سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » ئه‌مریكا هیچ ستراتیژه‌تی له‌باره‌ى رۆژئاوا نیه‌

ئه‌مریكا هیچ ستراتیژه‌تی له‌باره‌ى رۆژئاوا نیه‌

ئالدار خه‌لیل:
ئه‌مریكا هیچ ستراتیژه‌تی له‌باره‌ى رۆژئاوا نیه‌
روسه‌كان ته‌نها له‌ راگه‌یاندن باسی مافی گه‌لی كورد ده‌كه‌ن
روسه‌كان عه‌فرینیان به‌توركیا فرۆشت

له‌چوارچێوه‌ى گه‌شتێكی رۆژنامه‌وانیی بۆ رۆژئاوای كوردستان، زنجیره‌یه‌ك چاوپێكه‌وتن و دیداری رۆژنامه‌وانی ده‌خه‌ینه‌ روو. ئالدار خه‌لیل ئه‌ندامی ده‌سته‌ى جێبه‌جێكاری ته‌ڤگه‌رى كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی وڵامی ژماره‌یه‌ك پرسیاری داینه‌وه‌. ئالدار كه‌ كه‌سێكی دیاری رێڤه‌به‌رى خۆسه‌ره‌ رونیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مریكا ستراتیژییه‌تی له‌باره‌ى رۆژئاوا روون نییه‌و روسه‌كانیش ته‌نها له‌راگه‌یاندن باسی مافی گه‌لی كوردستان ده‌كه‌ن.
ئه‌و رونیكرده‌وه‌ كه‌ زۆریان هه‌وڵدا رێگری له‌ په‌لاماردانی توركیا بگرن، به‌ڵام توركیا بڕیاریدابوو. هه‌روه‌ك وتی ئه‌نه‌كه‌سه‌ له‌بری وڵامدانه‌وه‌ى ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌ى به‌ڕێز مه‌زلوم كۆبانیی، چوونه‌ توركیا.

