سەرەکی » مانشێت » ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێی چەند پرسێكی گرنگی كرد

״بڕیاری پێویست بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا״

ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێی چەند پرسێكی گرنگی كرد

دوێنێ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و ئامادەبوونی پارێزگارەكانی هەرێم و سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان‌و راپەڕین، كۆبۆوەو تاوتوێی ئامادەكارییەكانی كرد بۆ روبەڕوبونەوەو خۆپاراستن لەڤایرۆسی كۆرۆنا‌و بڕیاریدا لەمڕۆوە 26/2 لەسەرجەم ناوەندەكانی خوێندن پشوو دەستپێبكات.

كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگرنگییەوە لەهەرێمی كوردستان دەڕوانن
لەسەرەتای كۆبوونەوەكەدا، سەرۆكی حكومەت، تیشكی خستەسەر سەردانی شاندی حكومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی بۆ بەشداریی لەكۆنفرانسی میونخ‌و دیداری پاپای ڤاتیكان‌و بەرپرسانی ئیتالیا‌و لەوبارەیەوە سەرۆكی حكومەت رایگەیاند: لەسەردان‌و دیدارەكانماندا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگرنگیی زۆرەوە لەهەرێمی كوردستانیان دەڕوانی.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا، سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەهەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی فیدرال كردو جەختیكردەوە كە دەبێ تەنیا دامودەزگا فەرمی‌و دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بڕیار لەسەر شێوازی بەشداریی نوێنەرانی هەرێمی كوردستان بدات‌و لایەنەكانی هەرێمی كوردستانیش هاوهەڵوێستن لەسەر ئەم بابەتە.

رێكارە پێویستەكان
لەتەوەرێكی دیكەدا، گفتوگۆ دەربارەی پلان‌و هەنگاوو رێكارەكانی حكومەتی هەرێم بۆ روبەڕوبونەوەی مەترسیی ڤایرۆسی كۆرۆنا كرا. لەوبارەیەوە وەزیری تەندروستی، راپۆرتێكی دەربارەی دوایین زانیاری‌و پێشهاتەكانی ڤایرۆسەكەو كێشەو پێشنیارەكانی چارەسەریی پێشكەشكرد، لەوڕووەشەوە بڕیاردرا رۆژانە زانیاریی دروست‌و رێنمایی پێویست لەڕێگەی راگەیاندنەكانەوە بە رای گشتی بدرێت. بڕیاریشدرا لەسەرجەم ناوەندەكانی خوێندن‌و قوتابخانە‌و باخچەو پەیمانگا حكومی‌و تایبەتییەكانی هەرێم لە 26/2تا10/3 بكرێتە پشوو، لەزانكۆو پەیمانگاكانیش لە 29/2تا10/3 پشوو دەبێت، دواتریش تا 23/3 پشووی ساڵانەی بەهار دەبێت. بڕیاریشدرا گەشتی ناپێویست لەنێوخۆی هەرێم، یان ئەو گەشتیارانەی لەشارەكانی دیكەی عیراق دێنە هەرێم بۆ ماوەیەكی دیاریكراو سنوورداربكرێت‌و پشكنینی پێویست بۆ هەموو گەشتیاران بكرێت. بەهیچ شێوەیەكیش رێگە بەقۆرخكاری‌و گرانكردنی شتومەك نادرێت‌و وەك حكومەتی هەرێمیش دڵنیاییدا گشت پێداویستییەكانی هاووڵاتیان دابیندەكات‌و جموجوڵی بازرگانی بەردەوامدەبێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*