سەرەکی » راپۆرت » عیراق نایەوێت وەک ئیتالیای لێبێت

شرۆڤەی رۆژ

عیراق نایەوێت وەک ئیتالیای لێبێت

ئەگەر چی هێشتا دۆخی عیراق و هەرێم لە بەرەنگابوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ژێر كۆنترۆڵدایە و رێكخراوی تەندروستیی جیهانیش دەڵێت، رێكارەكان لە عیراق تا ئێستا بە باشی چوونە پێشەوەو كاری خۆیان كردووە، بەڵام ئامارەكانی 24 سەعاتی رابردوو واتە لە(رۆژی هەینی تا رۆژی شەممە) ئاماری دڵخۆشكەر نین و ئاماژەن بۆ بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەكە. بەتایبەت كە لەو ماوەیەدا بۆ یەكەمجار عیراق 76 حاڵەتی توشبوونی بەیەكەوە راگەیاند. ژمارەی توشبووانی كۆرۆنا لەعێراق 460 كەسی تێپەڕاندووە و 40 كەسیش گیانی لەدەستداوە.

لە عیراق و هەرێم، رێكاری توند گیراونەتە بەر، بەتایبەت لە بارەی قەدەغەی هاتوچۆ كە لە عیراق تا 11 ی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت و لە هەرێمیش هێشتا روون نییە چەند رۆژی تر درێژ دەكرێتەوە؟. بەم هەموو رێكارانە و بە هۆی زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لە تەواوی جیهان و هاوكات وڵاتانی دراوسێی عیراق، ئێستا ئەو نیگەرانییە زیاتر بووە، كە عیراق دەبێت چاوەڕێی مەترسییە گەورەكە بكات.

پێناچێت عیراق هاوشێوەی ئیتالیای لێبێت، بەڵام بەرزبوونەوەی ئامارەكان، ئاماژەن بۆ دۆخێكی مەترسیدار، بەتایبەت كە هێشتا كەرتی تەندروستیی ئەو وڵاتە لەوپەڕی لاوازی خۆیدایە، ئەمەش هێندە زیاتر نیگەرانییەكانی قوڵتر كردۆتەوە.
لە هەرێمی كوردستانیش كە لەو ئامارەی عیراق زیاتر لە 120 توشبووی بەردەكەوێت، لە قۆناغی مەترسیدایە و هێشتا ئەو قۆناغە تێنەپەڕیووە، وێڕای ئەوەی تا ئێستا زیاتر لە 50 كەس بە تەواوی چاكبوونەتەوە، بەڵام دیاریكردنی زۆنی مەترسی لە سنوری پارێزگای سلێمانی كە قەزای دەربەندیخانە بەپێی لێدوانی وەزیری تەندروستی، ئەرك و لێپرسراوێتی حكومەت بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە زیاتر دەكات.

ئێستا قسەی زۆر لەسەر ئەوە دەكرێت كە هێشتا حكومەت هاوكاری دارایی وەك ئەوەی بەڵێنی دابوو پێشكەش بەو زۆنە نەكردووە، بەو مانایەی كە پێدەچێت هاوكارییەكەی حكومەت وەستا بێتەوە لەسەر ئەوەی كە ئایا ڤایرۆسەكە زیاتر بڵاو دەبێتەوە لەو زۆنە، یان وەك خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام ئەو سیاسەتە ئەگەر ئاوا بەردەوام بێت، رەنگە ئەنجامەکەی بەشێوەیەکی دیکە بێت.
ئامارەكان لە هەرێمی كوردستان لە چەند رۆژی رابردوودا، ئاماژەن بۆ بەردەوام بوونی مەترسیی دۆخەكە، ئەمەش هێندەی دیكە ترسی هاووڵاتیانی زیاتر كردووە.

بۆیە پێویستە هەموولایەک مەترسییەكە و قۆناغەكە بەجددی تر وەربگرن، بۆ ئەوەی دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەرنەچێت.

print

 39 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*