سەرەکی » کەلتوور » سینەماچی؟!

سینەماچی؟!

هاوار مستەفا خان

بەشی چل و سێ

لەژێر ناوی» سینەما..چی؟!» کە لەبنەڕەتدا پەڕتۆکێکە و لەگەڵ چەند ئەڵقەیەکی دیکە کە لێرە لە کوردستانی نوێ بڵاوی دەکەینەوە، بیرەوەریی هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی زیاتر لە جارەگە سەدەیەکی خوێندنەوەو بینین و نووسین و رەخنەی سینەمایی و دروستکردنی فیلم و رۆشنبیریی سینەماییەو وابڕیارە لەماوەی داهاتوودا لە دووتوێی پەڕتۆکێکدا «رەنگە زیاتر»یش چاپ و بڵاوبکرێتەوە.
لێرەدا، هەوڵدەدەم چەند بیرەوەرییەکی تەمەنی جوانی و بەخۆڕایی بەفیڕۆچوونی ئەو سەردەمە باس بکەم کە چەند تامەزرۆی سینەما بووین و چەند هەوڵماندا بیگەینێ کەچی جەنگ و شەڕ و ئاشوبی هەشت ساڵەی عیراق ئیران و سیاسەت و ململانێی ناتەندروست و درێژخایەنی هێزەکانی گۆڕەپانی باشوری کوردستان لەشاخ و شار، دەیبردینەوە کۆڵانەکانی پشتەوەو هەر بەحەسرەتی ئەوەی دونیای جوانی و فانتازیی سینەماییمان دروست بکەین، بەردەوام بووین و کۆڵمان نەدا، بەڵام ساڵ دوای ساڵ سەخت و دژوارتر دەبوو بەدیەێنانی خەون و خولیاکانی گەنجی و جوانیمان، هەر ئەوەش وای لێکردین بەو جوانیەوە، جوانتر سینەما لەگەڵ خۆماندا پەروەردە بکەین.

سیناراما؛ هەرجارەی فیلمێکی سینەمایی دەستی پێکردەوە
کاتێك گۆشەی «سیناراما»م لە کوردستانی نوێ دەست پێکردەوە ئینرژیم فول بوو، توانای زیاتر لە کارێکم هەبوو، لەو جانتا شڕوشەپڕێوەی لە هەولێرەوە بەرەو ئێران بە چیای سەرکەشی قەندیل ئاودیم کردو دوای کەمتر لە (٤٠) رۆژ بە ناوزەنگ و شینێ و قەڵادزێدا هێنامەوە سلێمانی و هێشتا هەر بە شان و ملمەوەبوو جارێکی تر و لە گەڕێکی تری شەڕدا رامانکرد، سەیران بەندیشیمان بەسەرکردەوە و ئینجا بۆ جاری دووەم خۆم و گۆشەو کتێبەکانم بەسەلامەتی گەڕاینەوە سلێمانی و ئیتر داسەکناین و دوای ئەوەی رۆژنامەی رۆژانەی «کوردستنی نوێ» دەرکەوتەوەو دوای بڵاوکردنەوەی بەشی (١٠)یەمی ئەو گۆشەیەش، تڕوتفاقی (٨)هەفتەی دیکەم لەهەگبەدا مابوو، بەدوای یەکدا ریزم کردنەوەو وەك خۆرێکخستنەوەی هێزەکان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندن، بەندە یەك یەك گۆشەکانم رادەستی خاتوو کەژاڵ ئەحمەد نووسەر و شاعیر دەکرد و ئەویش بە بایەخەوە لەسەری سەرەوەی دوا لاپەڕە دایدەناو دڵی خۆش دەکردین و بە کەوتنەوە سەر رێچکەی جارانی «سیناراما» بەدوی چالاکی و بەرهەمی زیاتردا سەرقاڵی رۆژانی ئاڵتوونی کار و ژیان بووم.
گۆشەی» سیناراما – هەرجارەی فیلمێکی سینەمایی» تێیدا هەرجارەی فیلمێك کە بە سستم و کامێرای سینەمایی کاری تێداکرابوو لەدوای ناوی خۆم لەژێرە تا دوا ئەڵقە هەر دەمنووسی «گروپی یسنەمای کوردستان» لەکاتێدا گروپ بەبێ دەنگی هەڵوەشابۆوە.
یەکەم ژمارەی «سیناراما» لە ٢٢-٧-١٩٩٦ بڵاوکرایەوەو دوا ژمارەشی لە ١٧-٦-١٩٩٧ بڵاوکرایەوە کە لە کۆتاییدا بە وتارێك لەژێر ناونیشانی»دوا قسەکانی سیناراما دوای ٢١ فیلم» بەبێ ئەوەی ناوی گروپی سینەمای کوردستان لەژێر ناومدا بنووسم، کۆتاییم بەو گۆشەیە هێنا.
لەو گۆشەیەدا ژمارەیەکی باشی ئەو فیلمانەم ناساند و تۆمارم کردن کە بۆ خۆم مایەی سەرسوڕمان بوون ئێمەی کورد بەو سەختیە کار لەو کایە هونەرییە گرنگە دەکەین و خەڵات و شکۆنامەی بەرزیش بەدەست دێت بەبێ ئەوەی ستاتۆیەکی سەربەخۆمان هەبێت.