دیداری: سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر

– هه‌ندێك ده‌ڵێن نه‌ كورد پرۆژه‌یه‌كی روونی هه‌یه‌ بۆ ئاینده‌ى سوریاو نه‌ رژێمی پرۆژه‌یه‌كی هه‌یه‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كورد له‌ سوریا؟
• له‌ راستیدا سه‌ره‌تاى روواوه‌كانی سوریا له‌ 2011 ئه‌وكاته‌ ئێمه‌ پرۆژه‌ى دیموكراسی بۆ هه‌موو سوریا خسته‌ڕوو. پرۆژه‌كه‌مان كاتێك خسته‌ڕوو كه‌ ئه‌وانه‌ى به‌ناو ئۆپۆزسیۆنن یان لایه‌نه‌كانی دیكه‌ كۆك نه‌بوون له‌سه‌رى، دواتر ده‌ركه‌وت كه‌ ئێمه‌ پرۆژه‌یه‌كی جیاوازه‌ له‌وه‌ى ئه‌وان به‌تایبه‌ت له‌دواى 2015 تا ئێستا به‌رده‌وام دوپاتیده‌كه‌ینه‌وه‌. بیرم دێت به‌ر له‌ رووداوه‌كانی 2011 ئێمه‌ له‌ 4ی شوبات كۆبونه‌وه‌یه‌كمان كردو بڕیارى پرۆژه‌ى دیموكراسی و رێڤه‌به‌رى خۆسه‌رماندا له‌كاتێكدا رووداوه‌كانی سوریا له‌ ئاداری هه‌مان ساڵ ده‌ستپێكرد. واته‌ ئێمه‌ به‌ر له‌سه‌رهه‌ڵدانی ناڕه‌زاییه‌كان له‌سوریا بڕیارماندا.
ره‌نگه‌ بڵێیت پرۆژه‌كه‌ى ئێوه‌ چییه‌؟ ئێمه‌ له‌و باوه‌ڕه‌داین ئه‌گه‌ر سوریا نه‌بێته‌ وڵاتێكی دیموكراسی دۆزو پرسی كورد چاره‌سه‌ر نابێت، ئه‌گه‌ر دۆزی كوردیش چاره‌سه‌ر نه‌بێت دیموكراسی له‌سوریا نابێت، كه‌وایه‌ دیموكراسی و چاره‌سه‌رى پرسی كورد به‌یه‌كه‌وه‌ گرێدراون، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ پرۆژه‌ى خۆمان داڕشتوه‌و خستومانه‌ته‌ روو.
لایه‌نه‌كانی دیكه‌ى ئۆپۆزسیۆن و ئه‌وانی دیكه‌ جه‌ختیان له‌سه‌ر روخاندنی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د ده‌كرده‌وه‌، ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌و دروشمه‌ جیاوازبووین له‌گه‌ڵیان، پێمان وتن ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ كۆك نین له‌سه‌ر ئه‌و دروشمه‌، چونكه‌ یه‌كه‌م؛ ته‌نها به‌رووخانی رژێمی به‌عس یان به‌شار ئه‌سه‌د كێشه‌كان كۆتایی نایه‌ت، دووه‌م؛ ئه‌گه‌ر رژێمی سوریا نه‌ما، پرۆژه‌ى به‌دیل چییه‌؟ یان چ پرۆژه‌یه‌كی به‌رده‌ست هه‌یه‌؟ بۆیه‌ ئێمه‌ سه‌لماندمان كه‌ پرۆژه‌مان هه‌یه‌و ئاماده‌یه‌ ئه‌وییش ئه‌ویش سوریا مه‌ركه‌زیی نه‌بێت و رێڤه‌به‌رى خۆسه‌ر هه‌بێت و ئیداره‌ى خۆجێیی هه‌بێت و ده‌سه‌ڵاتی خۆبه‌ڕێوه‌بردنیان هه‌بێت، هه‌موویان به‌پایته‌خته‌وه‌ گرێدرابن. ئینجا هه‌ندێك ناوی ده‌نێن فیدرالیی یان پێى ده‌ڵێن یه‌كگرتویی، ئێمه‌ ناومان ناوه‌ رێڤه‌به‌رى خۆسه‌ر. ئێمه‌ ته‌نها به‌ناوچه‌ كوردیه‌كان نه‌وه‌ستاین كه‌ ئێمه‌ له‌وێوه‌ ده‌ستمان پێكرد، له‌وێ نفوزو بوون و كاریگه‌ریی و رێكخستنمان به‌هێز بوو، به‌ڵكو پرۆژه‌كه‌مان بۆ هه‌موو سوریا له‌وێوه‌ ده‌ستپێكرد نه‌ك ته‌نها بۆ ناوچه‌ كوردیه‌كانمان بێت. به‌كردار ده‌ستمان به‌به‌رفراوانكردنی پرۆژه‌كه‌ كردو ته‌نها له‌ رۆژئاوا نه‌وه‌ستاین، به‌ڵكو گه‌یشتینه‌ دێرزۆرو ره‌ققه‌و مه‌نبه‌ج و ته‌نانه‌ت گه‌یشتینه‌ حه‌له‌ب. له‌ حه‌له‌ب هه‌وڵماندا جێبه‌جێى بكه‌ین چونكه‌ شه‌ش گه‌ڕه‌كی گه‌وره‌مان به‌ده‌سته‌وه‌ بوو جگه‌ له‌ گه‌ڕه‌كه‌ كوردنشینه‌كان واته‌ شێخ مه‌قسودو ئه‌شره‌فییه‌. ئه‌وه‌ پرۆژه‌ى ئێمه‌ بووه‌، ئینجا چه‌نده‌ سه‌ركه‌وتووبوین له‌جێبه‌جێكردنیدا ئه‌وه‌ پرسێكی دیكه‌یه‌. ئه‌و ئالنگارییانه‌ى روبه‌ڕوومان بویه‌وه‌ هه‌ر له‌هاتنی داعشه‌وه‌ بگره‌ تا دژایه‌تی و په‌لاماری تیرۆرستانی نوسره‌و ئه‌و گروپه‌ چه‌تانه‌ كه‌ ناویان له‌خۆناوه‌ سوپای ئازاد، هه‌روه‌ك دژایه‌تی رژێمی سوریاو په‌لاماری توركیا هه‌موویان هه‌بوون، به‌ڵام هه‌میشه‌ هه‌وڵمانداوه‌ پرۆژه‌كه‌مان سه‌ربخه‌ین به‌تایبه‌ت له‌دواى 2015 وه‌ هه‌وڵمانداوه‌ ئه‌و تێگه‌یشتن و پرۆژه‌ى خۆمان له‌گه‌ڵ رژێمی سوریا گفتوگۆ بكه‌ین و بگه‌ینه‌ چاره‌سه‌رێكی مامناوه‌ند بۆ هه‌موو سوریا، به‌ڵام پێده‌چێت رژێمی سوریا گره‌و یان پشت به‌هاوكاریی و پشتیوانیی روسیاو ئێران و ئه‌و پێشهاته‌ نوێیانه‌ى ناوچه‌كه‌ ببه‌ستێت به‌تایبه‌ت هاتنی داعش و په‌لاماردانی ناوچه‌كانی ئێمه‌، واته‌ دواى راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ت ئه‌وان پێیانوابوو ئێمه‌ داعش یان ئێمه‌ و توركیا ده‌بێته‌ شه‌ڕێكی نابه‌رابه‌رمان بۆیه‌ ئه‌وان ئاماده‌نه‌بوون گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ دا بكه‌ن.

– هه‌ندێك پێیانوایه‌ رژێمی سوریاش هیچ پرۆژه‌و پێشنیارێك یان به‌رچاو روونیه‌كی له‌باره‌ى چاره‌سه‌رى پرسی كورد له‌سوریا نییه‌، ئه‌وه‌ راسته‌؟ هه‌ندێك ده‌ڵێن له‌ناوخۆی رژێمی سوریاش تێگه‌یشتنی جیاوازو ناكۆكی هه‌یه‌، بۆنمونه‌ له‌نێوان عه‌له‌وییه‌كان و ئه‌وانی دیكه‌؟
• له‌گه‌ڵ ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ نیم كه‌ ده‌ڵێت چه‌ند لایه‌نێك یان تێگه‌یشتنێكی ناكۆك هه‌یه‌ له‌ناوخۆی رژێم، له‌وانه‌یه‌ تایفه‌ى عه‌له‌وی تایبه‌تمه‌ندی خۆیان هه‌بێت جیاواز بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى هه‌موو له‌سه‌ری كۆكن و كه‌س ناكۆك نییه‌ له‌سه‌رى، پێویستی گێۆِانه‌وه‌ى سوریایه‌ بۆ سه‌رده‌می مه‌ركه‌زییه‌تی رابردوو، هه‌روه‌ك پێویستی خستنه‌وه‌ ژێر ركێفی ته‌واوی سوریاو سه‌پاندنی هه‌ژموونی رژێمه‌ به‌سه‌ر هه‌موو ناوچه‌كان، ئیدی به‌هه‌ر نرخێك بێت. ێمه‌ به‌سه‌ر هه‌موو ناوچه‌كان، ئیدی به‌هه‌ر نرخێك بێت.
ئه‌وان رێككه‌وتوون و به‌ڵێنیان به‌چه‌ندین وڵات و هێز داوه‌ له‌پێناو گێڕانه‌وه‌ى ئه‌و ناوچانه‌ بۆ ژێر هه‌ژموونی خۆیان ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌ڵێن و رێككه‌وتنانه‌ له‌سه‌ر حیسابی سه‌روه‌ریی سوریاش بوبێت یان له‌سه‌ر حیسابی ئابوریی و ژیانی گه‌لی سوریا بێت یان له‌سه‌ر حیسابی وێرانكردنی شارو بوبێت كه‌ وێرانكران. هه‌تا ئێستا كه‌ سوریا ده‌كرێت بڵێن خه‌ریكه‌ هه‌ره‌س بێنێت كه‌چی ده‌ڵێن سوریا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌رده‌می جارانی! هه‌تائێستا گوتاری ئه‌و رژێمه‌ به‌و شێوه‌زاره‌یه‌ بۆیه‌ له‌هیچ لایه‌كی ئه‌و رژێمه‌ باسی چاره‌سه‌ركردن گوێبیست نه‌بوین یان ئاماژه‌یه‌كمان نه‌بینیوه‌ بۆ قه‌بوڵكردنی چاره‌سه‌ر، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بۆنمونه‌ ئاماده‌نین بۆ گفتوگۆكرن له‌باره‌ى پرۆژه‌كه‌ى ئێمه‌ ته‌نانه‌ت جارێكیان من بیرمه‌ وه‌فدێك به‌ناوی ئه‌نجومه‌نی سوریای دیموكرات چوونه‌ دیمه‌شق كه‌چی ئه‌وان ئاماده‌نه‌بوون گفتوگۆی پرۆژه‌كه‌ى ئێمه‌ بكه‌ن.

