سەرەکی » زانست » هاورده‌كردنی بێ به‌رنامه‌ گه‌وره‌ترین كێشه‌ی ژینگه‌یی هه‌رێمی كوردوستانه‌

هاورده‌كردنی بێ به‌رنامه‌ گه‌وره‌ترین كێشه‌ی ژینگه‌یی هه‌رێمی كوردوستانه‌

سەربەست عەبدولڕەحمان

هه‌رێمی كوردوستان تائێستا وڵاتێكی پیشه‌سازی نییه‌ ، ئه‌گه‌رچی به‌ژماره‌و ناو كارگه‌مان زۆره‌ ، به‌ڵام له‌ ڕاستیا ، زۆربه‌ی ته‌نیا ناوه‌و هه‌ندێكیش ڕاگیراوه‌ ، یان هێنده‌ كه‌م به‌رهه‌مه‌‌ كه‌به‌هێنده‌ی دوكانێكی وڵاتانی ترنییه‌ . تا له‌ئه‌نجامی دوكه‌ڵ و پاشماوه‌ی كارگه‌كان كێشه‌ی ژینگه‌یمان هه‌بێت ، ژماره‌ی ئۆتۆمبیلیش گه‌رچی زۆره‌ ، به‌ڵام به‌هۆی كه‌شو هه‌واوه‌ كه‌زۆربه‌ی كات ته‌وژمێكی با هه‌یه‌ ، په‌نگ خواردنه‌وه‌ی كوشنده‌ درووست نه‌بووه‌ . هه‌رچی ئاویشه‌ جگه‌ له‌ ناوه‌ندی شاره‌كان و كه‌مێ ده‌ورو به‌ریان ، سه‌رچاوه‌ی ئاوی خاوێن زۆره‌ ، ڕێژنه‌ بارانیش ساڵانه‌ چه‌مو ڕوباره‌كان ڕاده‌ماڵن . به‌نیسبه‌ت خاكیشه‌وه‌ گه‌رچی له‌سه‌ره‌تادا گه‌وره‌ كردنی شارو شارۆچكه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسۆیی ڕوبه‌ڕێكی زۆری خاكی به‌پیتی كرد به‌ژێر كه‌ره‌سه‌ی بیناوه‌ ، به‌ڵام له‌ ئێستادا دروستكردنی باڵه‌خانه‌و تاوه‌ره‌كان زه‌ویه‌كی كه‌متر داده‌پۆشن ، تا ڕاده‌یه‌كی باشیش دارستان و زینده‌وه‌ری ئازاد پارێزراوه‌ .
ئه‌وه‌ی كیشه‌ی ژینگه‌یه‌ له‌ هه‌رێمدا ، هاورده‌كردنی بێ به‌رنامه‌یه‌ ، هه‌موو كه‌سێ بۆی هه‌یه‌ هه‌ركاڵایه‌ك كه‌ نرخی بگونجێ بۆ قازانجی خۆی ، به‌ترێله لێی باركات هاورده‌ی بكات ، جا ئه‌گه‌رچی ده‌زگاو دامه‌زراوه‌ی زۆرمان هه‌یه‌ كه‌ چاودێری سنورو بازاڕ ده‌كه‌ن ، تا خۆراك وكه‌لوپه‌لی خراپ و به‌زیان ، نه‌یه‌ته‌ هه‌رێمه‌وه‌ و له‌ بازاڕا نه‌بێت . به‌ڵام به‌رده‌وام ئاگادارین بڕی زۆری شتی خراپ ده‌ستی به‌سه‌را ده‌گیرێ و له‌ناوده‌برێت .
به‌كارهێنانی ئه‌و شتانه‌ی كه‌ بۆ یه‌كجاره‌ ڕوو له‌ هه‌ڵكشانه‌ ، ئه‌وشتانه‌ی كه‌ كوالیتیان باش نییه‌ ، زوو خراپ ده‌بن و فڕێ ده‌درین ، ئه‌مانه‌ كوردوستانیان كردووه‌ به‌ سه‌ره‌ نوێلكێ به‌رهه‌می پیشه‌سازی و كشتوكاڵی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر .
له‌هه‌مان كاتدا به‌هۆی نه‌شاره‌زایی و خۆ تێهه‌ڵقورتاندنی ، به‌رنامه‌ ته‌له‌ فزێۆنی وڕادیۆیه‌كان له‌بابه‌ته‌كانی ته‌ندروستی وژینگه‌ وه‌ میوانداری كردنی كه‌سانی به‌ناو شاره‌زا ، كه‌ هیچ سانسۆرێك و به‌دواداچونی بۆناكرێ ، وه‌ به‌كارهێنانی سۆشیال میدیا به‌ شێوه‌یه‌كی نادرووست له‌م بواره‌دا ، وای كردووه‌ كه‌ خه‌ڵك به‌گومانه‌وه‌ بڕواننه‌ زۆرشت له‌وانه‌ هه‌ندێك خۆراك و ئاوو ته‌ندرووستی خۆیان.
بێگومان ئه‌مانه‌ ده‌بێت هه‌ڵوێسته‌یه‌كی له‌سه‌ر بكرێ.
ئه‌گه‌رچی هه‌ندێ كار مۆڵه‌تی ده‌وێت ، به‌ڵام زۆرجار خاوه‌نكار پابه‌ندی مه‌رجه‌كان نین ، خۆ كاری كڕین و فرۆشتن تا ئێستا نه‌مۆڵه‌تی ده‌وێت وه‌ مه‌رجێكی نییه‌ .
ئه‌وه‌ی سه‌یره‌ گه‌ر ژماره‌ی موچه‌خۆرانی حكومه‌ت + ژماره‌ی پێشمه‌رگه‌و هه‌موو هێزه‌ چه‌كداره‌كان + خاوه‌ن پیشه‌كان + ئه‌وانه‌ی مۆڵه‌تی ئۆتۆمبیلی ته‌كسی و پاص و ئۆتۆمبیلی باریان هه‌یه‌+مۆڵه‌تی خاوه‌ن كارگه‌ + خاوه‌ن خواردنگه‌و گازینۆ + فرۆشیار له‌ ده‌ستگێره‌وه‌ تا خاوه‌نی سۆپه‌ر ماركێته‌كان + كرێكاری كارگه‌و كۆمپانیاكان….هتد كۆبكه‌ینه‌وه‌ ده‌بینین ژماره‌ی خه‌ڵك له‌ هه‌رێم زۆر زیاتره‌ له‌وه‌ی كه‌ به‌ ژماره‌ی دانیشتوان ده‌زانرێ . بێگومان چونكه‌ كه‌سانی به‌ هه‌ڵپه‌ی واهه‌ن چه‌ندین كاریان قۆرغ كردووه‌ . ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كه‌ هه‌ندێكه‌س بێكار بێت .
جێگه‌ی گومان نییه‌ كه‌ گه‌ر كه‌سێك له‌ كارێك زیاتری گرته‌ ئه‌ستۆ ناتوانێت وه‌ك پێویست به‌ته‌نگ كاره‌كه‌وه‌ بێت و شاره‌زایی تیا ببێت ، فڕێدانی كه‌متر ده‌بێت .
بوونی فرۆشیار له‌وانه‌ سۆپه‌رماركێت ، مینی ماركێت ، دوكان ، ئۆتۆمبیل و ماتۆر كه‌ شت ده‌گێڕن ، عه‌ره‌بانه‌و مێزو ده‌ست گێڕی زۆر وایكردووه‌ كه‌ فرۆشیاری جومله‌ باكی نه‌بێت ، چونكه‌ زۆری كڕیاره‌كانیان وه‌ بڵاو بونه‌وه‌یان له‌ هه‌موو گه‌ڕه‌ك و كوچه‌و گوندو شوێنێكی ئاوه‌دانی وگه‌شتیاری . له‌هه‌مان كاتدا موچه‌ی زۆرو بێ به‌رنامه‌ی حكومه‌ت بۆ چینی كه‌م شاره‌زاو ساویلكه‌ی خه‌ڵك . وای كردووه‌ هه‌رچی شتێك تۆزێ بریق وباق بێت گه‌ر پێویستیش نه‌بێت بكڕدرێت ، وه‌زۆر نه‌بات فڕێ بدرێت .
