سەرەکی » مانشێت » سبەینێ نوێنەران كۆدەبێتەوە؟

كۆبوونەوەكانی وەفدی هەرێم لە بەغدا بەردەوامە

سبەینێ نوێنەران كۆدەبێتەوە؟

پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عیراق گەرمترین پرس و تەوەری سەرەكیی دیدار و كۆبوونەوەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكانە، ئەمەش لەكاتێكدایە كۆتایی هەفتەی رابردوو محەمەد تۆفیق عەللاوی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، داوای لە ئەنجومەنی نوێنەران كرد «رۆژی دووشەممە دانیشتنێكی نائاسایی رێكبخات بۆ دەنگدان لەسەر متمانەبەخشین بە حكومەتی نوێ».

پشكی كورد لە كابینەی نوێ-دا
پەیوەست بە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێ، وەفدی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەمیانی سەردانەكەیاندا بۆ بەغدا لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەللاوی كۆبوونەوە.
سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن، ئاماژەی بەوەدا «وەفدی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لە بەغدا بەردەوامە لە كۆبوونەوە و دیدار لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عیراقدا»، وتیشی: بارودۆخەكە لە بەغدا ئاڵۆزە و كۆدەنگیی شیعە و سوننە نییە لەسەر محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، راشیگەیاند: پشكی كورد لە كابینەی نوێ-دا، چوار وەزارەتە.

״هێشتا كاتی كۆبوونەوەی نوێنەران دیارینەكراوە״
لەبارەی كاتی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ متمانەبەخشین بە كابینەی نوێ، ئەڵماس فازل ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: هەرچەندە باس لەوە دەكرێ كە رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ متمانەدان بە كابینەی نوێ بەڕێوەدەچێت، بەڵام تائێستا بەڕەسمیی كاتی ئەو كۆبوونەوەیە دیارینەكراوە، راشیگەیاند: بەهۆی تەواونەبوونی پشووی زستانەی ئەنجومەنی نوێنەران و رێكنەكەوتنی پێكهاتەكان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، بەدووری دەزانین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لە كاتی دیاریكراودا بەڕێوەبچێت.
دیلان غەفور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانیش بە PUKmediaی راگەیاندووە «پشكی كورد لە كابینەی نوێدا چوار وەزارەتە، وەزارەتەكانی داد و دارایی و بازرگانی بۆ كورد یەكلابوونەتەوە».

״ تائێستا ناو و سیڤی هیچ كاندیدێك رادەستی نوێنەران نەكراوە״
شایانی باسە، سەرەتای ئەم مانگە سەرۆك كۆمار، محەمەد تۆفیق عەللاوی راسپارد بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق، كەناڵەكانی راگەیاندنیش بڵاویانكردۆتەوە «تائێستا عەللاوی ناو و سیڤی هیچ كاندیدێكی وەزاری كابینەكەی بەڕەسمی رادەستی ئەنجومەنی نوێنەران نەكردووە، بۆ ئەوەی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەر كاندیدی وەزارەتەكان كۆببێتەوە». ئاژانسەكانی هەواڵ ئەوەشیان بڵاوكردۆتەوە «سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بە سەردانێك لە دەرەوەی وڵاتە و كاتی گەڕانەوەی دیارنییە». ئەمەش لەكاتێكدایە وەك كەناڵەكانی راگەیاندن بڵاویانكردۆتەوە «پێكهاتەی سوننە لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێدا نەگەیشتۆتە ئەنجام و پێناچێت دەنگ بە كابینەی نوێ بدەن». هەروەها گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەكان و وەفدی هەرێمی كوردستانیش بەردەوامە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*