– له‌مانگه‌كانی كۆتایی 2019 هه‌وڵی گفتوگۆی نێوان رۆژئاوای كوردستان و دیمه‌شق درا، له‌و نێوانه‌دا یه‌كێتی نیشتیمانیی كوردستان رۆڵی رێكخستنی په‌یوه‌ندیی بینی، به‌ڵام ئێوه‌ داوای ئاماده‌بوونی روسه‌كانتان كرد، ئه‌مه‌ بۆ ئه‌وه‌بوو لایه‌نی سێیه‌م واته‌ روسه‌كان گره‌نتی جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتن بكه‌ن؟
• بێگومان یه‌كێتی نیشتیمانیی كوردستان له‌سه‌ره‌تاى شۆڕشی رۆژئاوای كوردستان هه‌تا ئێستا رۆڵی باش و ئه‌رێنی هه‌بووه‌و هاوكارمان بووه‌ له‌پێناو پێشخستنی به‌رگریكردن و باشتركردنی رۆژئاوای كوردستان، له‌هه‌موو بواره‌كان. ئێمه‌ هه‌رده‌م به‌پێى توانای به‌رده‌ست له‌په‌یوه‌ندیدابووین له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانیی كورستان زۆرجار ئالوگۆڕی بیروبۆچوون و راوێژ به‌یه‌كتر ده‌كه‌ین ئێمه‌ بۆچونی ئه‌وان به‌هه‌ند وه‌رده‌گرین و ئامۆژگاریی ئه‌وان به‌گرنگ ده‌زانین چونكه‌ ئه‌وان ئه‌زمونێكی دورور درێژیان هه‌یه‌. ئێمه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی تۆكمه‌مان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتیمانیی هه‌یه‌ له‌هه‌موو بوارێك دا نه‌ك ته‌نها له‌پرسی په‌یوه‌ندی دروستكردن له‌گه‌ڵ رژێمی سوریا بۆ گفتوگۆ، به‌ڵكو ئێمه‌ پرس به‌یه‌كتر ده‌كه‌ین و بۆچوونه‌كانمان ده‌گۆڕینه‌وه‌.
كاتێك ئێمه‌ باسی روسیامان كرد له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌بوو كه‌ روسیا وڵاتێكی كاریگه‌ره‌و ده‌توانێت هه‌رشتێك كه‌ خۆیان باوه‌ڕیان پێ هه‌یه‌ به‌سه‌ر رژێم دا به‌سه‌پێنێت، ده‌كرێت بڵێن ده‌توانین بڵێین گره‌نتی جێبه‌جێكردنه‌كه‌ بكه‌ن، ره‌نگه‌ یه‌كێتی نیشتیمانیی نه‌توانێت ئه‌وه‌ بكات، به‌ڵام یه‌كێتی زه‌مینه‌ى گفتوگۆكردنی رێكخست.

– یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین رێگرییه‌كانی به‌رده‌م پێشكه‌وتنی رۆژئاوا یان یه‌كێك له‌گه‌ورترین گرفت له‌به‌رده‌م سه‌قامگیریی رۆژئاوا توركیایه‌، بۆچی ئێوه‌ گفتوگۆی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ توركیا ده‌ستپێناكه‌ن به‌ڵكو بگه‌نه‌ رێككه‌وتنێك و ئه‌وكاته‌ ناوچه‌كه‌ سه‌قامگیر ببێت؟
• توركیا گفتوگۆی ناوێت. ئێمه‌ گفتوگۆو په‌یوه‌ندیمان هه‌بوو پیشتر، كاك ساڵح موسلیم دیدارو چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانین حكومه‌تی سوریا بووه‌ چه‌ند جارێك به‌تایبه‌ت پێش 2015 به‌ڵكو له‌ڕێى سنوره‌كانه‌وه‌ له‌زۆر بواردا هه‌ماهه‌نگیمان هه‌بوو، له‌زۆر بواردا وه‌فدی ئێمه‌ ده‌چوونه‌ ئامه‌د ئه‌سته‌مبۆل، به‌ڵام پێده‌چێت رژێمی توركیا خۆی بڕیاری پێچه‌وانه‌یدا بێت و بڕیارى دژایه‌تیكردنی ئه‌زموونی رۆژئاواو پشتیوانیكردنی ئیخوان موسلیمین و داعشی دابێت.

