سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » كۆرۆنا ئەم باسوخواسانەشی هەیە

كۆرۆنا ئەم باسوخواسانەشی هەیە

له‌ كاتێكدا جیهان به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌ ده‌ست بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ ده‌ناڵێنێت ‌و حكومه‌ته‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌ شێوازی جۆرا ‌و جۆر به‌ره‌نگاری ببنه‌وه‌، بەڵام کۆرۆنا چەند باس و بوارێکی دیکەشی هەیەو سوودی بۆ هه‌ندێك له‌ سه‌ركرده‌ ‌و سیاسه‌تمه‌دارانی جیهان هەبووە، لەوانە:

بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ
یه‌كێك له‌ دیارترین ئه‌و كه‌سانه‌ی سوودمه‌ند بوو له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ بوو، چونكه‌ دوای راگه‌یاندنی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تاكه‌ له‌ ئیسرائیل، دادگای قودس بڕیاریدا دادگاییكردنه‌كه‌ی بۆ دوو مانگی دیكه‌ دوابخات، كه‌ ده‌بوو له‌ 17ی ئه‌م مانگه‌دا به‌ تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی دادگایی بكرایه‌. هه‌روه‌ها راگه‌یاندنی ئه‌و حكومه‌ته‌ نوێیه‌ی ده‌بوو به‌ سه‌رۆكایه‌تیی بینی غانتس سه‌رۆكی پێشووی ده‌سته‌ی ئه‌ركان ‌و رابه‌ری هاوپه‌یمانیی (شین سپی) پێكبهێنرێت، دواخرا.

جه‌زائیر
هه‌روه‌ها عه‌بدولمه‌جید تبون سه‌رۆكی جه‌زائیر سوودی زۆری له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ بینی، چونكه‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌ كاتی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ كه‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ ساڵێكه‌ به‌رده‌وامه‌، بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ له‌و وڵاته‌شدا وه‌ك هه‌ر وڵاتێكی دیكه‌، شه‌قامه‌كانی چۆڵ كرد ‌و خۆپیشاندانه‌كان كپبوونه‌وه‌، چونكه‌ عه‌بدولمه‌جید تبون هه‌موو جۆره‌ كۆبوونه‌وه‌ ‌و گردبوونه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریی قه‌ده‌غه‌ كرد ‌و رایگه‌یاند: ده‌وڵه‌ت ئه‌وه‌نده‌ی له‌ خه‌می رێزی ئازادییه‌كان ‌و مافه‌كاندایه‌، ئه‌وه‌نده‌ش به‌رپرسیاره‌ له‌ پاراستنی كه‌سه‌كان ‌و موڵكی گشتی ‌و تایبه‌تیش. به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی نزیكه‌ی 57 هه‌فته‌ی خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌و وڵاته‌دا بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسی، یه‌كه‌مجاره‌ بێده‌نگیی باڵ به‌سه‌ر شه‌قام ‌و گۆڕه‌پانه‌كانی جه‌زائیردا بكێشێت.
لای خۆشیه‌وه‌، عه‌بدولعه‌زیز ره‌حابی دیپلۆماتكار ‌و وه‌زیر پێشووتری جه‌زائیر رایگه‌یاند: هه‌ڵپه‌ساردنی كاتیی خۆپیشاندانه‌كان له‌به‌ر مه‌ترسیی ته‌ندروستی، ئه‌ركێكی نیشتمانییه‌ ‌و مافه‌كانمان ده‌پارێزێت له‌ خۆپیشاندانی ئازاد له‌ پێناوی جه‌زائیرێكی به‌هێز ‌و دادپه‌روه‌ر تردا.

عیراق
له‌ عیراقیش، به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ له‌ زۆربه‌ی شاره‌كانی ئه‌و وڵاته‌دا، به‌ شێوه‌یه‌كی دیار ‌و به‌رچاو خۆپیشاندان ‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان هێوربوونه‌تەوە.

ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان
ته‌نانه‌ت ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاش له‌ قۆستنه‌وه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا بێبه‌ش نه‌بووه‌. به‌پێی رۆژنامه‌ی نیۆرك تایمزی ئه‌و وڵاته‌: وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مریكا له‌ هه‌وڵدایه‌ بۆ فراوانكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی فریاكه‌وتن، به‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌شه‌وه‌ كه‌ داد ده‌سه‌ڵاتی ده‌ستگیركردنی خه‌ڵكی ده‌بێت بۆ كاتێكی نادیار، به‌ڵام ئه‌گه‌ری ره‌تكردنه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌لایه‌ن كۆنگرێسه‌وه‌.

نه‌كرێته‌ پاسا‌و بۆ نه‌هێشتنی دیموكراسی
وێڕای ئه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی ته‌ندروستیی گشتی زۆرترین گرنگیی پێده‌درێت، به‌ڵام راڤه‌كارانی سیاسی هۆشداریی ده‌ده‌ن له‌ پێشێلكردنی سه‌روه‌ریی یاسا.
خاتوو ئیریكا فرانته‌ر راڤه‌كاری سیاسی پێیوایه‌ كه‌ ئه‌م جۆره‌ ته‌نگژانه‌ له‌ هه‌موو شتێك مه‌ترسیدارترن بۆ سه‌ر پرۆسه‌ی دیموكراسی. ده‌شڵێت: له‌م ته‌نگژانه‌دا ده‌رفه‌ت ده‌بینم بۆ حكومه‌ته‌كان، به‌ مه‌به‌ستی له‌ناوبردنی ئۆپۆزسیۆن ‌و نه‌یاره‌كانیان، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌ وریاییه‌وه‌ سه‌یری ته‌نگژه‌كان بكه‌ین، تاكو نه‌كرێنه‌ پاساوێك بۆ لاوازكردن یان نه‌هێشتنی دیموكراسی.
هه‌روه‌ها گروپێك له‌ پسپۆڕانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كیاندا په‌یامێكیان ئاراسته‌ی حكومه‌ته‌كانی جیهان كردووه‌ به‌وه‌ی كه‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی به‌ په‌له‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ده‌بێت پێویست ‌و گونجاو بێت ‌و دووربێت له‌ ره‌گه‌ز په‌رستی ‌و پیشێلكردنی مافی مرۆڤ ‌و ئازادییه‌كان.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌یاندا هاتووه‌: نابێت راگه‌یاندنی باری نائاسایی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆ به‌ ئامانجگرتنی گروپ یان كه‌مینه‌ یان كه‌سانی دیاریكراو به‌كاربهێنرێت ‌و نابێت به‌بیانووی پاراستنی ته‌ندروستییه‌وه‌، به‌رگریكاران له‌ مافه‌كانی مرۆڤ بێده‌نگ ‌و سه‌ركوت بكرێن.

سه‌رچاوه‌، ئاژانسه‌كان

print

 31 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*