وازهێنانم لە تەلەفزیۆن
ئەگەرچی شەڕی ناوەخۆ گەرم بوو، بەڵام شار بە سەرەتایەکی زۆر جوانی جوڵەی هونەریی و چالاکی هونەریی و ئەدەبی دەستی پێکرد کە بەراستی بۆ هەندێکمان بەهیچ شێوەیەك لەوە نەدەچوو لەناو دۆخی شەڕدابین.
ئەوکاتەی بەندە لەئەوجی خۆشی و جموجۆڵی هونەری و میدیاییدا بووم، بە هیچ شتێك قەڵس نەدەبووم بەو بەیاننامانە نەبێت کە لایەنەکان دژی یەکتریان دەردەکرد و بە هەڕەشە و گوڕەشەو زمانێکی زبر دەنووسران و بڵاودەکرانەوە کە شەوان بۆ سیمای بەندە دەبوونە مۆتەکەو هەرچەند لەکاتی خوێندنەوەی هەواڵی تاقەتپڕوکێنی سیاسیی و سەربازیی و بەیاننامەکان، پرچم لە پشتەوە دەبەست بەجۆرێك هەبوون نەیاندەزانی یان گومانیان دەکرد ئەو قژ درێژە هەمان ئەو بێژەرە بێت کە بە قژێکی کورت لە ستۆدیۆی هەواڵەکان دەردەکەوێت، تەنانەت جارێكیان لەگەڵ هاوڕێیەکمدا لە جادەی ساڵم بەرە و سەهۆڵەکە شۆڕ دەبووینەوە، ئەویش هاوڕێیەکی لەگەڵدا بوو، بەشەرمەوە وتی: ئەرێ ئەوە تۆنیت لە تەلەفزیۆنی زەحمەتکیشان دەردەکەویت؟ ووتم: نەخێر. یەکسەر هاوڕێکەم بە هاوڕێکەی خۆی ووت؛ وەڵا دۆڕام، ووتم: بۆچی دۆڕای، ووتی؛ ئەو هاورێیەم گرەوی کرد کە تۆ بێژەرەکەی، منیش ووتم ئەو نیەو هاوڕێمە باش ئەیناسم کەچی ئەو دەرچووی، هەرسێکمان قاقامان گەیشتە کەشکەڵانی فەلەك، کچەکان بەرەو سەهۆڵەکە رۆیشتن و منیش خۆم کرد بە سەنتەری لاوان «TDC».
کاتەکانمان سەرلەبەری رۆژ بە ئیش بەسەر دەبرد، هەفتانە رۆژێکمان هەبوو بۆ پشوو، دەمانتوانی کاتێکی خۆش بەسەربەرین، شەوانیش وەك هەمووجارێك لەگەڵ هاوڕێیانی ئەدیب و هونەرمەند و رۆژنامەڤانان لە یانەی فەرمانبەران بەدڵی خۆمان مەست دەبووین و بەیانیان کە لەخەو هەڵدەستاین بەزەحمەت دەمانزانی شەو چۆن گەراوینەتەوە.
رۆژ هاتوو رۆژ چوو، وردە وردە کەڵکەلەی کارکردن لە میدیایەکی ئەهلی لەکەلەیدام، هیچ دەرفەت نەبوو جگە لە رۆژنامەی «ئەمڕۆ». بەڵام جموجۆڵی سیاسیی و ئەدەبی و هونەریی زۆر بەخێرایی گەشەی کرد، بۆیەکەمجار بوو تەلەفزیۆنێك بە دەنگ و رەنگەوە دەربکەوێت و باسی سیاسەت بەدڵی خەڵك بڵاوبکاتەوە نەك بە دڵی سیاسییەکان.