– هه‌ندێك پێیانوایه‌ یه‌كێك له‌ تێبینی و سه‌رنج و ئه‌و هۆكاره‌بێت كه‌ وایكردبێت توركیا به‌و ئاراسته‌یه‌ بڕوات؟ پێتوایه‌؟
• نه‌خێر، ستراتیژییه‌تی وڵاتان له‌سه‌ر ئه‌و كارانه‌ دانانرێت، ستراتیژییه‌تی وڵاتان بۆ ماوه‌ی درێژخایه‌ن بۆ 10 ساڵ بۆ 20 ساڵ داده‌نرێت بۆ گه‌یشتن به‌ئامانجێكی دیاریكراو، بۆنمونه‌ وێنه‌ى سه‌رۆك ئۆجالان له‌ ئه‌سته‌مبۆلیش به‌رزده‌كرێته‌وه‌ له‌ ئامه‌دو شاره‌كانی دیكه‌ش به‌رزده‌كرێته‌وه‌. باشه‌ خۆ وێنه‌ى سه‌رۆك ئۆجالان له‌ ته‌رابلوس له‌ لیبیا به‌رزنه‌كراوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى سوپای توركیا هێز ره‌وانه‌ بكات؟

– قسه‌كه‌ى تۆ مه‌نتقییه‌، به‌ڵام هه‌ندێك ده‌ڵێن ئه‌مریكیه‌كانیش ئامۆژگاریان كردوون كه‌ وێنه‌ى ئۆجالان له‌ شه‌قام و شوێنه‌ گشتییه‌كان بێننه‌خوارێ تا له‌گرفت و روبه‌رووبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ توركیا دووربن؟
• هه‌ر شارو شارۆچكه‌و ناوچه‌یه‌ك له‌ رۆژئاوای كوردستان تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌، ده‌بینین ئه‌م شاره‌ تێكه‌ڵه‌یه‌كه‌ له‌ كوردو عه‌ره‌ب و سریان، ئه‌گه‌ر عه‌ره‌ب زۆرینه‌بن ئه‌وا رێز له‌و زۆرینه‌یه‌ ده‌گیرێت و تایبه‌تمه‌ندی شاره‌كه‌یه‌، بۆیه‌ وێنه‌ى شه‌هیدانی عه‌ره‌ب زیاتر هه‌ڵده‌واسرێت، ته‌نها وێنه‌ى كورد یان پێكهاته‌یه‌كی دیكه‌ دانانرێت. زۆرجار ئێمه‌ ره‌خنه‌ له‌ ئیداره‌ى ئه‌و شارانه‌ ده‌گرین ده‌بینین وێنه‌ى شه‌هیدێك كۆن بووه‌ یان به‌هۆی كاریگه‌رى سروشت دڕاوه‌. ناوچه‌ هه‌یه‌ له‌ 09% ی عه‌ره‌به‌، بێگومان رێز له‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ ده‌گرین وه‌ك عه‌ره‌ب، ئه‌گه‌رچی ئێمه‌ ده‌یانپارێزین به‌ڵام ئێمه‌ یه‌ك ره‌نگ به‌سه‌ر هیچ ناوچه‌یه‌ك ناسه‌پێنین، بۆیه‌ زۆرجار پێشنیار بۆ هه‌موو ئه‌نجومه‌نی شارو شارۆچكه‌كان ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌و پرسه‌ به‌هه‌ند وه‌رگرن، ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ پێشنیار و قسه‌ى ئه‌مریكییه‌كان و هیچ لایه‌نێكه‌وه‌ نییه‌، ته‌نانه‌ت بیرم دێت كه‌ ئه‌نجومه‌نی رێڤه‌به‌ر بڕیاره‌كه‌یدا له‌ راگه‌یاندنه‌كان هه‌وڵدرا مۆركێكی دیكه‌ى پێبدرێت، بۆیه‌ ئه‌نجومه‌نی رێڤه‌به‌ر وتیان كه‌وایه‌ ئێمه‌ ئه‌و بڕیاره‌ جێبه‌جێناكه‌ین.
من ده‌مه‌وێ ئه‌و راستییه‌ بڵێم كه‌ توركیا ئه‌وه‌ باش ده‌زانێت كه‌ ئێمه‌ وێنه‌ به‌رزبكه‌ینه‌وه‌ یان نا یان هه‌رچی بكه‌ین ئه‌وا ده‌زانن كه‌ پرۆژه‌ى گه‌لانی دیموكراتخواز یان پرۆژه‌ى رێڤه‌به‌رى خۆسه‌ر پرۆژه‌ى رابه‌ر ئۆجالانه‌، ئه‌وه‌ كرۆكی مه‌سه‌له‌كه‌یه‌. ئه‌وه‌ى زۆر خۆشه‌ له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا ده‌بینین حزبه‌كانی ئه‌نه‌كه‌سه‌ ناوی كوردستانیان پێوه‌یه‌ ئێمه‌ باسی كوردستانمان له‌دروشمه‌كان نه‌كردووه‌، ئێمه‌ ده‌ڵێن رێڤه‌به‌رى خۆسه‌ری دیموكرات، كه‌چی ئه‌ردۆغان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نه‌كه‌سه‌دا ده‌كات! له‌كاتێكدا ئێمه‌ ناوی كوردستانیشمان وه‌ك دروشم به‌رزنه‌كردۆته‌وه‌و ئه‌نه‌كه‌سه‌ به‌حیسابی خۆیان داوای كوردستان ده‌كه‌ن.

