سەرەکی » دۆسێ » نامەیەك بۆ ئەنجومەنی ئاسایش رەوانە دەكرێت

داوا دەكرێت خۆپیشاندەران بپارێزرێن

نامەیەك بۆ ئەنجومەنی ئاسایش رەوانە دەكرێت

لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیان لە ریزی خۆپیشاندەران و زیادبوونی توندوتیژی و سەركوتكارییەكان بۆ كۆتایی هێنان بە تەوژمەكانی ناڕەزایی كە بۆ زیاتر لە چوار مانگ دەچێت بەغدا و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراقیان گرتووەتەوە، داوای پاراستنی گیانی خۆپیشاندەران دەكرێت و سەرۆكی هاوپەیمانی وەتەنیەش ئاماژە بە رەوانەكردنی نامەیەك دەكات بۆ ئەنجومەنی ئاسایش، تا بكوژانی خۆپیشاندەران لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت.

نامەیەك بۆ ئەنجومەنی ئاسایش
سەرۆكی هاوپەیمانی وەتەنیە ڕایدەگەیەنێت، نامەیەكی بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕەوانەكردووە، بۆ مەبەستی لێپرسینەوە لەوانەی تێوەگلاون لە ڕشتنی خوێنی بێتاوانەكان لە عیراق.
ئەیاد عەللاوی، سەرۆكی هاوپەیمانی وەتەنیە، لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) ڕایگەیاندبوو”نامەم بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێریش سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵی وڵاتانی عەرەبی و وەزیرەكانی دەرەوەی وڵاتە ئەندامە هەمیشەییەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ڕێكخراوی كۆنگرەی ئیسلامی ڕەوانە كردووە”.
بە وتەی عەللاوی”لە نامەكەدا ڕاستییەكانی ڕووداوەكانی عیراقم خستۆتەڕوو، لەگەڵ پێویستی لێپرسینەوە لەوانەی تێوەگلاون لە ڕشتنی خوێنی خۆپیشاندەران و بێتاوانەكان و ڕاپێچكردنیان بۆ بەردەم دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان”

پاراستنی گیانی خۆپیشاندەران
هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئەحمەد سافی، نوێنەری عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی باڵای شیعەكانی عیراق رایگەیاندبوو، جگە لە هێزە ئەمنییەكان نابێت گروپ و لایەنی دیكە ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران ببنەوە.
ئەحمەد سافی لە وتاری هەینی رابردوو بە پێویستی زانیبوو هێزە ئەمنییەكان خۆپیشاندەران و گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكان بپارێزن، لەگەڵ ئیدانەكردنی كوشتنی خۆپیشاندەران، جەختی لەسەر گرنگی بەسزاگەیاندنی ئەو كەسانە كردبووەوە، كە خۆپیشاندەران دەكوژن، كە «بەداخەوە ژمارەیەك گەنج بە ناحەق لە نەجەف لەماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا شەهید كران».
بە وتەی ئەحمەد سافی»دەبێت حكومەتی نوێی عیراق كە دەچێتە شوێنی حكومەتی دەستلەكاركێشاوە، شایەنی گەل بێت و شایەنی متمانە بێت و بتوانێت شكۆی گەل بگەڕێنێتەوە و بتوانێت هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدات و ڕێگری بكات لە هەر دەستوەردانێكی ناوخۆیی و دەرەكی».
لەم ماوەیەی دواییدا «كڵاوشینەكان»ی سەر بە ڕەوتی سەدر كەوتنەتە وێزەی خۆپیشاندەران و بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ خۆپیشاندەران، چەند خۆپیشاندەرێك كوژران و بریندار بوون.
هەر لەو بارەیەوە سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر، داوا لە هێزە ئەمنییەكان كردبوو، ئەركی یاسایی خۆیان بۆ پاراستن و پارێزگاریی لە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز لە گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان، لەئەستۆبگرن.
حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر و سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراق، لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) رایگەیاندبوو”پشتیوانی لە بەردەوامبوونی خۆپیشاندانە ئاشتیخوازەكان و پاراستنیان دەكەین لەپێناو چاكسازییە ڕاستەقینەكان و ڕووبەڕووی هەموو هەوڵێكیش دەبینەوە كە بۆ بەلاڕێدابردنی دەخرێنەگەڕ”.
عەبادی بەپێویستی دەزانێت، كار بۆ ڕاگرتنی ئەو هەوڵانە بكرێت كە دەیانەوێت خۆپیشاندانەكان بەرەو توندوتیژی و پشێوی و لەگەڕخستنی ژیانی گشتی ببەن.
سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر دەڵێت”جەماوەر بۆخۆی سەرداری خۆیەتی و لەژێر ڕاسپاردەی كەسدا نییە، ئیرادەی گەلیش وێڕای كوشتن و لێدان و ترساندن، سەردەكەوێت”.

