سەرەکی » ئابووری » زیانی فڕۆكەخانەكانی هەرێم

زیانی فڕۆكەخانەكانی هەرێم

رۆژنامەی شەرقولئەوسەت ئاشكرایكردوە: داخستنی فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی، رۆژانە 400 هەزار دۆلار زیان بەهەرێمی كوردستان دەگەیەنێت‌ و هاتووچۆی گەشتیارانیش لەسەدا 72 دابەزیووە.
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، بەهۆی داخستنی هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی لەلایەن حكومەتی عیراقەوە، هاتووچۆی گەشتیاران لەسەدا 72 دابەزیووە، ئەوەش لەكاتێكدایە لەماوەی رابردوودا لەسەدا 33ی سەرجەم گەشتەكانی عیراق لەو دوو فڕۆكاخانەوە ئەنجام دراوە.
راپۆرتەكە رونیكردۆتەوە: ساڵی رابردوو لەفڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر رۆژانە 50 تا 60 گەشتی ئاسمانی ئەنجام دراوە، بەڵام ئێستا بۆ 5 تا 6 گەشتی ناوخۆی لەڕۆژێكدا دابەزیووە، لەفڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیش ژمارەی گەشتیاران لەهەزارو 500 گەشتیاری رۆژانەوە بۆ 350 گەشتیار كەمی كردووە، ئەوەش وایكردوە رۆژانە هەرێمی كوردستان بڕی 400 هەزار دۆلار زیانی لێبكەوێت.
پێشتریش، عەباس عومران بریكاری وەزیری گواستنەوەی عیراق، رایگەیاندبوو: تائێستا هیچ بڕیارێك سەبارەت بە دەستپێكردنەوە گەشتی نێودەوڵەتی فڕۆكەخانەكانی هەرێم نەدراوە.
راشیگەیاند: دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنی عیراق چاوەڕانی فەرمانی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقە و بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆكان.
لایخۆیەوە ئومێد محەمەد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم رایگەیاندوە: هیچ شتێكی رەسمی و زارەكی سەبارەت بە دیاریكردنی وادەی دەستپێكردنەوەی گەشتی راستەوخۆ لە فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە، ئاراستەی وەزارەت نەكراوە.

 227 جار بینراوە