– ئێوه‌ پاشگری كوردستانیشتان به‌ دامه‌زراوه‌كانتانه‌وه‌ نییه‌..
• به‌ڵَێ به‌ڵێ. ئه‌ردۆغان پرۆژه‌یه‌كی دیكه‌ى هه‌یه‌ ئه‌ویش پرۆژه‌ی گێڕانه‌وه‌ى ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانییه‌ ئه‌وه‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌یه‌ بۆ داگیركاریی ناوچه‌كان. ئه‌و په‌لاماردانه‌ى رۆژئاوا له‌ بونی حزبێكی كوردی یان بونی كورده‌وه‌ نییه‌ به‌ڵكو پرۆژه‌یه‌كی دیكه‌ هه‌یه‌ ئه‌ویش داگیركردنی رۆژئاوای كوردستانه‌، به‌ڵكو به‌و ناوچانه‌شه‌وه‌ ناوه‌ستێت ده‌یه‌وێت بگاته‌ موسڵ ده‌یه‌وێت ئه‌و داگیركاریانه‌ ته‌واو بكات تا 2023 چونكه‌ په‌یماننامه‌ى میللی جێبه‌جێده‌كرێت و رزگاری ده‌بێت له‌ رێككه‌وتننامه‌ى لۆزان، ده‌یه‌وێت سنوره‌كانی بگێڕێته‌وه‌ بۆ پێش رێككه‌وتننامه‌ى لۆزان. ئینجا له‌سیاسه‌تی رۆژانه‌و له‌میدیاكان بیانو ده‌هێنێته‌وه‌ بۆ داگیركارییه‌كانی و ده‌ڵێت ئه‌و لایه‌نه‌ واده‌كات و ئه‌و لایه‌نه‌ واناكات ئه‌و راستیه‌كه‌ نییه‌، به‌ڵكو له‌راستیدا ستراتیژیه‌ته‌كه‌ى بنیاتنراوه‌ له‌سه‌ر گێڕانه‌وه‌ى ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانیی.

– ئه‌مریكییه‌كان یان روس هیچ پرۆژه‌یه‌كیان هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌رى سوریا یان رۆژئاوای كوردستان؟
• ئه‌مریكیه‌كان تائێستا هیچ وشه‌یه‌كیان له‌باره‌ى سیاسی رۆژئاوا یان سوریا به‌گشتیی نه‌وتووه‌.

– ئه‌وان چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ روس رێككه‌ون له‌سه‌ر ئاینده‌ى سوریا؟
• نازانم به‌راستی، به‌ڵام زۆرجار پرسیارمانكردووه‌ ده‌ڵێین ئێوه‌ له‌باره‌ى سوریاو ئاینده‌ى ئه‌م وڵاته‌ چۆن بیرده‌كه‌نه‌وه‌؟ پرۆژه‌تان له‌باره‌ى سوریاوه‌ چییه‌؟ ده‌ڵێن پرۆژه‌ى ئێمه‌ ته‌نها ئه‌و پرۆژه‌یه‌ كه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌یخاته‌ڕوو یان ئه‌وه‌ی له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌سه‌رى رێكده‌كه‌ون یان ئه‌وه‌ى خه‌ڵكی سوریا بڕیاری لێده‌دات! ئه‌و قسانه‌ش زیاتر دروشمه‌ نه‌ك پرۆژه‌ یان ناونیشیانه‌ شتێك نییه‌ پێشكه‌شی بكه‌ن یان ئێمه‌ لێى تێبگه‌ین. ئه‌وان ده‌ڵێن ئێمه‌ هاتوین و هۆكارى هاتنمان بۆ ئه‌وه‌یه‌ هاوكاریتان بكه‌ین بۆ له‌ناوبردنی داعش.

– بۆ ئه‌مریكیه‌كان جه‌خت له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی ئه‌منی و سه‌ربازیی ده‌كه‌نه‌وه‌ و خۆیان له‌ په‌یوه‌ندیی سیاسی به‌دوورده‌گرن؟ نایانه‌وێ خۆیان په‌یوه‌ست به‌ هه‌ڵوێستێكی سیاسیه‌وه‌ بكه‌ن؟

• یه‌كه‌م پێناچێت ئه‌وان هیچ نیازێكیان هه‌بێت بۆ سه‌قامگیریی له‌سوریا، دووه‌میان ئه‌وان هیچ پرۆژه‌یه‌كیان نییه‌ بۆ ئاینده‌ى ئه‌م وڵاته‌، لانیكه‌م ئێستا هیچ شتێك به‌رده‌ست نییه‌.

– هه‌موو جارێك كورد هه‌وڵیداوه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ رژێمی سوریا بكات، كه‌چی ئه‌مریكیه‌كان ناڕازیی بوون یان مۆڕه‌یان له‌كورد كردووه‌! یان لێدوانی دژ به‌سه‌ركه‌وتنی گفتوگۆكردنیان داوه‌، ئه‌وان كه‌ پرۆژه‌یان نییه‌ بۆ نایانه‌وێ كورد گفتوگۆكانی سه‌ركه‌وێت له‌گه‌ڵ رژێم؟

