رۆژنامه‌ی «ئیندپندنت»ی بریتانی باس له بارودۆخ و گهزهرانی دانیشتوانی شاری غۆته‌ی شه‌رقی ده‌كات له سوریا و له‌و باره‌یه‌وه له راپۆرتێكیدا و له زاری شایه‌تحاڵه‌كانه‌وه، «بارودۆخ و گوزه‌رانی شاره‌كه به كاره‌ساتبار» وه‌سف ده‌كات.
له‌م ساته‌وه‌خته و له ساڵی رابردوو، هێزه‌كانی سه‌ر به به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی سوریا دوایین هێرشیان كرده سه‌ر شاری حه‌ڵه‌ب كه له‌لایه‌ن ئۆپۆزسیۆنه‌وه كۆنترۆڵ كرابوو. به‌پێی سه‌رچاوه خۆرئاواییه‌كان، «له ئۆپه‌راسیۆنی (فجر النصر)دا چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراوی وه‌ك بۆمبه هێشووییهكان به‌سه‌ر ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌دا خراونه‌ته خواره‌وه كه دهنیشتوانهكهی به‌هۆی گه‌مارۆی چه‌ندان مانگه‌وه به‌ده‌ست برسێتییه‌وه ده‌یانناڵاند، به‌هۆی ئه‌و هێرشه‌وه كه 5 هه‌فته به‌رده‌وام بوو، زیاتر له 600 مه‌ده‌نی كوژران».
له راپۆرته‌كه‌ی «ئیندپندنت»دا هاتووه:»دوای 4 ساڵ له خه‌بات له دژی حكومه‌ت، دوایین مۆڵگه له شاره‌كه كه پێشتر له‌ژێر كۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆنی سوریادا بوو راده‌ستكرا».
له‌ئێستاشدا غۆته‌ی شه‌رقی كه یه‌كێكه له مۆڵگه‌كانی ئۆپۆزسیۆن و نزیكه‌ی 400 هه‌زار كه‌سی تێدا ده‌ژی، رووبه‌ڕووی هه‌مان چاره‌نوس بۆته‌وه. ده‌بوو ئه‌و ناوچه‌یه له‌چوارچێوه‌ی رێكه‌وتنی هێوركردنهوهدا بوایه كه پێشتر به نێوه‌ندگیری توركیا و ئێران و روسیا له‌م ساڵدا به ئه‌نجام گه‌یشتبوو، به‌ڵام چاودێرانی خۆرئاوایی و ئۆپۆزسیۆن ده‌ڵێن، شه‌ڕكردن له چه‌ند میحوه‌رێكه‌وه له‌و ناوچه‌یه به‌رده‌وامه.
له‌م چه‌ند هه‌فته‌یه‌ی رابردوو، غۆته‌ی شه‌رقی به‌شێوه‌یه‌كی نیمچه به‌رده‌وام له‌لایه‌ن هێزه‌كانی حكومه‌ته‌وه، رووبه‌ڕووی هێرشی ئاسمانی و بۆردومان بۆته‌وه. به‌پێی هه‌ندێك له هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كان وه‌ك «ئیندپندنت»ئاماژه‌ی پێكردوون،» 181 هێرشی جیاجیا هه‌بووه، به هێرشی كیمیاییه‌وه كه تائێستا لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌باره‌وه نه‌كراوه، بۆیه قورسه ژماره‌ی برینداره‌كان سه‌رژمێر بكرێت، به‌ڵام به گوته‌ی چالاكوانانی ناوچه‌كه، ژماره‌ی برینداره‌كان به ده‌یان كه‌س مه‌زه‌نده ده‌كرێت».
وێنه‌ی «سه‌مه‌ر زیفدهع» كه منداڵێكی ساوای ته‌مه‌ن 35 رۆژ بوو، به‌هۆی به‌دخۆراكییه‌وه له مانگی رابردوودا گیانی له‌ده‌ستدا، ئه‌و رووداوه‌ش بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م توڕه‌یی و ناڕه‌زاییی نێۆده‌وڵه‌تی دروست كرد، به‌ڵام داواكارییه‌كان بۆ راگرتنی بۆردومان،و گه‌یاندنی یارمه‌تییه مرۆییه‌كان كه به‌بێ رێگری گه‌یشتنه ناوچه‌كه، ئه‌و توڕه‌یی و ناڕه‌زاییانه‌یان هێوركردهوه.
له هه‌مان كاتدا دانیشتوانی شاره‌كه به بێده‌نگی ده‌ناڵێنن و دۆخه‌كه‌ش تادێت روو له خراپبوون ده‌كات.
چی له غۆته‌ی شه‌رقی رووده‌دات؟
راپۆرته‌كه‌ی رۆژنامه‌ی «ئیندپندنت» له‌زاری دكتۆر قاسم عید كه له ساڵی 2015دا توانیبووی له غۆته‌ی شه‌رقییه‌وه به‌ره‌و ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان هه‌ڵبێت، بڵاویكردووه‌ته‌وه»خۆت بێنه‌ره پێش چاو كه بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك به‌ده‌ست برسێتییه‌وه بناڵێنیت. بیر له‌وه بكه‌ره‌وه كه سیستمی خۆراكیت ده‌بێته گژوگیا یان زبڵ و خاشاك»، بۆیه عید به پێویستی ده‌زانێت «هه‌موو جیهان بێته‌ده‌نگ و بڵێت نابێت برسیكردن وه‌ك چه‌كی جه‌نگ به‌كاربهێنرێت».
