سەرەکی » دۆسێ » هەوڵ بۆ ئاشتكردنەوەی سەدر و مالیكی دەدرێت

بۆ یەكخستنەوەی ماڵی شیعەیە

هەوڵ بۆ ئاشتكردنەوەی سەدر و مالیكی دەدرێت

هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، هیواخوازە هەوڵەكانی نێوەنگیریی بۆ یەكخستنەوەی ماڵی شیعە سەربگرن و بۆچوونەكانی نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر بۆ كۆتایی هێنان بەو دابڕانەی كەوتۆتە نێوانیان، لەیەكتر نزیكبكاتەوە.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان، رەوتی سەدر خۆشحاڵە بەرانبەر بەو هەوڵانەی بۆ یەكخستنی ماڵی شیعە خراونەتەگەڕ، بەڵام مەرجی هەیە بۆ پێكهاتنەوە لەگەڵ مالیكی كە سەرەتاترینیان «رادەستكردنی گەندەڵكارانە» بە دادگا.
لای خۆیەوە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی، رەتیدەكاتەوە قسە لەسەر وردەكاریی ناوبژیوانییەكە بكات و دەڵێت»ئەو بابەتە تەنیا پەیوەندی بە ناوبژیوان (عامری)یەوە هەیە و «باسكردنی ئەو جۆرە بابەتانەش هەمیشە لەو دیو پەردەوە دەبن بەدوور لە میدیاكان، تا بگەنە بەرەنجامی ئەرێنی».
هەڕەشەكانی ئەمریكا دژ بە گروپە چەكدارە شیعەكان، لەگەڵ كاركردن بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان لەسەر خاكی عیراق و هەڵكشانی تەوژمەكانی ناڕەزایی، وایان لە هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح كردووە، كار بۆ رێكخستنەوەی نێو ماڵی شیعە بكات و بڕیارەكان و هەڵوێستەكان یەكبخات.
پێشتر و لەماوەی ساڵانی رابردوودا چەندان هەوڵی ناوبژیوانی لەو جۆرە بۆ لێكنزیككردنەوەی راوبۆچوونەكانی مالیكی و سەدر دووچاری شكست بوون.
هەر لەو بارەیەوە موختار موسەوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكانی عیراق رایگەیاندووە»ئەو ناوبژیوانییەی هادی عامری سەرۆكی رێكخراوی بەدر لەنێوان موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر و نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەستیپێكردووە، گەیشتۆتە قۆناغێكی پێشكەوتوو، ئامانجیش لەو جموجۆڵە رێكخستنەوەی نێو مااڵی شیعەیە».
بە وتەی موسەوی»ناوبژیوانییەكە كار بۆ یەكخستنی هەڵوێستی هێزە شیعەكان و كۆتایی هێنان بە ناكۆكییەكان دەكات، بۆ رێخۆشكردن لەپێناو رێكەوتنێك بۆ یەخستنی بڕیارەكان، بۆ ئەو مەبەستەش عامری داواكاریی و مەرجەكانی لەلایەن سەدر و مالكییەوە پێگەیشتووە بۆ رازیبوون بەو پێكهاتنەوەیە و چوونە نێو یەك هاوپەیمانی».
موختار موسەوی دەڵێت»دانوستانەكانی ئێستا پێداگری لەسەر كەمكردنەوەی ئاستی داواكاریی و مەرجی نێوان هەردوولا دەكەن، بەو هیوایەی یەكلایی بكرێنەوە بەر لە گەیشتن بە رێكەوتنێكی كۆتایی، مەرج و داواكارییەكانی سەدریش پەیوەندییان بە هەڵوێستەكانی پێشووی وەك (صولە الفرسان) و پێكهێنانی دوایین حكومەتی مالیكی و چەند كاروبارێكی ترەوە هەیە».
رەگوڕەیشەی ناكۆكییەكانی نێوان هەردوولا بۆ ساڵی 2008 دەگەڕێتەوە، كاتێك نوری مالیكی بە پاڵپشتی هێزەكانی ئەمریكا شەڕێكی بە ناوچەی (صولە الفرسان)ەوە لە دژی سوپای مەهدی سەر بە موقتەدا سەدر لە چەند پارێزگەیەكدا دەستپێكرد، بە مەبەستی لەقاڵبدان و پاشان هەڵپەساردنی چالاكییەكانی.
ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی فەتح، پێیوایە»هەڕەشەكانی ئەمریكا دژ بە گروپە شیعەكان، لەگەڵ بزاوتنی ناڕەزایی، و هەڵوێستەكان بەرانبەر بە پێكهێنانی حكومەت، وایان لە عامری كردووە، جارێكی تر كار بە بیرۆكەی یەكخستنەوەی نێو ماڵی شیعە بكات».
لەبەرانبەردا هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا پێیوایە»ئاشكراكردنی وردەكاریی ناوبژیواییەكە، تەنیا پەیوەندی بە لایەنی ناوبژیوانەوە هەیە، چونكە ئەو بۆخۆی دەتوانێت قسە لەسەر وردەكاریی دانوستانەكان و وتوێژەكان بكات».
رەسول ئەبو حەسنە، پەرلەمانتاری پێشووی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لەو باریەوە بە میدیاكانی عیراقی رایگەیاندووە»ئەو نێوەندگیرییەی هادی عامری دەستیپێكردووە بۆ لێكنزیككردنەوەی بۆچوونەكانی نێوان مالیكی و سەدر، لە میدیاكانەوە بیستوویەتی، بەڵام سەبارەت بە مەودای راستی ئەو ناوبژیوانییە و بەرەنجامە ئەرێنی و نەرێنییەكانی، هیچ زانیارییەكی لەوبارەیەوە نییە».
بە وتەی ئەبو حەسنە»ئەو جۆرە بابەتانە، لەنێوان لایەنە ناكۆكەكان بەدوور لە چاوی میدیاكان تاوتوێ‌ دەكرێن، لایەنی سەرپشككراو بۆ قسەكردن لەسەر وردەكاریی ئەو چاوپێكەوتن و دانوستانە، ئەو نێوەنگیریە كە زانیاریی پێویستی لەو بارەیەوە لەبەردەستدایە».
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا، دەڵێت»قسەكردن لەسەر وردەكاریی چاوپێكەوتنەكان و وتوێژەكان، بەندە بە بەرەنجامی نێوەنگیرییەكە و پێشكەوتنی بەدەستهاتوو لەننێوان هەردوولادا بۆ یەكلایی كردنەوەی ناكۆكییەكانیان».
موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر، لە ساڵی 2016 پاشەكشەكردنی خۆی لە هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەكان راگەیاند، ئەمەش وەك ناڕەزایی بەرانبەر دەستبەردارنەبوونی مالیكی بە پشكداریی حزبی لە پێكهێنانی حكومەتەكەی عەبادی لەو دەمەدا.
لای خۆیەوە حاكم زاملی، پەرلەمانتاری پێشووی فراكسیۆنی (احرار)ی سەر بە رەوتی سەدر لەبارەی ناوبژیوانییەكەی عامریەوە رایگەیاندووە»لەوەبڕوایەدام ئەو بابەتە راستییە تا ئەو كاتەی بەشێوەیەكی ئاشكرا و راستەوخۆ لەلایەن سەركردەكان و بەرپرسانەوە قسەی لەسەر نەكرێت»، ئەمەشی وەك هەوڵێك بۆ شكستپێهێنانی تێپەڕاندنی حكومەتەكەی محەمەد تۆفیق عەللاوی وەسفكردبوو.
زاملی دەڵێت»هەندێك هەوڵ دەدەن زانیارییەكان بەشێوەیەك بڵاوبكەنەوە كە ئەم حكومەتە شیعە و لەلایەن موقتەدا سەدر و هادی عامرییەوە هەڵبژێردراوە، لەكاتێكدا ئەم جۆرە زانیاریانە دەچنە خانەی لەكەداركردن و دروستكردنی گیانی دووبەرەكی لەنێو شەقامی عیراقی».
بە بۆچوونی سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری خولی پێشووی پەرلەمان»گەر ئەو هەوڵانە بۆ مەبەستی رێكخستنەوەی نێو ماڵی شیعەبن پێشوازییان لێدەكەین، بەڵام هەوڵی وەها لەئێستادا لەئارادا نییە، چونكە سەدر مەرجی هەیە بۆ پێكهاتنەوە كە خۆی لە بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و وازهێنان لە پشكداریی و رادەستكردنی گەندەڵكاران بە دادگا و زۆر كاروباری تردا دەبینێتەوە».

print

 105 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*