپێكردنی‌ كۆتایی‌ جه‌نگی‌ سوریا ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵكو ده‌بێته‌ كۆتایی‌ ده‌سپێكردنی‌ داڕشتنی‌ چاره‌سه‌ر، توركیاش له‌و باره‌یه‌وه‌ خۆپارێز و رێگره‌ له‌به‌رده‌م ئاماده‌بوونی‌ هێزه‌ كوردییه‌كان له‌ كۆنگره‌ و دانوستانه‌كانی‌ داهاتوو، به‌ تایبه‌ت كه‌ ئه‌و هێزانه‌ ناوچه‌كانی‌ باكووری‌ سوریایان كۆنترۆڵ كردووه‌.
باسی‌ له‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ له‌ هه‌مان رۆژی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ سوچی‌، لایه‌نه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ سوریا- كه‌ ده‌گوترێت نوێنه‌رایه‌تییه‌كی‌ سه‌نگینیان هه‌یه‌ تا پشتیوانی‌ وڵاتانی‌ خۆرئاوایی‌ ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن-له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ ریازدا مه‌رجی‌ قورسیان داناوه‌ كه‌ بۆ ده‌ستپێشخه‌رییه‌ سێ‌ قۆڵییه‌كه‌ی‌ (روسیا، توركیا، ئێران) ئه‌سته‌مه‌، چونكه‌ ته‌ئكیدیان له‌سه‌ر داواكاری‌ وازهێنانی‌ به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی‌ سوریا كردووه‌ته‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات له‌ سه‌ره‌تای‌ قۆناغی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ سیاسی‌، ئه‌وه‌ش له‌لایه‌ن مۆسكۆوه‌ ره‌تده‌كرێته‌وه‌.
هه‌مان رۆژنامه‌ رونیكردۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ی‌- ئاماده‌ی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ ریاز بوون به‌ 140 نوێنه‌ره‌وه‌، خۆیان به‌ پابه‌ند داده‌نێن به‌ رێڕه‌وی‌ دانوستانه‌كانی‌ جنێڤ كه‌ له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌كرێت-و له‌لایه‌ن شانشینی‌ عه‌ره‌بی‌ سعودیه‌وه‌ پشتیوانی‌ لێده‌كرێت.
رۆژنامه‌ی‌ لیزیكۆ ئاماژه‌ به‌ كێبڕكێكردنی‌ كۆبوونه‌وه‌كان و ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانی‌ ژێر چاودێری‌ روسیا و توركیا و ئێران ده‌كات له‌گه‌ڵ دانوستانه‌كانی‌ جنێڤ.
رۆژنامه‌ فه‌ره‌نساییه‌كه‌ ده‌ڵێت» هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات كه‌ له‌لایه‌ن خۆرئاواوه‌ پشتیوانی‌ ده‌كرێن، دانوستانی‌ (جنێڤ)یان پێباشه‌ كه‌ به‌ سه‌ركردایه‌تی‌ ستیڤان دی‌ مستۆرا نوێنه‌ری‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌ به‌ڕێوه‌چێت، وێرای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و دانوستانه‌ كه‌ له‌ ساڵی‌ 2014وه‌ ده‌ستی‌ پێكردووه‌ و گه‌یشتووه‌ته‌ حه‌وت گوڕ، هیچ پێشكه‌وتنێكی‌ نه‌هێناوه‌ته‌دی‌.
لوتكه‌ی‌ سوچی‌ سێ‌ قۆڵی‌ تایبه‌ت سوریا كه‌ سه‌رۆكه‌كانی‌ توركیا و روسیا و ئێرانی‌ له‌خۆگرت، داوای‌ له‌ نوێنه‌رانی‌ هه‌ریه‌ك له‌ حكومه‌تی‌ سوریا و ئۆپۆزسیۆنی‌ كردووه‌، به‌شدارییه‌كی‌ بونیاتنه‌ر له‌ كۆنگره‌ی‌ دیالۆگی‌ سوریدا بكه‌ن.
به‌یاننامه‌ی‌ كۆتایی‌ لوتكه‌كه‌، ئاماژه‌ی‌ به‌ بانگه‌شه‌ی‌ سه‌رۆكه‌كانی‌ ئه‌و سێ‌ وڵاته‌ كردووه‌ بۆ «نوێنه‌رانی‌ حكومه‌تی‌ سوریا، و ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ی‌ پابه‌نده‌ به‌ به‌ یه‌كێتی‌ و یه‌كپارچه‌یی‌ وڵاته‌كه‌، تا به‌شداریی‌ له‌ كۆنگره‌ی‌ دیالۆگی‌ سوریادا بكه‌ن».
لوتكه‌ی‌ سوچی‌ نێوان پۆتین و ئه‌ردۆغان و رۆحانی‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ كۆتایی‌ ده‌ستپێكردنی‌ هه‌وڵه‌كانه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ قه‌یرانی‌ سوریا، بۆ رازیكردنی‌ توركیاش به‌ واقعی‌ ره‌خساو له‌ سوریا و مانه‌وه‌ی‌ سه‌رۆك به‌شار ئه‌سه‌د له‌ ترۆپكی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ وڵاته‌كه‌.
توركیا كه‌ تا رابردووه‌یه‌كی‌ نزیك، پشتیوانی‌ له‌ خواستی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ سوریا ده‌كرد بۆ ده‌ستهه‌ڵگرتنی‌ بێ‌ مه‌رجی‌ ئه‌سه‌د له‌ كورسی‌ ده‌سه‌ڵات له‌ سوریا، له‌ئێستادا ته‌نیا ده‌یه‌وێت خۆرئاوا و به‌ تایبه‌ت ئه‌مریكا، پشتیوانییه‌كانی‌ بۆ یه‌كینه‌كانی‌ پاراستنی‌ گه‌ل «یه‌په‌گه‌» و هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات «هه‌سه‌ده‌» رابگرێت كه‌ وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆسه‌ر ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ ته‌ماشان ده‌كات.
له‌به‌رانبه‌ر ره‌چاوكردنی‌ هه‌ریه‌ك له‌ روسیا و ئێران كه‌ هه‌ژمونێكی‌ فراوانیان هه‌یه‌ له‌ سوریادا، توركیا ئاماده‌یه‌ له‌ ئاینده‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌سه‌د ئاسایی‌ بكاته‌وه‌ و گۆڕانكاریی‌ له‌ سیاسه‌ته‌كانیدا بكات له‌ سوریا.
سوچی‌ و هه‌ر پێكگه‌یشتنێكی‌ تری‌ نێوان مۆسكۆ و ئه‌نقه‌ره‌ و تاران، له‌ خولگه‌ی‌ ئه‌و بازنه‌یه‌ تێناپه‌ڕێت و له‌پێناو پارێزگاریكردن و مسۆگه‌ركردنی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان،و له‌وه‌ش زیاتر بۆ خواردنه‌وه‌ی‌ شیرینی‌ ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌یه‌ كه‌ روسیا و ئێران به‌ده‌ستیانهیناوه‌ و پێیان باشه‌ توركیاش هاوبه‌ش بكه‌ن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*