• ئه‌وه‌ شتێكی ئاساییه‌، ئه‌وان ده‌زانن ئه‌گه‌ر ئێمه‌ رێككه‌وین له‌گه‌ڵ رژێم ئه‌وه‌ مانای دروستبونی سه‌قامگیرییه‌ له‌سوریا، واته‌ سه‌قامگیریی دروست ده‌بێت. خۆتان ده‌زانن ئه‌وانه‌ى ناویان له‌خۆناوه‌ ده‌توانین بڵێین كۆتاییان هاتووه‌، دوو لایه‌نی سه‌ره‌كی كه‌ له‌سه‌ر زه‌وی بونیان هه‌بێت و به‌هێز بن ئێمه‌و رژێمی سوریاین، ئه‌گه‌ر رێككه‌وین ئه‌وا ده‌توانین به‌یه‌كه‌وه‌ سوریا بنیات بنێینه‌وه‌، یان ئه‌گه‌ر وڵامه‌كه‌ بخه‌ینه‌ چوارچێوه‌یه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌ویش ئه‌گه‌ر ئێمه‌ و عه‌له‌وییه‌كان له‌سوریا رێككه‌وین ئه‌وكات سوننه‌ به‌ته‌نها ناتوانن سوریا بخه‌نه‌ ژێر ركێفی خۆیان و به‌ئاره‌زووی خۆیان بڕیاربده‌ن هه‌روه‌ك پێشتر كردوویانه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ وه‌ك گریمانه‌ وه‌رگرین. ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر شێوه‌ى ئیداره‌ وه‌ریگرین ئه‌وا ئه‌گه‌ر پرۆژه‌كه‌ى ئێمه‌ سه‌ربگرێت ئه‌وا به‌سه‌ر هه‌موو سوریادا جێبه‌جێده‌كریت ئه‌ویش رێڤه‌به‌رى خۆسه‌ره‌ واته‌ ناوچه‌كان خۆیان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن ئه‌وكاته‌ مه‌ركه‌زییه‌ت له‌سوریا نامێنێت، پرۆژه‌ى ئیخوانیی شكست دێنێت، چونكه‌ ئه‌ردۆغانیش ده‌یه‌وێت ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی ئیخوانه‌كان له‌سوریا په‌ره‌ پێبدات، بێگومان دیاره‌ ئه‌مریكا نیازیی نییه‌ ئه‌و ململانێیه‌ى رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كۆتایی پێبێت.

– كه‌وایه‌ ئه‌و په‌نده‌ به‌سه‌ر ئه‌مریكا جێبه‌جێده‌بێت كه‌ ده‌ڵێت “بازاڕی دز له‌ فه‌وزایه‌”؟
• به‌ڵێ، بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین لانیكه‌م ئه‌مریكیه‌كان هیچ پرۆژه‌یه‌كیان نییه‌ بۆ راگرتنی ململانێ.

– زانیمان ئه‌مریكا پرۆژه‌ى نییه‌ باشه‌ روسیا پرۆژه‌یان هه‌یه‌؟
• هه‌رجارێك روسه‌كان له‌باره‌ى مافی كورد و به‌ره‌وپێشبردنی كرد، دڵنیابه‌ بزانه‌ واى چه‌ند رۆژێكی دیكه‌ چاوپێكه‌وتن و یاریان له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه‌. لێگه‌ڕێ با به‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌ باسی بكه‌م، ئه‌ویش روسیا هه‌رده‌م توركیا به‌كورد ده‌ترسێنێت، به‌رله‌وه‌ى ئه‌ردۆغان چاوی به‌پۆتن بكه‌وێت هه‌ڵده‌ستن به‌ باسكردنی دۆزی كورد و ده‌ڵێن ئێمه‌ وه‌كو مۆسكۆ ئاماده‌ین بۆ چاودێریكردنی گفتوگۆی نێوان كورد و سوریا یان رێڤه‌به‌رى خۆسه‌ر..تد.
تائێستا هه‌ستماننه‌كردووه‌ روسه‌كان پرۆژه‌یه‌كیان هه‌بێت، كه‌چی ده‌بینین له‌راگه‌یاندنه‌كان باسی ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ بڵێن پرۆژه‌مان هه‌یه‌! له‌وه‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكییه‌كان جیاوازن چونكه‌ ئه‌مریكیه‌كان وه‌ك پرۆژه‌یان نییه‌، له‌راگه‌یاندنیش باسی هیچ ناكه‌ن. بیرمه‌ به‌ر له‌دوو ساڵ پرۆژه‌ى ره‌شنوسی ده‌ستوری سوریایان خسته‌ڕوو، چه‌ند جارێك له‌ راگه‌یاندن باسیانكرد، به‌ڵام به‌كردار شتێكمان نه‌بینیوه‌و هیچ له‌گۆڕێ نییه‌.

– من له‌ دیمه‌شق بووم، ئه‌وانه‌ى له‌ رژێم نزیك بوون ده‌یانگوت كاتێك كورد ده‌یانه‌وێ گفتوگۆ بكه‌ن به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ى ئه‌مریكا پشتیوانیان ده‌كات! ته‌نانه‌ت كاتێك له‌ عه‌فرینیش نه‌كشانه‌وه‌ پێتانوابو ئه‌مریكا پشتیوانی كورد ده‌كات، ئه‌گه‌رچی ده‌بینین هه‌م له‌ سلێمانی و هه‌میش حه‌مید ده‌ورێش ئامۆژگاریكردن كه‌ رژێم بگه‌ڕێته‌وه‌ عه‌فرین باشتره‌ له‌داگیركردنی له‌لایه‌ن توركیاوه‌..؟
• به‌ر له‌رووداوه‌كانی عه‌فرین ئێمه‌ بڕیارى ئه‌وه‌مان نه‌بوو بانگهێشتی رژێم بكه‌ین بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ عه‌فرین، به‌ڵام كاتێك شه‌ڕ ده‌ستی پێكرد راسته‌وخۆ داوامان له‌رژێم كرد گفتوگۆی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ عه‌فرین بكه‌ین، ته‌نانه‌ت بیرمه‌ به‌یاننامه‌كه‌مان دووم رۆژی شه‌ڕ ده‌ركرد.

