سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » عه‌ره‌ب و حوزه‌یران

عه‌ره‌ب و حوزه‌یران

ره‌نگه‌ ناونیشانی وتاره‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌ زۆرێك وه‌بیرخستنه‌وه‌ی نسكۆی حوزه‌یرانی ساڵی 1967 بگه‌یه‌نێت، به‌ڵام لێره‌دا مه‌به‌ست له‌ “عه‌ره‌ب و حوزه‌یران” دواخستنی كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ی كۆمه‌ڵی وڵاتانی عه‌ره‌به‌ بۆ مانگی حوزه‌یرانی داهاتووه‌.
كۆمه‌ڵی وڵاتانی عه‌ره‌بی، ده‌بوو له‌ مانگی ئاداری 2020، كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ی خۆی له‌ جه‌زائیر سازبكات، سازكردنی كۆبووبوونه‌وه‌كه‌ش بۆ تاوتوێكردنی زۆرێك له‌و پرسه‌ گه‌رمانه‌بوو كه‌ له‌ئێستادا له‌ سوریا و لیبیا به‌رۆكی عه‌ره‌بیان گرتووه‌، ئه‌مه‌ گه‌ر باسی پرسی فه‌له‌ستینی نه‌كه‌ین كه‌ به‌ گه‌وره‌ترین و گرنگترین پرس داده‌نرێت له‌پاش خستنه‌ڕووی “سه‌فقه‌ی قه‌ڕن” له‌لایه‌ن ئیداره‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ، وه‌ك پلانێكی نوی بۆ ئاشتی له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
عه‌ره‌ب له‌به‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا یان COVID-19 له‌ زۆربه‌ی وڵاتاندا، سازدانی كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ و گردبوونه‌وه‌ی به‌رپرسانی بۆ حوزه‌یرانی داهاتوو دواخست، ئه‌م دواخستنه‌ش ساردبوونه‌وه‌ی ئه‌و دۆسێیانه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ده‌بوو له‌م ماوه‌یه‌دا فه‌رمانڕه‌وا عه‌ره‌بییه‌كان سوربن له‌سه‌ر تاوتوێكردن و یه‌كلاكردنه‌وه‌یان.
سه‌باره‌ت به‌ سوریا، عه‌ره‌ب دوایین لایه‌نه‌ كه‌ بتوانێت كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ته‌نگژه‌ و كێشه‌كانی وڵاته‌كه‌ هه‌بێت، به‌و پێیه‌ی هیچ گه‌مه‌كه‌رێكی عه‌ره‌بی تائێستا نه‌یتوانیوه‌ به‌رگه‌ی گۆڕه‌پانی سوری بگرێت، ئه‌وانه‌ش كه‌ ده‌یانه‌ویست جێ په‌نجه‌یان له‌ وڵاته‌كه‌دا هه‌بێت، له‌ دوای ساڵی 2015 وه‌ په‌یتا په‌یتا پاشه‌كشه‌یان كرد و مه‌یدانه‌كه‌یان بۆ روس و تورك و ئه‌مریكاییه‌كان به‌جێهێشت.
له‌ لیبیاش ره‌وشه‌كه‌ جیاوازییه‌كی وه‌های نییه‌، جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئیمارات و میسر تا ئاستێك پشتیوانیی له‌ سوپاكه‌ی خه‌لیفه‌ حه‌فته‌ر ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت به‌شێوه‌ی سه‌ربازیی گره‌وه‌كه‌ بباته‌وه‌ ده‌ست به‌سه‌ر ته‌رابلوسی پایته‌ختدا بگرێت، به‌ڵام له‌م تایه‌شدا ده‌ست و مه‌چه‌ك و بازووی روسیا قورستره‌ كه‌ رووبه‌ڕووی توركیا و حكومه‌ته‌كه‌ی فایز سه‌راج بۆته‌وه‌ و ده‌یه‌وێت خۆری “حوكمی شه‌رعی” له‌ وڵاته‌كه‌دا به‌ره‌و ئاوابوون ببات.
سه‌باره‌ت به‌ پرسی فه‌له‌ستین كه‌ له‌ كۆندا پێی ده‌گوترا پرسی “عه‌ره‌ب- ئیسرائیل”، وڵاتانی عه‌ره‌بی چاوه‌ڕوانی قه‌ده‌ری خودا و هه‌وڵ و هیمه‌تی ئه‌مریكاییه‌كانن، چاوه‌ڕوانن كۆشكی سپی له‌ڕێی سه‌پاندنی سیاسه‌تی “ئه‌مری واقیعه‌وه‌” قودس بكاته‌ پایته‌ختی هه‌میشه‌یی ده‌وڵه‌تی عیبری و هه‌رچی له‌ پێشووشدا پێی ده‌گوترا پایته‌ختی ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستین و “قودسی شه‌رقی” له‌ “ئه‌بو دیس”دا كۆبكاته‌وه‌.
عه‌ره‌ب له‌ ترسی كۆرۆنا، كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ تێكڕای پرسه‌ گرنگ و گه‌رمه‌كان، بۆ سێ مانگی تر دواده‌خات و بڕوای به‌ هه‌مان قسه‌ی نوعمان بن مونزیر هه‌یه‌ كه‌ وتوویه‌تی: “سبه‌ی بۆ ئه‌و كه‌سه‌ نزیكه‌ كه‌ چاوه‌ڕوانی ده‌كات”.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*