سەرەکی » راپۆرت » دەزگای مرۆیی مام نوێبوونەوەی یەکێتی لە…

دەزگای مرۆیی مام نوێبوونەوەی یەکێتی لە…

دەزگای مرۆیی مام نوێبوونەوەی یەکێتی لە سەردەمی کۆرۆنادا

بەدواداچوونی: کوردستانی نوێ

سەرچاوەیەک لەنووسینگەی سەرۆک مام جەلال بە راگەیاندنەکانی وت: بەھۆی مەترسییەکانی نەخۆشی کۆلێرا لە سلێمانی، سەرۆک مام جەلال ئەم ھەفتەیە لە کوردستان دەمێنێتەوە تا ئەم دۆخە ناخۆشە تێپەڕ دەبێت. وەک میدیاکان وتیان: دوای رەوینەوەی مەترسی کاتمان زۆر دەبێت بۆ دیدارە سیاسییەکان لە بەغدا. ئەمە ساڵی 2007 بوو کە ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا لە سلێمانی لە ئارادا بوو . مامی گەورە وتبووی: لە ناو میللەتەکەم دەمێنمەوە و پێکەوە ئەم ناخۆشییە تێدەپەڕێنین. ئەو نەخۆشییە و زۆری تریشمان تێپەڕاند و ھی زۆری دیکەش تێدەپەڕن، مادام یەکێتی ھەر لە ناو میللەتەکەی دەمێنێتەوە و نان و ئاو ، خۆشی و ناخۆشییان لەگەڵ بەش دەکات و ئاوێزانی خەون و خەیاڵ، خەم و پەژارەیان دەبێتەوە.

ئەمە کەلتوورێکی شۆڕشگێڕی و میراتێکی یەکێتیانەیە و لەھەر وێستگەیەکدا خۆی نوێدەکاتەوە. کەلتووری دەوڵەمەندی سەرۆکی نەمر مام جەلالە. دەزگای مرۆیی مام ھەڵگری ئەو ناوە گەورەیەیە ، رۆحی ئەو کەلتوورە بەرجەستە دەکاتەوە. لەجیاتی چاوەڕێی مەراسیمی کردنەوە و دەستبەکاربوون بکات ، لە ناو جەرگەی تەنگژەدا ھیمەت دەکات، خۆی تاقیدەکاتەوە و دەبێتە ناونیشانی یەکێتی نوێ لە زەمەنی کۆرۆنادا. کەمتر لە دوو ھەفتەیە دەزگای مرۆیی مام بۆتە تایتڵی ھەواڵە رۆح سووکەکانی راگەیاندن لە زەمەنی کۆرۆنادا ، لەھەر کوێیەک پێویستی ھەبێ لەوێیە، لەھەر جێگایەک تیمەکانی فەرماندە و پێشمەرگە ئازاکانی کەرتی تەندروستیی کوردستان رووبەڕوو شەڕی نەخۆشی و ناخۆشی ئەم ڤایرۆسە دەبنەوە، دەزگای مرۆیی مام لەوێیە، تەقەمەنی ھێزی ئامادەی ئەمجارە پێداویستی تەندروستی و دەوا و دەرمان و خۆراکی فریاگوزارییە.

گەنجە خۆبەخشەکانی دەزگاکە بێ قەرەباڵەغی و ھەڵڵای نابەجێ وەک فریادڕەس تەداروکاتی خۆیان پێشکەش دەکەن. ھیممەت و توانایان لەگەڵ ھەموو ئەوانە تێکەڵ دەکەن کە ئامادەی ھیممەتن و دەستیان واڵایە بۆ ھەموو ئەوانەی ئامادەی دەستپێشخەری و پشتیوانی ماددی و مەعنەوین. لە خێرخوازان و سەرمایەگوزارانی نیشتمانی تا ئێنجی ئۆکان و خۆبەخشانی کۆمەڵی مەدەنی. چالاکیی دەزگاکە گشتگیرە و کوردستانییە، زۆنی سەوزی رووماڵ کردووە و گەیشتۆتە کەرکوکی جێناکۆک . لەوێش ئیدارەی محەلی شارەکە نایەوێ و ناتوانێ لە نەیاری سیاسییەوە خۆی تێوەبگلێنێ.

ماوەتەوە لە ھەولێر و بادینانیش فەزای پەرۆشی خزمەتگوزاری و خزمەتی خەڵکەکە ھاندەری ھەموو لایەک بێت. کە بەپیری خزمەتەکانی دەزگای مرۆیی مامەوە بێن. دەزگای مرۆیی مام رۆحی سیاسەتی خزمەتگوزاری یەکێتی بەرجەستە دەکات و ناونیشانی لە خۆبردووی و پەرۆشی یەکێتیانەیە، ئاماژەیە بۆ سیاسەت و دەستپێشخەری و ناساندنەوەی نوێبوونەوەی یەکێتی کە خۆکەرەنتینەی گشتی رێگە ناگرێت لە دەستپێکردنی ئەجێندای تازەی. ئەجێندای سەرۆکایەتییە تازە و گەنجەکەی لە دوای کۆنگرەی چوارەوە، چونکە ئەسڵەن سیاسەتی تازە ھەر سیاسەت نییە بۆ سیاسەت ، بەڵکو سیاسەتە وەک خزمەتی گشتی و بە ھاناچوونی گەل لە کاتی تەنگژە و لێقەوماندا. سیاسەت ھەر ململانێی حەریفەکان نییە، بەڵکو دەستپێشخەری و پێشبڕکێی خزمەتە.

print

 203 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*