به‌داخه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی هاورده‌ ده‌كه‌ن زۆربه‌یان خه‌ڵكی چاوچنۆكن ، مرۆڤ دۆستی خۆشه‌ویستی كوردوستان له‌ ناخیاندا نییه‌ ، هیچ به‌ بیریاندا نایه‌ كه‌ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی كه‌ئه‌وان له‌ سایه‌یدا ، سه‌رمایه‌و بازرگانیان بۆ فه‌راهه‌م بووه‌ ، چه‌ند قوربانی و ماندووبونی ویستووه‌ . بۆیه‌ شتی واهاورده‌ ده‌كه‌ن ، كه‌ له‌و وڵاتانه‌ ڕێگه‌ نادرێت بخرێته‌ بازاڕه‌وه‌ ، وه‌خاوه‌نه‌كانیان ناچار ده‌كرێن خه‌رجیه‌كی زۆر بده‌ن بۆ شیكردنه‌وه‌یان له‌ناو بردنی . هه‌ندێك له‌و شاتانه‌ هه‌ر به‌ خۆڕایی وه‌ك هاندان به‌رامبه‌ر كڕینی كاڵای تر دده‌ن به‌ بازرگانه‌كان .
كوردوستان كه‌ سنورێكی فراوانی له‌گه‌ڵ ئێران و حكومه‌تی فیدڕاڵ هه‌یه‌ له‌ لایه‌ك و له‌گه‌ڵ سوریاو توركیا . ناكۆكی و ململانێیی ناوخۆش ، وای كردووه‌ له‌ هه‌ربازگه‌یه‌ك مه‌رجه‌ ته‌ندرووستی و كوالیتییه‌ باشه‌كان توند تر بكرێت ، ئه‌وا هاورده‌كردن له‌وێوه‌ كه‌م بكات و بازرگان كاڵاكه‌ی ببات بۆ بازگه‌یه‌كی تر ، جا هه‌ر بازگه‌یه‌ك چاوپۆشی زیاتر بكات ئه‌وا جموجۆڵی بازرگانی زیاتر بێت له‌وێدا . بێگومان داهاتیشی زیاتر ده‌بێت .
كه‌واته‌ په‌رته‌وازه‌یی له‌ لیژنه‌كانی ته‌ندرووستی و چاودێری و كوالێتی شمه‌ك وه‌ ڕێك نه‌خستنه‌وه‌یان به‌ پێی یاسایه‌كی توندو تۆڵ وه‌ به‌ستنه‌وه‌یان به‌ ده‌سه‌ڵاتێكی باڵاوه‌ . ده‌رفه‌ت ده‌دات كه‌ كاڵای ناجۆر و خۆراك و خواردنه‌وه‌ی خراپ بێته‌ هه‌رێمه‌وه‌ ، جا له‌لایه‌ك خه‌ڵك توشی ده‌ردو به‌ڵابكه‌ن . له‌لایه‌كی تریش كوردوستان ببێته‌ سه‌ره‌نوێلك ، پاره‌یه‌كی یه‌كجار زۆریش به‌ هه‌ده‌ر بچێت . شیانی باسه‌ هه‌ندێك له‌ پێكهاته‌ی ئه‌و كاڵایانه‌ كێشه‌ی ئه‌وتۆ ده‌ خوڵقێنن ، كه‌ هه‌رگیز چاره‌ سه‌ر ناكرێن و نه‌كراوه‌ .

print

 39 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*