سەرەکی » ئاراستە » پەیڤێك بۆ باوكم

پەیڤێك بۆ باوكم

رێناس عەلی مەلا*

باوكەگیان، بۆمن سەختە كاتێك دەمەوێ تەعیبر لە هەستم بكەم بەرامبەر بەتۆ، كە ئێستا لە ناوماندا نیت.
لەكاتی تۆماركردنی ئەم وشانەدا قوڵپی گریان ئەوكی تاساندووم و نازانم باس لەكام لاپەڕەی كتێبی پڕ لە شانازییت بكەم، ئێستا و زۆر جاری دیكەش هەستم بەوە كردووە كە بێ تۆیی چەند بە ژیانی ئێمەوە دیارە.
بۆ ئێمە سەختتر دەبێت كاتێ سەیری وێنەی ئەو هەموو كوێرەوەری و ئازارو سەختیانەی ژیانت دەكەین، بەڵام رەوڕەوەی ژیانی پڕ لە تێكۆشانیی كوردایەتیت سەبووری دەداتە دڵی بریندارمان.
باوكەگیان، تۆ بەو هەموو قوربانی‌و ژیانە پڕە كوێرەوەریەوە، بەو هەموو خۆشەویستییەی لای خەڵك‌و هاوڕێ‌و هاوسەنگەران، بەو خۆشەویستیەت بۆ كوردستان‌و شاخ‌و دۆڵ‌و شۆڕشەكەت، ئێمەت دڵخۆش و نیگەران كردووە. خۆشنودیمان پەیوەندی بەو سەربەرزی‌و پاكییەتەوە هەیە كە لە تەمەنی شۆڕشگێڕیتدا بەدەستت هێناوە و بۆ ئێمە وەك سەروەتێكی مەعنەوی گەورەیە. نیگەرانیشم لەوەیەدا بەو مێژووە جوانەی خەبات و بە دانەبڕانت لەكاروانی تێكۆشاندا و بە هەموو ئازارچەشتنەكانت بۆ ئەم وڵاتە، بەرپرسیاریەتی سەرشانی ئێمەت زیاترو قورستركردووە و ترسم لەوەیە نەتوانین ئەو شاخەی تۆ پێ هەڵزنای، ئێمە دەرەقەتی بێین، خۆ ئەوەش ترسێكی گەورەیە لەوەی بە نەتوانینمان، بێ وەفاییەك بەرامبەر رێبازو بیری تۆ، تۆمار بكەین.
خەون و خولیای تۆ بۆ ژیانی خۆش نەبوو، بەڵكو تێكۆشانت بۆ ریزگاریی نەتەوەكەت بوو و خەونیشت هی ئەو نەوە شۆڕشگێڕەبوو كە لە لولەی تفەنگەكەیانەوە ئاسۆیەكی روونیان بۆ داهاتوو دەبینی‌و پێیان وابوو ئینسان كائینێكی تێكۆشەرە بۆ خۆشبەختی ئەوانی دی.
ئێوە پێتان وابوو، ناشێت‌و نابێت تا هەر تاكێكی كورد دیلبێت، ئاسودەیی دەروونی بوونی نییە و شەرەفمەندایەتی لە بەردەوامی خەبات و لە تێكۆشان و شەهیدبووندایە لەپێناوی ئەوانی دیدا.
رۆحت شاد باوكە، سڵاو بۆ مێژووی پاك و پڕشانازییت ئەی عەلی ئاغای بوران.

* كوڕی كۆچكردوو

تێبینی:
*ئەم بابەتە پێشتر و لە پاشكۆیەكی تایبەتی كوردستانی نوێ بە چلەی كۆچی دوایی عەلی ئاغای بوران، لە ساڵی 2018 دا بڵاوكراوەتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*