سەرەکی » وتار » گۆران فه‌تحی » جیهان رووبه‌ڕوو له‌گه‌ڵ (كۆرۆنا)دا

جیهان رووبه‌ڕوو له‌گه‌ڵ (كۆرۆنا)دا

ڤایرۆسی كۆرۆنا یان كۆڤید – 19، له‌ دوای ده‌ركه‌وتنی له‌ وڵاتی چین له‌ دوا رۆژه‌كانی ساڵی 2019 ، به‌چه‌ندین وڵاتی جیهاندا بڵاوبۆوه‌، به‌جۆرێك له‌ ئێستادا بۆته‌ بابه‌ت و خه‌می رۆژ نه‌ك لای كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن، به‌ڵكو لای زۆرێك له‌ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ جیاجیاكانی دونیا، به‌هۆی‌ خێرایی بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ و زیادبوونی تووشبووان به‌و په‌تایه‌، ئه‌وه‌ش وایكرد كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی رێ ‌و شوێنی ئه‌منی و ته‌ندروستی توند و تۆكمه‌ بگرێته‌ به‌ر بۆ رێگرتن لێی و دۆزینه‌وه‌ی‌ چاره‌سه‌ر بۆی‌.
ئه‌گه‌ر ئێمه‌ به‌دوای دوا ئاماره‌كاندا بچین، ئه‌وا بۆمان ده‌رئه‌كه‌وێ چه‌ند وڵاتێك زۆرترین تووشبووانیان تۆماركردووه‌ به‌و ڤایرۆسه‌ كه‌ ئه‌وانیش چین و كۆریای باشوور و یابان و سه‌نگاپوره‌و ئێران و له‌ ئه‌وروپاش ئیتالیایه‌، به‌ڵام چه‌ندین وڵاتی تری ئاسیایی و ئه‌وروپایی و هه‌تا ئه‌فریقی و ئه‌مریكایی لاتین و ئوسترالیاش به‌ده‌ر نه‌بوون له‌تۆماركردنی حاڵه‌تی تووشبوون به‌ڤایرۆسه‌كه‌.
هه‌رچه‌ند ئه‌و په‌تایه‌ ئێستا به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌ هه‌ژمارده‌كرێت بۆ سه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤ، به‌ڵام جێی دڵخۆشییه‌، كه‌ رێ و شوێنه‌ ته‌ندروستی و ئه‌منییه‌كان و هۆشیاری كۆمه‌ڵگا جیاجیاكان و كاركردنی پسپۆرانی بواری پزیشكی وایكردووه‌ ڤایرۆسه‌كه‌ و زیانه‌كه‌ی‌ پاشه‌كشه‌ بكات له‌هه‌ندێ وڵاتدا به‌خودی وڵاتی چینیه‌وه‌ كه‌ سه‌نته‌ری بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ كۆرۆنا بوو به‌جیهاندا، له‌ئێستاشدا زۆرێك وڵات هه‌وڵه‌كانی خستۆته‌گه‌ڕ بۆ رێگرتن و دۆزینه‌وه‌ی‌ چاره‌سه‌ری گونجاو بۆ ئه‌م ڤایرۆسه‌، وه‌كو چۆن پێشتر چاره‌سه‌ری بۆ په‌تاو ڤایرۆسه‌كانی پێشتر دۆزییه‌وه‌.
بۆ به‌رچاو روونیش، دوای ئاماره‌كان ده‌ڵێن، له‌ چین و له‌كاتی سه‌رهه‌ڵدانی ڤایرۆسه‌كه‌ 2442 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، له‌ كۆی 77 هه‌زار كه‌سی تووشبوو.
دوای چینیش كۆریا باشوور دێت، كه‌ ژماره‌ی‌ تووشبوان به‌ڤایرۆسه‌كه‌ گه‌یشتۆته‌ 600 كه‌س و 6 كه‌س له‌و ژماره‌یه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، ئینجا یابان دێ كه‌ 130 حاڵه‌تی هه‌بووه‌و چواریان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، دوای ئه‌و سه‌نگاپوره‌ دێ كه‌ 89 حاڵه‌تی تێدا راگه‌یه‌نراوه‌ و كه‌سیان نه‌مردوون.
له‌ئه‌وروپاشدا ئیتالیا زه‌ره‌رمه‌ندترین بووه‌ و 149 حاڵه‌تی تێدا دۆزراوه‌ته‌وه‌ كه‌ سیانیان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، به‌ڵام فه‌ره‌نسا كه‌ 12 حاڵه‌تی تێدابوو یه‌ك كه‌س گیانی له‌ده‌ستداوه‌ و ئه‌وانی تر هه‌موو به‌ته‌ندروستی باش له‌نه‌خۆشخانه‌ ده‌رچوون.
له‌ ناوچه‌كه‌ی‌ خۆمان، نزیكترین دراوسێ كه‌ حاڵه‌ته‌كه‌ی‌ تێدا دۆزراوه‌ته‌وه‌ ئێرانه‌، كه‌ سنوورێكی فراوانی به‌عیراق و هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌داخه‌وه‌ ئه‌م وڵاته‌ دوای چین زۆرترین حاڵه‌تی مردنی به‌و ڤایرۆسه‌ تۆماركردووه‌، كه‌ ئه‌ویش 43 حاڵه‌ته‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ هه‌م هه‌رێم و هه‌م عیراقیش رێ و شوێنی ئه‌منی و ته‌ندروستی توند بگرنه‌ به‌ر له‌سه‌ر خاڵه‌ سنووریه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌، هه‌رچه‌ند ئه‌مه‌ش رێگر نه‌بوو له‌ گه‌یشتنی چه‌ند حاڵه‌تێك، كه‌ یه‌كێكیان كه‌سێكی ئێرانی بوو له‌نه‌جه‌ف و چوار كه‌سی تریشیان ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌یه‌كی توركمان بوون له‌كه‌ركوك كه‌ به‌م دواییانه‌ له‌ ئێران گه‌ڕابوونه‌وه‌.
ئه‌وه‌ی‌ جێی ده‌ستخۆشییه‌، رێ و شوێنه‌ خێراكانی هه‌رێمی كوردستانه‌، هه‌م له‌سه‌ر خاڵه‌ سنووریه‌كان وهه‌میش به‌ داخستنی قوتابخانه‌ و په‌یمانگاو زانكۆكان و كردنی به‌پشوو، بۆ ماوه‌ی‌ مانگێك، ئه‌مه‌ چ جای هۆشیاركردنه‌وه‌ی‌ هاوڵاتی له‌رێگه‌ی‌ كه‌ناڵه‌كانه‌وه‌ بۆ خۆپاراستن، له‌و په‌تاو نه‌خۆشییه‌، چونكه‌ شاردنه‌وه‌ی‌ مه‌سه‌له‌كه‌ و ئاگادارنه‌كردنه‌وه‌ی‌ هاوڵاتیان ره‌نگه‌ ئه‌نجامی پێچه‌وانه‌ی‌ لێبكه‌وتایه‌ته‌وه‌و زیانی گه‌وره‌مان لێبكه‌وتایه‌.. به‌و هیوایه‌ی‌ ئه‌م ده‌ردو به‌ڵایه‌ به‌سانایی تێپه‌ڕێ و كورد پارێزراوبێت لێی.

 381 جار بینراوە