سەرەکی » راپۆرت » گوندنشینەکان کێشەی هاتووچۆی شاریان هەیە

گوندنشینەکان کێشەی هاتووچۆی شاریان هەیە

گوندستانی نوێ

هاووڵاتیانی گوندەکان باسی ئەوە دەکەن لەم دۆخەدا کە کۆرۆنا بووەتە بەڵایەکی مەترسیدار و بەو هۆیەوە جووڵەی شارەکان وەستاوە، گوندنشینان کێشەی ئەوەیان بۆ دروست بووە کە چۆن بچنە شارەکان و پێویستییەکانیان دابین بکەن؟
هاوڵاتییەکی گوندنشین دەڵێت: ئەوەندە کاری سەرپێچی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان کراوە بەناوی گوندنشینانەوە، کار گەیشتۆتە ئەوەی زۆرجار هێزەکان رێگریی لەو هاووڵاتیانەش بکەن کە بەڕاستی هاووڵاتییەکی گوندنشینن و لە گوند نیشتەجێن و بۆ پێویستی دەچنە شار.
لەو رووەوە حەمە عەلی غەفور گوندنشین دەڵێت: ئێمە نکوڵی لە نەخۆشییەکە ناکەین و هەیە و دەبێت خۆمان لەم بەڵایە بپارێزین، بەڵام ئێمەش مرۆڤین و پێویستمان بە خواردەمەنی هەیە و بۆ دابینکردنی پێویستییەکانمان ناچارین بچینە شار.
ئەو گوندنشینە دەڵێت: خەڵکی کورد بەگشتی نازانن خۆیان بپارێزن لەم بەڵاو موسیبەتەی کە رووی کردۆتە وڵاتەکەمان. زۆرێکی خەڵک خۆیان ناپارێزن تاکو ڤایرۆسەکە نەگاتە بەردەم ماڵەکانیان. ئێمە ناچارین لە گوندەوە بچینە شار بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانمان کەچی هەندێک لە دانیشتووانی شارەکان خۆیان ناپارێزن و بەناوی ئێمەوە دەڵێن ئێمە گوندنشینین هێزە ئەمنییەکان بێزار دەکەن و سەرپێچی یاسایی دەکەن.
هاووڵاتییەکی دیکەی گوندنشین دەڵێت: ئەوەندە کاری سەرپێچی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان کراوە بەناوی گوندنشینانەوە، کار گەیشتۆتە ئەوەی زۆرجار هێزەکان رێگریی لەو هاووڵاتیانەش بکەن کە بەڕاستی هاووڵاتییەکی گوندنشینن و لەگوند دادەنیشن و بۆ دابینکردنی پێویستی دەچنە شار.
لەبارەی هاوکاریی گوندنشینانیشەوە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان لەناو شارەکاندا، عەمیدی مافپەروەر (لەمیعە محەمەد قادر) بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆمەڵگەیی گەرمیان لە لێدوانێکیدا بۆ گوندستانی نوێ دەڵێت:
سەبارەت بە هاوکاریکردنی گوندنشینان ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە سەوزە و میوەفرۆشن رێگەیان پێدراوە بچنە لادێکان و خۆراک و میوە و سەوزەکەیان بفرۆشن، هەروەها رێگە دراوە بە چەندین قەسابەوە سەیارەیەک دابین بکەن و مەڕو وڵاخ بێنن و لە کوشتارگەکان سەری ببڕن و لە دوکانەکان بیفرۆشن.
لەمیعە محەمەد وتیشی: ئەوەی وتمان بە رێگەپێدان لەلایەن قایمقامیەتی کەلار بۆ ئەو گوندانەی دەکەونە دیوی کەلار، بەڵام ئەو گوندنشینانەی دەکەونە دیوی خانەقین، بەهیچ شێوەیەک بۆیان نییە بێنە کەلار، چونکە بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ، هاتووچۆ لە نێوان پارێزگاکاندا نییە، تەنها هێزە ئەمنییەکان و تیمە تەندروستییەکان بۆیان هەیە کە لە ئەرکدان.
ئەو خانمە ئەفسەرە ڕاشیگەیاند کە گوندنشینانی دەوروبەری خانەقین بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان روو لە خانەقین و ساڵح ئاغا و سەوز بڵاغ دەکەن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*