سەرەکی » دۆسێ » رێکەوتنی سەدە لە چەند دێڕێكدا

«دوایین هەلە بۆ فەلەستینییەكان»

رێکەوتنی سەدە لە چەند دێڕێكدا

دوای چاوەڕوانییەكی زۆر، سەرۆكی ئەمریكا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی لە كۆشكی سپی بە ئامادەبوونی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، پلانە بەڵێندراوەكەی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لەنێوان فەلەستینی و ئیسرائیلییەكان راگەیاند كە بە رێکەوتنی سەدە ناودەبرێت.
پلانەكە بەردەوامبوونی دەسەڵاتی ئیسرائیلی بەسەر زۆربەی كەناری خۆرئاوادا زامن دەكات كە ئیسرائیل لە ساڵی 1967داگیری كردبوون، لەگەڵ جولەكەنشینە گەورەكەكانی كەناری خۆرئاوا بۆسەر دەوڵەتی ئیسرائیل و هێشتنەوەی شاری قودس بە یەكگرتوویی لەژێر دەسەڵات و سیادەی ئیسرائیلی.
ئیسرائیل بەڵێنیدا سنورێك بۆ چالاكی جولەكەنشینی لە كەناری خۆرئاوا بۆ ماوەی چوار ساڵ دابنێت كە وەك مۆڵەتێك بە لایەنی فەلەستینی دراوە تا بڕیار بدات بچێتە دانوستانەوە لەگەڵ لایەنی ئیسرائیلی لەپێناو جێبەجێكردنی پلانەكە.

دوایین هەلی بەردەم فەلەستینییەكان
بەڵام بەر لەوەی نەتانیاهۆ پێبنێتە سەر خاكی ئیسرائیل لەدوای گەڕانەوەی لە واشنتۆن، رایگەیاندبوو، بەشێوەیەكی تاكلایەنە پێشنیارێك بۆ كنێستی ئیسرائیلی پێشكەش دەكات بۆ لكاندنی ناوچەی دۆڵی ئەردەنی ستراتیژی و جولەكەنشینەكانی كەناری خۆرئاوا بە دەوڵەتی ئیسرائیلی.
دەوڵەتی فەلەستین بەپێی پلانەكە، پایتەختەكەی ناوی قودس دەبێت لە هەر شوێنێكی تر بێت، بەڵام پەیوەندی بە شاری قودسەوە نابێت كە بە یەكگرتوویی دەمێنێتەوە لەژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل كە پایتەختی دەوڵەتی عیبری دەبێت، پایتەختەكەی فەلەستینیش هەندێك گەڕەكی دووردەست و چۆڵی قودسی شەرقی لەخۆدەگرێت كە لە ساڵی 1967دا لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیركران.
بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە حەرەمی پیرۆزەوە هەیە لە قودس، رەوشەكە وەك خۆی دەمێنێتەوە و ئیسرائیلیش بەردەوام دەبێت لەسەر پاراستنی شوێنە پیرۆزەكان لە قودس، لەگەڵ زامنكردنی ئازادی پەرستن بۆ مسوڵمانەكان و مەسیحییەكان و جولەكە و ئاینەكانی تر.
ئەردەن بەپێی پلانەكە، وەك لە بەرپرسی مزگەوتی ئەقسا لە قودس دەمێنێتەوە.