به‌پێی راپۆرته‌كه،»غۆته‌ی شه‌رقی چه‌ندان هێرشی سامناكی كراوه‌ته‌سه‌ر كه به دڕنده‌ترین هێرش له ماوه‌ی شه‌ش ساڵی جه‌نگی ئه‌هلی سوریا داده‌نرێن، به هێرشی گازی سارینیشهوه له ساڵی 2013 كه یه‌كێكه له خراپترین رووداوه كیمیاییه‌كان له مێژووی هاوچه‌رخ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هێڵه‌كانی گه‌یاندنی خۆراك له‌لایه‌ن قاچاخچییه‌كانه‌وه له‌پاش ئه‌و هێرشه‌ی حكومه‌ت له مانگی نیساندا پچڕان، گه‌یشتنی خۆراك و سوته‌مه‌نی و ده‌رمان له شاره‌كه‌دا روویان له كه‌مبوونه‌وه كرد و نرخه‌كانیش به‌رزبوونه‌وه‌ی گه‌وره‌یان به‌خۆوه‌بینی.
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هێرشه سه‌ربازییه‌كان و هاتنه‌به‌ری كه‌شی ساردی زستان، غۆته خۆی بۆ توندترین و ناخۆشترین وه‌رزی زستان ئاماده ده‌كات».
ڤالێری سیبالا، به‌ڕێوه‌به‌ری راپه‌ڕاندن له یه‌كێك له‌و رێكخراوانه‌ی چاودێری چه‌ند ناوچه‌یه‌كی گه‌مارۆدراو ده‌كه‌ن له سوریا ده‌ڵێت»بایه‌خنه‌دانی میدیاكان به‌و دۆخه مه‌ترسیداره‌ی له غۆته‌ی شه‌رقیدا دروستبووه، مایه‌ی سه‌رسوڕمانه».
«ئیندپندنت»له راپۆرته‌كه‌یدا پێیوایه گه‌مارۆی «برسێتی یان خۆڕاده‌ستكردن» تاوه‌كو ئێستا له‌لایه‌ن حكومه‌تی سوریاوه له جه‌نگدا ته‌كتیكێكی كاریگه‌ر بووه و به‌كارهاتووه بۆ دروستكردنی ته‌نگژه و ئاڵۆزی له‌نێوان گروپه جیاجیاكانی ئۆپۆزسیۆن، و دروستكردنی ناڕه‌زایی مه‌ده‌نییه‌كان له دژی چه‌كدارانی ئۆپۆزسیۆن. له راپۆرتێكی رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تیشدا له مانگی رابردوو، ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی سه‌رۆك به‌شار ئه‌سه‌د به ئه‌نجامدانی «تاوانی دژ به مرۆڤایه‌تی» له‌و پرسه‌دا تۆمه‌تبار كراوه.
به‌ڵام كه‌وتنی حه‌ڵه‌ب له ساڵی رابردوودا، رێڕه‌وی جه‌نگی له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه به پاڵپشتی روسیا له به‌رژوه‌ندی حكومه‌تی سوریا گۆڕی، و كۆتایی رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش)ی نزیككرده‌وه، ئه‌وه‌ش بووه مایه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ئێستادا ئه‌سه‌د بتوانێت جارێكی تر به ته‌واوی متمانه بهخۆبوهنهوه، جڵه‌وی ده‌سه‌ڵات له زۆربه‌ی ناوچه‌كانی وڵاته‌كه‌یدا بگرێته‌وه ده‌ست.
له‌م لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا لادیمێر پۆتین سه‌رۆكی روسیا له سوچی، له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی سوریا و ئێران و توركیا بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر چاره‌نوسی سوریای پاش جه‌نگ، كۆبووه‌وه.
وتوێژه‌كانی تریش كه ئامانج لێیان یه‌كخستنی زیاتر له 30 گروپی ئۆپۆزسیۆن بوو كه هاوكات له ریازی پایته‌ختی سعودیه سازكران، هیچ ئه‌نجامێكی وه‌هایان به‌ده‌سته‌وه نه‌دا، چونكه زۆرێك له لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن سوربوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه «نابێت ئه‌سه‌د رۆڵی له ئایندهی سوریا هه‌بێت».
خولی هه‌شته‌می وتوێژه‌كانی ئاشتی كه له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت له 29ی تشرینی دووه‌می 2017 ده‌ستیپێكرد. پێش ده‌ستپێكردنی ئه‌و گه‌ڕه‌ش زۆرێك له چاودێران هیچ هیوایه‌كیان به هاتنه‌دی پرۆسه‌ی ئاشتی له‌ڕێی ئه‌و وتوێژانه‌وه نه‌بوو كه ببنه مایه‌ی رێكه‌وتن و زرگاركردنی زۆرێك له‌و دانیشتوانه‌ی له غۆته‌ی شه‌رقی گیرۆده‌ی برسێتی و بۆردومان بونه‌ته‌وه.