– باشه‌ بۆ پێش شه‌ڕه‌كه‌ به‌یانتان ده‌رنه‌كرد، ته‌نانه‌ت بیرمه‌ خه‌ڵك هه‌بوو له‌سلێمانیی ئێوه‌ى له‌مه‌ترسییه‌كه‌ ئاگاداركرده‌وه‌؟
• من بۆخۆم رامگه‌یاند ته‌نانه‌ت ره‌خنه‌شمان له‌خۆمان گرت به‌هۆی خراپی خوێندنه‌وه‌و تێگه‌یشتنمان بۆ هاوكێشه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی روون، یان گرتنه‌به‌رى رێوشوێنی پێویست و ته‌گبیری باشتر بۆ دۆخه‌كه‌و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گرفته‌.ن

– ئێوه‌ له‌ژێر كاریگه‌رى میدیا بوون؟ به‌تایبه‌ت دوای رووداوه‌كانی ریفراندۆم له‌باشوری كوردستان دۆخێك هاته‌پێش میدیای پارتی دۆخێكی دروستكرد ئێوه‌ ترسان هه‌مان تۆمه‌تتان بۆ دروستبكرێت؟ له‌كاتێكدا ده‌ركه‌وت پاشه‌كشه‌ له‌كه‌ركوك باشتربوو یان گفتوگۆ له‌گه‌ڵ رژێمی سوریا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ عه‌فرین باشتر بوو له‌ له‌ده‌ستدانی شاره‌كه‌؟

• ناتوانم دڵنیابم له‌وه‌ى باسی ده‌كه‌ى به‌ڵام ده‌توانم بڵێم خوێندنه‌وه‌مان بۆ بارودۆخه‌كه‌ كه‌موكوڕیی هه‌بوو، كاتێك په‌لاماره‌كه‌ ده‌ستی پێكرد هه‌وڵمانداو رژێمی سوریامان ئاگاداركرده‌وه‌، به‌ڵام رژێم وڵامێكی ئه‌رێنی نه‌بوو، چونكه‌ روسه‌كان قه‌بوڵیان نه‌كرد رژێم بگه‌ڕێته‌وه‌ عه‌فرین و وتیان په‌یمانمان به‌ ئه‌ردۆغان داوه‌ عه‌فرینی ته‌سلیم بكه‌ین، بۆیه‌ رێگه‌ى جموجۆڵی رژێمیان نه‌دا.

– سودتان له‌و نوشسته‌ى عه‌فرین وه‌رگرت بۆ چاره‌سه‌ركردن و به‌رگرتن له‌ داگیركارییه‌كانی ئه‌و دواییه‌ى توركیا له‌ناوچه‌ى سه‌رێكانی تا گرێ سپی؟
• هه‌وڵماندا سود له‌و ئه‌زموونه‌ وه‌رگرین، بێگومان هه‌ندێ رووداو هه‌یه‌ ئێمه‌ توانای به‌رگرتنیمان نییه‌ یان توانای گۆڕینیمان نییه‌، به‌ڵام ئێمه‌ ده‌ستپێشخه‌ریمان كرد و پێموایه‌ پێش شه‌ش مانگ له‌ داگیركاریی داگیركارییه‌كه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز جیمس جیفری رێككه‌وتین كه‌ نێوانگیریمان له‌گه‌ڵ توركیا بۆ بكات وه‌ك نوێنه‌رى ئه‌مریكا. به‌راستیش جیفری سه‌ردانی توركیای كردو هاته‌وه‌ وتی توركیا ئاماده‌یه‌ بۆ گفتوگۆ له‌باره‌ى به‌دروستكردنی ناوچه‌ی ئارام. ئێمه‌ش لایخۆمانه‌وه‌ ره‌زامه‌ند بوین و به‌ڕێز جیفریمان هاندا بۆ بۆ رێككه‌وتن ته‌نانه‌ت ئه‌وكاته‌ له‌بیرمه‌ هه‌ندێك له‌وانه‌ى لێره‌ بوون كه‌مێك ناڕازیی بوون به‌بڕیاره‌كه‌ى ئێمه‌و له‌گه‌ڵیدا نه‌بوون پێیانوابو ئه‌وه‌ سازشه‌و نابێت ئه‌و هه‌نگاوه‌ بنرێت. له‌راستیدا ئێمه‌ ویستمان سود له‌ ئه‌زمونی عه‌فرین وه‌رگرین و پێشوه‌خته‌ كارێك بكه‌ین رێگه‌ له‌داگیركاریی بگرین، به‌ڵام توركیا هه‌ر هێرشی كرد ئه‌گه‌رچی ئێمه‌ داخوازیه‌كانمان جێبه‌جێكردن.

من ده‌مه‌وێ سه‌باره‌ت به‌ رووداوه‌كانی عه‌فرین و پشت به‌ستنی ئێمه‌ به‌ئه‌مریكییه‌كان چه‌ند راستییه‌ك له‌ وڵامی ئه‌وانه‌ى له‌ دیمه‌شق بوون یان نزیك بوون له‌رژێمی سوریا به‌ئێوه‌یان ووتوه‌. ئێمه‌ ئه‌وكاته‌ پشتمان به‌ ئه‌مریكا نه‌به‌ست له‌پرسی به‌ره‌نگارییه‌كانی عه‌فرین چونكه‌ پێشتر ئه‌مریكیه‌كان به‌ر په‌لاماردانه‌كان به‌روونی به‌ئێمه‌یان وت كه‌ چاوتان له‌ رۆژئاوای فورات نه‌بێت و په‌یوه‌ندی به‌ئێوه‌وه‌ نییه‌، خۆ ئه‌گه‌ر شتێكیش روات له‌و سنوره‌ ئه‌وا ئێمه‌ ناجوڵێین و هه‌قمان پێدا نییه‌! ئه‌و قسه‌یان چه‌ند جارێك به‌ئێمه‌ ووتوه‌. بۆیه‌ ده‌كرێت بڵێم ئه‌وان هه‌ڵوێستی پێشوه‌خته‌یان بۆ ئێمه‌ روون بوو، كه‌وایه‌ چۆن پشت به‌ئه‌مریكا ببه‌ستین له‌پرسی به‌ره‌نگارییه‌كانی عه‌فرین؟!