لایەنی ئابوری
لەسەر ئاستی ئابوری، ترەمپ دەڵێت، ملیۆنێك هەلی كاری نوێ‌ بۆ فەلەستینییەكان دەخولخێنێت گەر بە جێبەجێكردنی پلانەكە رازیی ببن، لە هەمان كاتدا دەبێتە مایەی كەمكردنەوەی رێژەی هەژاری بۆ نیو هێندەی ئێستا، ئەمەش دەبێتە مایەی بەرزكردنەوەی كۆی گشتی بەرهەمی نەتەوەیی ئابوری فەلەستینی، لەگەڵ فەراهەمكردنی 50 ملیار دۆلار بۆ خەرجی پرۆژەكانی ژێرخان و وەبەرهێنان بۆ ماوەی 10 ساڵ، بۆ هەریەك لە دەوڵەتی فەلەستینی و دراوسێكانی كە لە ئەردەن و میسر و لوبنان پێكدێن.
لە قۆناغی یەكەمدا رێگە بە دەوڵەتی فەلەستینی نادرێت بەدەر لە غەززە دابمەزرێنێت و بیخاتەگەڕ، لەبری ئەوە ئیسرائیل لەڕێی هەردوو بەندەری حەیفا و ئەشدود، دامەزراوە پێویستەكان بۆ هاوردەكردن و هەناردەكردنی كاڵا و شتومەكەكان بۆ دەوڵەتی فەلەستینی لەماوەی پێنج ساڵی یەكەمدا دابین دەكات، لە دوای ئەوەش دەوڵەتی فەلەستینی لەدوای پابەندبوونی بە پێداویستییە ئەمنییەكانی دەوڵەتی ئیسرائیلی، دەتوانێت بەندەرێك لە غەززە دابمەزرێنێت. كەرتی غەززە لەڕێی تونێلێكەوە بە كەناری خۆرئاواوە دەبەسترێتەوە.
پلانەكە كە لە 181 لاپەڕە پێكدێت و لەلایەن ماڵپەڕی كۆشكی سپییەوە بە ناونیشانی «ئاشتی لەسەر رێگەی گەشەكردن» بڵاوكراوەتەوە، بۆیەكەم جار باس لە بابەتی «پەنابەرە جولەكەكان» دەكات كە مەبەست لێی ئەو جولەكانەیە بەر لە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی لە ساڵی 1948، لە وڵاتە عەرەبییەكاندا دەژیان و ژمارەیەكی زۆرییان بۆ ئیسرائیل یان وڵاتانی كۆچیان كرد.
بەڵگەنامەكە دەڵێت، ململانێی عەرەب- ئیسرائیل، ژمارەیەكی هاوتای پەنابەرانی فەلەستینی و جولەكەی خولقاند و ئەو جولەكانەی لە وڵاتە عەرەبییەكانیشەوە هەڵاتبوون، بە هەمان شێوەی پەنابەرە فەلەستینییەكان دووچاری دەردەسەری و نەهامەتی بوون.
بەڵگەنامەكە، گەڕانەوەی پەنابەرە فەلەستینییەكان بۆ ئیسرائیل داواكارییەكانی ئایندە بۆ قەرەبووكردنەوەیان رەتدەكاتەوە. ئەو پەنابەرە فەلەستینەی لە هەر وڵاتێكدایە و مافی هاووڵاتیبوونی نییە، دەخرێتە بەردەم سێ‌ رێگەچارەوە: گەڕانەوە بۆ دەوڵەتی فەلەستینی نوێ‌، یان بەپێی توانای دەوڵەتەكە بۆ بەخشینی مافی مانەوەی لەو وڵاتەی تێیدا نیشتەجێیە لەسەر رەزامەندی وڵاتەكە، یان داگرتنی لە چوارچێوەی بەرنامەی دابەشكردنی پەنابەرانی فەلەستینی بەسەر ئەو وڵاتانەی لە رێكخراوی هاریكاری ئیسلامیدا ئەندامن، بەجۆرێك كە هەر وڵاتێك ساڵانە بۆ ماوەی دە ساڵ، پێنج هەزار ئاوارە لەخۆبگرێت.
سەرۆكی ئەمریكا “رێکەوتنی سەدە”ی بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگەیاند و دەڵێت، فەلەستینییەكان شایەنی ژیانێكی باشترن، ئیسرائیلیش لەمڕۆدا هەنگاوێكی گرنگی بەرەو ئاشتی هەڵناوە، بۆیە لەو ڕووەوە سەرسام بە هەنگاوەكانی ئیسرائیل.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە 28ی كانوونی یەكەمی 2020، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە دوای شیكردنەوەی هەندێك لە وردەكارییەكانی پلانی ئاشتی بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كە بە “رێکەوتنی سەدە” ناودەبرێت ڕایگەیاند”فەلەستینییەكان شیاوی ژیانێكی باشترن و بۆ چەسپاندنی ئاشتی و هەنگاونان ڕووەوە ئەو ئاراستەیە، سەرسامم بە هەوڵەكانی ئیسرائیل”، ئاماژەی بە پشتیوانی نەتانیاهۆش كرد لە “رێکەوتنی سەدە”.
هەر لە قسەكانیدا، ترەمپ ڕایگەیاندبوو”من بۆ ئەوە هەڵنەبژێردراوم خۆم لە بڕیارە قورسەكان بدزمەوە، دەبێت ڕێڕەوی ئاشتی ببێتە بناغەی ئاشتی بۆ كۆتایی هاتنی ناكۆكییەكانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەكان، بۆیە پێویستە فەلەستنییەكانیش خۆیان نەخەنە نێو توندڕەوی و تیرۆرەوە”، پلانەكەشی بۆ ئاشتی بە ڕێككەوتنێكی مێژویی وەسفكرد.
سەرۆكی ئەمریكا لە بارەی پرۆژەكەوە وتی:”قودسی شەرقی بەپێی پلانە نوێیەكە دەبێتە پایتەختی فەلەستینییەكان و هەر لەڕێی پلانەكەی ئەوانەوە یەك ملیۆن هەلی كار بۆ فەلەستینییەكان دەڕەخسێت كە لەئێستادا لە حاڵەتێكی هەژاریی ترسناكدا دەژین”.
بە گوتەی سەرۆكی ئەمریكا، ئامانجیان لە پرۆژەكە بەدیهێنانی ئاشتی راستەقینەیە، سوپاسی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلیشی كرد كە پێشوازیی لە پێشنیارەكە كردووە و ئامادەیی خۆی بۆ سازش و دانوستانە لەپێناو ئاشتیدا دەربڕیوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*