كۆرۆنا دۆخی ته‌واوی جیهانی خستۆته مه‌ترسییه‌كی جدییه‌وه، مه‌ترسییه‌ك كه له لایه‌نی، ده‌روونی، ته‌ندروستی و ئابورییه‌وه زیاتر رووبه‌ڕووی مرۆڤایه‌تی بۆته‌وه. هه‌نگاوه‌كان ئه‌وه‌ی ده‌گیرێته به‌ر ئاماژه‌ن بۆ جۆره ناچاریی و خۆبهدوورگرتنێك، روون نییه كه‌ی و چۆن به ته‌واوی لێمان دوور ده‌كه‌وێته‌وه؟.
به‌ڵام هه‌ر ته‌نها كۆرۆنا نییه كه ئێستا بۆته هه‌ڕه‌شه به سه‌ر ئابووری و بازاڕی جیهانه‌وه. نرخی نه‌وتیش كه به‌هۆی كێشه چارهسهرنهبووهكانی روسیا و سعودیه رووی له دابه‌زین كردووه، دیسان هه‌مان كاریگه‌ری به سه‌ر ئابووری وڵاتان داناوه، به‌تایبه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌ی كه داهات و بودجه‌ی گشتیان به‌نده به فرۆشتنی نه‌وته‌وه.
ئێستا كه كۆرۆنا و دابه‌زینی رۆژ به‌رۆژی نرخی نه‌وت یه‌كیان گرتووه، بۆ هه‌ندێك وڵات، دۆخه‌كه قورس‌تر و سه‌ختتره، به‌تایبه‌ت بۆ وڵاتێكی وه‌ك عیراق كه زیاتر 90%ی داهاته‌كه‌ی له سه‌ر نه‌وته به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه.
له عیراق، وێڕای بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و هاوكات دابه‌زینی نرخی نه‌وت، ناكۆكی سیاسی و كارانه‌بوونی حكومه‌تیش به‌هۆی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه هێنده‌ی دیكه دۆخی ئه‌و وڵاته‌ی به‌ره‌و ئاقارێكی خراپ بردووه، ئێستا قه‌یرانه سیاسییه‌كه‌ی به راسپاردنی عه‌دنان زورفی پێده‌چێت كه‌مێك به‌ره‌و ره‌وینه‌وه بچێت، هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌ویش به‌هه‌مان چاره‌نووسی محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوی نه‌چێت، له ناو لایه‌نه شیعه‌كاندا ئێستا ده‌وڵه‌تی یاسا ناڕازین به‌رامبه‌ر راسپاردنی زورفی، هه‌رچی كوردیشه جگه له یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان تا ئێستا هیچ هه‌ڵوێستێكی ئه‌وتۆ پیشان نه‌دراوه و به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌یه پێده‌چێت زورفی بتوانێت حكومه‌ته‌كه‌ی پێكبهێنێت، به‌تایبه‌ت كه ئه‌زموونی ئینكاری عه‌للاوی له به‌رچاوه.
پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یە ئێستا عیراق چۆن ده‌یه‌وێت رووبه‌ڕووی ئه‌و قه‌یرانانه بێته‌وه، بۆ كۆرۆنا روونه كه حكومه‌ت ده‌بێت چ هه‌نگاوێك بگرێته به‌ر، به‌ڵام نه‌وت كێشه‌و قه‌یرانه سه‌ره‌كییه‌كه‌یه، هه‌فته‌ی رابردوو حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتری عیراق رایگه‌یاند: نرخی نه‌وت به‌و جۆره بمێنێته‌وه حكومه‌ت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیشی بۆ نادرێت، ئه‌مه سه‌ره‌تای لێدانی زه‌نگێكی مه‌ترسیدار بوو، به‌تایبه‌ت كه سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تیش بانكه جیهانییه‌كانی ئاگاداركردۆته‌وه خۆیان له پێدانی قه‌رز به عیراق به‌دوور بگرن. ئێستا وه‌زیری نه‌وتی عیراق داوای كردووه وڵاتانی ئه‌ندام له رێكخراوی ئۆپیك به زووترین كات كۆببنه‌وه، بێگومان عیراق راسته یه‌كێكه له ئه‌ندامه هه‌ره دیاره‌كانی هه‌نارده‌كه‌ری نه‌وت له ئۆپیك، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه قورسایی سیاسی ئه‌و ئهندازهیە نییه، پێناچێت به ته‌نها بتوانێت گوشارێكی ئه‌وتۆ له سه‌ر وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌ندام دروست بكات. ره‌وینه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنا ره‌نگه جارێكی تر ده‌رفه‌ت به تێكهوتنهوهی جووڵه‌ی ئابووری جیهان بدات و نرخی نه‌وتیش تا ئاستێك به‌رز بێته‌وه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بۆ عیراق هێشتا دۆخه‌كه وه‌ك پێویست نابێت.
جگه له عیراق، بۆ هه‌رێمی كوردستانیش دابه‌زینی نرخی نه‌وت كێشه سه‌ره‌كییه‌كه ده‌بێت، كه‌م كه‌م خه‌ریكه حكومه‌ت باس له كاریگه‌ری و مه‌ترسییه‌كانی دابه‌زینی نرخی نه‌وت ده‌كات.
224 جار بینراوە