بەرپرسیارێتی یاسایی
سپۆڕێكی یاسایی عیراقی ڕایدەگەیەنێت، كوژرانی خۆپیشاندارەران لە ئەستۆی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەیە، بەو پێیەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانە.
عەلی تەمیمی، پسپۆڕی یاسایی لە پەیجی تایبەتی خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبوك) نوسیویەتی”ڕاستە حكومەتەكەی عەبدولمەهدی حكومەتی كاربەڕێكەرە، بەڵام بەپێی تێگەیشتنی دەستوری، یەكێك لە ئەركەكانی ئەو حكومەتە، پاراستنی خەڵك و پارێزگاریكردنە لە ئاسایشی گشتی”.
بە وتەی تەمیمی:”سەبارەت بە كوشتنی خۆپیشاندەرانیش كە تاوانباران بەرپرسن، بەڵام عەبدولمەهدیش لەسەر ئاستی ناوخۆ بەپێی یاسای عیراقی و یاسایی نێودەوڵەتی، بەرپرسیارێتی تەواوەتی ئەو تاوانانەی دەكەوێتە ئەستۆ، لەوە نابوردرێت كە فەرمانی دەرنەكردووە، یان ڕووداوەكە لە پارێزگەیەكی تر بووە، بەو پێیەی فەرماندەی باڵای هێزە چەكدارەكانە”.
پسپۆڕە یاساییەكە پێیوایە”ئەو تاوانانە بە كات بەسەرچوون و تێپەڕینی ماوەكان وەلانانرێن، بەڵكو دەكرێت لە هەركاتێكدا بێت بجوڵێنرێن”.

ئاماری قوربانییەكان
دوای زیاتر لە چوار مانگ لە دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی ناڕەزایی لە عیراق، كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ، ژمارەی كوژراوەكان بڵاودەكاتەوە.
ئاژانسی (سپۆتنیك)ی ڕوسی لە 8ی شوباتی 2020 لە زاری كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عیراق، بڵاوكردەوە”543 كەس لەسەرەتای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكان كوژراون كە 276 كەسیان بە تەنیا لە بەغدان، لەنێوان كوژراوەكانیشدا 17یان سەر بە هێزە ئەمنییەكانن”.
بە وتەی كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ”22 چالاكوان تیرۆركراون، 72 كەسی تر چارەنوسیان نادیارە كە پێشبینی دەكرێت هەندیكیان تائێستاش لای ئەو لایەنانەی دەستگیرییان كردوون دەستبەسەربن، ئەمەش لەلایەن ئاژانسی (فرانس پرێس)ەوە ئاماژەی پێكراوە.
كۆمسیۆن باسی لە دەستگیركردنی 2700 چالاكوانیش كردبوو كە “تائێستا 328 كەسیان هەر دەستبەسەرن”.
لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی ڕابردووەوە، خۆپیشاندان لە بەغدا و شارەكانی تری ناوەڕاست و باشووری عیراق بەردەوامە و تێیدا خۆپیشاندەران داوای هەڵبژاردنی سەرۆكێكی سەربەخۆ دەكەن بۆ حكومەتی كاتی كە لەژیر سەرپەرشتی نێودەوڵەتیدا زەمینەسازی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت بكات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*