سەرەکی » راپۆرت » ماکرۆن داوای هاوکاریی زیاتر بۆ ئیتالیا دەکات

ماکرۆن داوای هاوکاریی زیاتر بۆ ئیتالیا دەکات

ئامادەکردنی : کوردستانی نوێ

لە دیدارێکیدا لەگەڵ رۆژنامە ئیتالییەکان، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، داوای قەرزی ئەوروپی کرد، بۆ ئەو دەوڵەتە ئەوروپیانەی کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، لە پێش هەمووشیانەوە ئیتالیا. لەهەمانکاتیشدا، هاوسۆزیی و پشتگیری خۆی بۆ گەلی ئیتالیا دووپاتکردەوەو ئامادەیی فەرەنساشی پیشاندا کە هاوکاری زیاتری ئیتالیا بکات، ئەمەش لەپاش ئەو رەخنە و گلەییە زۆرانە دێت، کە ئیتالییەکان لە فەرەنسا و ئەڵمانیای دەکەن، چونکە بە پێی پێویست یارمەتییان نەداون. یان قەرز یان بودجەی زیاتر لە دیدارێکیدا لەگەڵ رۆژنامە ناسراوەکانی ئیتالیا کە پێکهاتبوون لە” كوريري ديلا سيرا، لا ستامبا، لا ريبوبليكا” ئیمانوێل ماکرۆن رایگەیاند: پێویستە یەکێتی ئەوروپا هاوکاری زیاتری ئەو دەوڵەتانە بکات، کە ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدا بڵاوبۆتەوە، ئەمەش دەبێت لە رێگای پێدانی قەرزێک بەناوی ” قەرزی کۆرۆنا”.

وتیشی : گەر قەرز نەدرێت، ئەوا دەبێت بودجەی یەکێتیی ئەوروپا زیاتر بکرێت، تاوەکو بتوانرێت هاوکاریی زیاتری ئەو دەوڵەتە ئەورپییانە بکرێت، کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، لەپێش هەمووشیانەوە ئیتالیا. تەنها بەهاوکاری یەکتری رزگارمان دەبێت لە درێژەی دیدارەکەدا ماکرۆن جەختی لەوەکردەوە، کە هاوکاریی و کاری هاوبەش لە نێوان ئەندامانی یەکێتیی ئەوروپا زیاتر بکرێت. وتیشی: تەنها لە رێگەی هاوکاریی ماددی و تەندروستیی هاوبەشەوە، دەتوانین بەسەر ئەم کارەساتە گەورەیەدا زاڵبین.

ئیتالیامان بە تەنها جێنەهێشتووە لەلایەکی ترەوە ماکرۆن بەرگری لە هەڵوێستی فەرەنسا و پەیوەندیی توندوتۆڵی لەگەڵ ئیتالیا کردەوەو دژی ئەو قسانەش وەستایەوە، کە فەرەنسا و ئەڵمانیا ، لە کاتی ئەم کارەساتەدا، ئیتالیایان بەتەنها جێهێشتبێت.

ماکرۆن رایگەیاند: ئێمە هیچ کاتێک ئیتالیا بە تەنها جێناهێڵین و بەردەوام دەبین لە هاوکاریکردنی. باسی هاوکارییەکانی فەرەنسا و ئەڵمانیا نەکراوە لە درێژەی وتەکەیدا ماکرۆن رایگەیاند: فەرەنسا و ئەڵمانیا زیاتر لە یەک ملیۆن کەمامە و دەیان هەزار بەدلەی پزیشکییان بۆ ئیتالیا ناردووە، بەڵام میدیاکانی ئیتالیا کەم باسیان کردووە، لە کاتێکدا هاوکارییەکانی چین و روسیا، قەبە کراون و گرنگیی زۆری پێدراوە. جێگەی ئاماژەیە لە ئێستادا زۆرینەی ئیتالییەکان لەو باوەڕەدان کە فەرەنسا و ئەڵمانیا، ئەوانیان لە کاتی کارەساتەکە بەجێهێشتووەو چەند وڵاتێکی تری نا ئەوروپی هاوکاریان کردوون لەسەرو هەمووشیانەوە چین و روسیا.

سەرچاوە: کەنالی فرانس 24

print

 43 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*