سەرەکی » ئابووری » خوێندنی باڵا و پەروەردە چەند بڕیارێكی گرنگ دەردەكەن

«خوێندنی ماستەر و دكتۆرا بۆ مامۆستایان»

خوێندنی باڵا و پەروەردە چەند بڕیارێكی گرنگ دەردەكەن

یەکەی ئابووری

لە كۆبوونەوەی نێوان وەزارەتەكانی خوێندنی باڵا و پەروەردەی حكومەتی هەرێم، بڕیار لەسەر چەند پرسێكی هاوبەشی نێوان هەردوولا درا، بڕیاریشدرا كۆنفرانسێكی زانستی هاوبەش بۆ بابەتە پەیوەندیدارەكان ئەنجامبدرێت.

گرفتەكانی هەردوو كەرتی پەروەردەو خوێندنی باڵا
بەسەرپەرشتی د.ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم، كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەت بە بەشداری بریكاری وەزارەت و راوێژكار و بەڕێوەبەرانی گشتی بەڕێوەچوو.
لەسەرەتای كۆبوونەوەكەدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم، خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان هەردو وەزارەت كە تایبەتە بەتاوتوێكردنی پرس و بابەتە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وەزارەت.
وتیشی: «تێگەیشتنی تەواومان بۆ گرفتەكانی هەردوو كەرتی پەروەردەو خوێندنی باڵا لە كوردستان هەیە، بۆیە هەردو وەزارەت بەیەكەوە دەتوانن باشتر لە بارودۆخە تێبگەن و بۆ ئەوەی بە دیدو روئیایەكی هاوچەرخ بتوانین بەسەر كێشەكان زاڵ بین و چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە».

كۆبوونەوەی دەوری
دوپاتیشیكردەوە، بوونی هەماهەنگی‌و هاوكاری بەردەوام و ئاڵوگۆڕی بیرو راكان هاوكارمان دەبێت بۆ پێشخستنی زیاتری كەرتی پەروەردەو خوێندنی باڵا.
لای خۆیەوە، ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم، پێشنیازی بەردەوامی دان بە كۆبوونەوەكانی نێوان هەردوولا بەشێوەیەكی دەوری بەگرنگ زانی، بۆ ئەوەی بەپێی بابەت و پێویستییەكانی نێوان هەردوو وەزارەت كۆبوونەوەی بەردەوام ئەنجامبدرێت.
لەبەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا چەند پرسێكی گرنگ لەبارەی بابەتە هاوبەشەكانی نێوان هەردوولا بڕیاریان لێدرا:

پێنج پڕیار دەركرا
1 – بەمەبەستی ئەنجامدانی بەرزكردنەوەی ئاستی كوالێتی خوێندن لە ناوەندەكانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە، هەردوو وەزارەت رێككەوتن لەسەر ئەوەی بۆ خولی داهاتووی راگەیاندنی ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆكانی كوردستان، مامۆستایانی میلاكی وەزارەتی پەروەردە كورسی خوێندنی ماستەر و دكتۆرا تایبەت بە خۆیان بۆ دیاری بكرێت بەشێوازی گشتی و پارالێل و نەچنە كێبڕكێەوە، ئەوەش لەسەر بنەمای پێداویستی وەزارەتی پەروەردەو توانای وەرگرتنی زانكۆكان دەبێت.
2 – بڕیاردرا بەگوێرەی توانا بۆ تاقیكردنەوەی گشتی قۆناخی 12ی ئامادەیی سود لە هۆڵەكانی زانكۆ حكومی و تایبەتەكانی هەرێمی كوردستان وەربگیرێت.
3 – بڕیاردرا كۆنفرانسێكی هاوبەش لەلایەن وەزارەتی پەروەردەو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەنجام بدرێت سەبارەت بە چەند پرسێك.
4 – وەزارەتی پەروەردە لیستی ئەو مامۆستایانە ئامادە دەكات كە بۆ ساڵی خوێندنی (2020 – 2021) دەیانەوێت درێژە بە خوێندنی بەكالۆریۆس بدەن لە كۆلێژە بنەڕەتییەكان و دواتر بەگوێرەی رێنمایی ئەم بابەتە رێكدەخرێت.
5 – بڕیاردرا كە بەشێوازێكی دەوری لەسەر ئەو پرسانەی كە هاوبەشن لەنێوان هەردو وەزارەت كۆبوونەوەكان بەردەوامیان هەبێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*