– پێتوایه‌ ئه‌مریكا دۆزی كورد به‌كاردێنێت وه‌ك كارت هه‌روه‌ك چۆن روسه‌كان ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن؟
• تائێستا ئه‌مریكا باسی پرسی سیاسی نه‌كردووه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌، ئه‌سڵه‌ن باسی پرسی كورد له‌سوریا ناكات یان باسی هیچ پرۆژه‌یه‌كی ناوخۆی سوریا ناكات. ه‌ڵێن ئێمه‌ هاتوین له‌پێناو له‌ناوبردنی داعش و رێڤه‌به‌رى خۆسه‌ر هه‌یه‌و هاوكاریی و هه‌ماهه‌نگیتان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین و هه‌وڵده‌ده‌ین هاوكاربین یان به‌شداربین له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى فشاری توركیا له‌سه‌ر ئێوه‌ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ هاوكارمان بن، كه‌چی ئێمه‌ هاوكار بوین ئه‌وان هیچیان نه‌كرد.

– هه‌ندێك له‌دیمه‌شق ده‌یانگوت كورد له‌رۆژئاوای كوردستان به‌روانین له‌بونی ئه‌مریكا گفتوگۆ له‌گه‌ڵ رژێم ده‌كات، واته‌ له‌پاڵ بونی ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت گفتوگۆبكات، ئه‌مه‌ راسته‌؟
• ئه‌گه‌ر رژێمی سوریا جددیه‌ له‌ گفتوگۆو دایه‌لۆگ له‌گه‌ڵ كورد جارێ با گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ بكات، لانیكه‌م بۆ ئه‌وه‌ى بیانوی مانه‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ سوریا نه‌مێنێت. بۆنمونه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ رێككه‌وتین ئه‌وا ئه‌و ناوچانه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ژێر سه‌روه‌ری دیمه‌شق و ئه‌وكاته‌ ئه‌مریكا بیانوی مانه‌وه‌ى نابێت.

– مه‌به‌ستت به‌ڕه‌ له‌ژێر پێى ئه‌مریكا ده‌ربێنن؟
• به‌ڵێ، به‌ڵام دیمه‌شق ئه‌م هه‌نكاوه‌ نانێت.

– باشه‌ په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان؟
• گرفته‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ژێر هه‌ژموونی یه‌كلایه‌ندایه‌، به‌ڵێ له‌رووی شكلییه‌وه‌ هاوبه‌شی حكومه‌ت هه‌ن، به‌ڵام به‌كردار حكومه‌ت له‌ژێر ركێفی یه‌ك حزبدایه‌. له‌راستیدا په‌یوه‌ندیمان نه‌باشه‌و نه‌خراپه‌.
– په‌یوه‌ندی بازرگانیتان هه‌یه‌؟
• به‌ڵێ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ هه‌یه‌.
– گرێ و گار هه‌یه‌؟
• ئه‌م ماوه‌یه‌ كه‌مبۆته‌وه‌.
– بابێنه‌ سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌نه‌كه‌سه‌و ته‌ڤده‌م، یان ئه‌و حزبانه‌و په‌یه‌ده‌، باشه‌ ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌تان چی به‌سه‌ر هات؟
– ئه‌وه‌ى داوایانكردبوو بۆمان جێبه‌جێكردن، مخابن به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى به‌ده‌ست ئێمه‌ گه‌یشتوه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌كانیان، پێشوه‌خته‌ بڕیاریانداوه‌ رێكنه‌كه‌ون. له‌گفتوگۆ نهێنییه‌كانیان كه‌ به‌ئێمه‌ گه‌یشتۆته‌وه‌ پێشوه‌خته‌ بڕیاریانداوه‌ رێكنه‌كه‌ون، به‌ڵكو چوونه‌ توركیا و سودیان له‌ ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌ى جه‌نه‌راڵ مه‌زلوم وه‌رگرت و به‌كاریانهێنا به‌جۆرێك وتیان ئه‌گه‌ر گرنگیمان پێنه‌ده‌ن ئه‌وا له‌گه‌ڵ په‌یه‌ده‌ رێكده‌كه‌وین! به‌راستیش وابوو توركیا بانگی كردن و تورك قسه‌یان له‌گه‌ڵ گروپی ئۆپۆزسیۆن واته‌ ئیئتیلاف كرد بۆ ئه‌وه‌ى گرنگی به‌ ئه‌نه‌كه‌سه‌ بده‌ن.

– كه‌واته‌ ئه‌وان له‌بارودۆخێكی خراپدابوون ئێوه‌ به‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ بۆ گفتوگۆ ئه‌وانتان ژیانده‌وه‌؟
• به‌ڵێ ئه‌وانمان زیندوو كرده‌وه‌، له‌كاتێكدا زانیاریی وردمان هه‌یه‌ كه‌ له‌دانیشتنه‌ نهێنیه‌كانیانی خۆیان بڕیاریانداوه‌ وڵامی ئه‌رێنیان بۆ ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌ نه‌بێت ته‌نانه‌ت یه‌كێك له‌ سه‌ركردایه‌تیه‌كانیان وتبوی خۆمان ده‌زانین و رێگای خۆمان هه‌یه‌ بۆ شكست پێهێنانی ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌! به‌ڵام له‌ راگه‌یاندن شتێكی دیكه‌ ده‌ڵێن.

print

 137 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*