سیبالا ده‌ڵێت»له‌وبڕوایه‌دام ئه‌سه‌د وایده‌بینێت كه ئه‌وه هێرشی كۆتاییه بۆسه‌ر غۆته‌ی شه‌رقی. ئه‌و راناوه‌ستێت تا ئه‌و كاته‌ی هه‌موو ناوچه گه‌مارۆدراوه‌كه نه‌كاته خۆڵه‌مێش و گۆڕستان».
غۆته و كاره‌ساته مرۆییه‌كان
زۆرێك له دانیشتوانی غۆته‌ی شه‌رقی وه‌ك پێشتر ئاژانسی (فرانس پرێس) ئاماژه‌ی پێكردبوو، به‌هۆی كه‌می مه‌واده خۆراكییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانه‌وه له نه‌هامه‌تییه‌كی راسته‌قینه‌دا ده‌ژین و كاروانی كۆمه‌ك و یارمه‌تییه‌كان ناگهیهنرێنه غۆته‌ی غۆته‌ی شه‌رقی تا ره‌زامه‌ندی ده‌سه‌ڵاتدارانی سوریا وه‌رنه‌گیرێت.
له مانگی ئه‌یلولی رابردووه‌وه، یه‌كه‌م كاروانی یارمه‌تی خۆراكی گه‌یه‌ندرایه ناوچه‌كانی غۆته‌ی شه‌رقی كه دانیشتوانه‌كه‌ی نزیكه‌ی 400 هه‌زار كه‌س ده‌بن، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی له‌م چه‌ند هه‌فته‌یه‌ی رابردوودا ره‌وشی مرۆیی ئه‌و ناوچه‌یه به ته‌واوه‌تی رووی له خراپبوون كرد.
به‌پێی ئامارێكی رێكخراوی كاروباریی منداڵانی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان (یۆنسێف)، زیاتر له 1100 منداڵ له غۆته‌ی شه‌رقی رووبه‌ڕووی به‌دخۆراكییه‌كی توند بونه‌ته‌وه.
وته‌بێژی رێكخراوه‌كه‌ش به (فرانس پرێس)ی راگه‌یاندبوو»232 منداڵ له حاڵتێكی زۆر خراپی بهدخۆراكیدان، و پێویستیان به فریاگوزاریی پزیشكی به‌په‌له هه‌یه تا گیان له‌ده‌ست نه‌ده‌ن، 828 منداڵی تر ئاستی بهدخۆراكییهكهیان توند و مامناوه‌نده، 1589 منداڵی تریش هه‌ڕه‌شه‌ی به‌دخۆراكییان له‌سه‌ره».
له‌م ماوه‌یه‌ی دواییدا دوو منداڵی ساوا به‌هۆی به‌دخۆراكییه‌وه گیانیان له‌ده‌ستدا كه یه‌كێكیان سه‌حه‌ر زفدهع (ته‌مه‌نی 34 رۆژ) بوو، پاش ئه‌وه وێنهگهیشی له‌لایه‌ن میدیاكانه‌وه بڵاوكرایه‌وه، له ناوچه جیاجیاكانی جیهان ده‌نگیدایه‌وه و ناڕه‌زایی نێوده‌وڵه‌تی به‌دوای خۆیداهێنا.
سه‌حه‌ر كه تاقانه‌ی دایك و باوكی بوو، به جه‌سته‌یه‌كی لاوازه كه ئێسكه‌كانی به‌ده‌ركه‌وتوون و روخسارێكی په‌شۆكاوی هه‌بوو، به قورسی هه‌ناسه‌ی پێده‌درا و ته‌نانه‌ت نه‌یده‌توانی بگرێت، وێنه‌ی ئه‌و منداڵه له‌و دۆخه‌دا جیهانی هه‌ژاند.
سه‌حه‌ر به‌ر له‌وه‌ی له نه‌خۆشخانه‌ی حه‌موریه گیان له‌ده‌ست بدات كێشی نه‌ده‌گه‌یشته دوو كیلۆگرام.
حكومه‌تی سوریا له ساڵی 2013وه گه‌مارۆیه‌كی توندی به‌سه‌ر غۆته‌ی شه‌رقیدا سه‌پاندووه و هه‌ندێك جاریش له‌پاش چه‌ند مانگێك یارمه‌تی مرۆیی پێگه‌یشتووه، ئه‌وه‌ش وای له دانیشتوانی ناوچه‌كه كردووه، شێوازیی نوێ دابهێنن بۆ مانه‌وه له ژیان و پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستییه‌كانیان.
غۆته‌ی شه‌رقی یه‌كێكه له‌و چوار ناوچه‌یه‌ی له سوریادا له مانگی ئایاری رابردووه‌وه له چوارچێوه‌ی وتوێژه‌كانی ئه‌ستانه كه به چاودێری روسیا و ئێران و توركیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئاگربه‌ستیان تێدا راگه‌یه‌ندراوه.