تەلەفزیۆنی خاك
تاکە کەناڵ بوو، یان یەکەم کەناڵ بوو لە هەموو هەرێمی کوردستان تەنانەت سەرتاپای کوردستان کە بە ئەزموون و تێگەیشتنی کەسایەتییەکی کوردیی خۆکردیی دابمەزرێت و پەخشی خۆی لە سنوری ئیدارەی سلێمانی بە بینەرانی دورترین شوێن بگەیەنێت و کەمترین ماوە بۆ سیاسەت تەرخان کرابوو کەس لە داڕشتنی هەواڵیشدا نەیدەتوانی بە تۆخی توخنی سیاسەت بکەوێت، جارێکیان هێرۆخان کە پێمان دەووت» دادە، زانیبووی دوو هەواڵی مام جەلال بەدوای یەکدا خوێندرابۆوە، وتی؛ رۆڵە ئەوە بۆچی دوو هەواڵی مامتان داناوە؟ منیش وتم؛ دوو بابەتی جیاواز بوون. وتی دە جارێکی تر شتی وا دوبارە نەکەنەوە؟!.
ئەو کەناڵە ناوی خاك تیڤی بوو لە ١-٣-١٩٩٧ دامەزراو بەندە بۆ ماوەی کەمتر لە ساڵێك کارم تێیدا کرد.
دەمەوێت ئەوە باس بکەم؛ چۆن بوو چومە ئەو کەناڵە. وەك باسم کرد شەوان بەهۆی هەواڵی درشت و بەیاننامەی زبرو دوبارە بوونەوەی هەواڵی سیاسیی حزب و کەسایەتییەکان، وای لێکردم بەجۆرێك لە جۆرەکان خۆم لەو دوو رۆلەی دەیبینم رزگار بکەم، رۆڵێك شەوان بێژەر و سیاسەت سەنتەرە، بە رۆژیش سینەماییانە دەردەکەوتم و گەنگەشەو باس و خواستی نێوان هاوڕێیانی هونەرمەندم تەنها سینەما بوو، هەر بەهۆی دەستکردن بەبڵاوکردنەوەی فۆڕمی کۆکردنەوەی زانیارییەکانی سەر فیلمە کوردییەکانیش زیاتر لە کەشێکی سینەماییدا ژیانم بەخۆشی تێدەپەڕی. هەواڵی ئەوەشم زانیبوو کە کەناڵێکی زۆر سەربەخۆ لەکاردایە و خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بە ناوی خاك دایمەزراندووە و راستەخۆ سەرپەشتی دەکات.
شەوێکیان بەیاننامەیەکی توندوتیژی توێژێکی دیاری رێکخراوێکی گرنگ هاتە بەردەستم و هێشتا هەر لەناو ستۆدیۆدابووم، بەیاننامەکەیان هێناو وتیان بیخوێنەوە، منیش بەهۆی راپۆرتێکی دورودرێژەوە دەرفەتم بۆ رەخسا جارێك بیخوێنمەوە نەوەکو هەڵەی زۆر بکەم سەیر ئەکەم ئەو رێکخراوە کەوتۆتە ناو زراندنی سومبولەکانی هێزە دژەکە!. منیش بەهۆی ئارەقە کردنەوە لەو ژێر زەمینەی ناوی ستۆدیۆی هەواڵ بوو، زۆر تورە بووم و دوا هەواڵم خوێندەوە و یەکسەر بەیاننامەکەم دڕاند. وتیان هاوڕێ هاوار ئەوەچیت کرد بۆ نەتخوێندەوە؟!. وتم؛ تو ویژدانتان رێکخراوی (…..)چ پەیوەندییەکیان بەشەڕەوە هەیە، دوایی شەرم نیە ئەوانە لە بەیاننامەدا جنێو ئەدەن؟!. ئیتر بووە دەرفەت و وازهێنانم راگەیاند و مانگێك مامەوە تا بێژەرێکی تر ئامادەکرا و حزبیش بوو هیچ گرفتی لەگەڵ خوێندنەوەی ئەو جۆرە بەیاننامانە نەبوو، دڵی بەو دۆخە خۆش بوو، ئەو ماوەیە بۆ راهێنان لەگەڵیدا مامەوەو زۆر بەخۆشی و بە ئارامی وازم لە تەلەفزیۆنی زەحمەتکێشان هێنا بەڵام پەیوەندی برادەرانەم لەگەڵ هەموان مایەوەو بەو هەموو نیگەرانیەشیانەوە، بەڵام هەر پێیانخۆش بوو کە من لە شوێنێکی باشتر کار بکەم و پانتاییەکی هەبێت ئازادانەو بەویستی خۆم کار بکەم و موچەکەشی باشتر بێت.
بەمجۆرە؛ بە فرمێسک و پێکەنینەوە هاوڕێیانی زەحمەتکێشانم بەجێهیشت و بۆ ماوەیەکی باش خەم دایگرتین و پاشان خۆمان رێکخستەوە و ئینجا لە شاشەی خاك تیڤی دەرکەوتم.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*