سەرەکی » زانست » درۆنێك بۆ ئاشكراكردنی تووشبووانی كۆرۆنا

درۆنێك بۆ ئاشكراكردنی تووشبووانی كۆرۆنا

پسپۆڕان سەرقاڵی گەشەپێدانی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانن كە دەتوانێت لەناو قەرەباڵغیدا چاودێریی ئەو كەسانە بكات كە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون.

بە مەبەستی ڕێگریكردن لەبڵاوبوونەوەیی زیاتری  ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (كۆڤید-١٩)، كۆمەڵێك لە پسپۆڕانی تەكنەلۆژیایی سەربە زانكۆی (UniSA )ی ئوسترالیا بە هاوكاریی كۆمپانیای  (Draganfly)ی دروستكەری فڕۆكەی بی فرۆكەوان، سەرقاڵی گەشەپێدانی جۆرە فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانن بۆ دۆزینەوەی ئەو كەسانەی نەخۆشیی درمیان هەیە بە تایبەتیش هەڵگر یان تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنان و لە ناو قەرەباڵغیدا دەسووڕێنەوە.

ئەو فڕۆكە گەشەپێدراوە نوێیە، چەند ئامڕازێكی هەستەوەر و بینینی لێ دەبەسترێت، كە یارمەتیدەر دەبێت بۆ چاودێریی و دۆزینەوەی ئەو كەسانەی نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسەدانیان هەیە و لە ڕێگەی ئەو فرۆكەیەوە دەتوانرێت جگە لە دۆزینەوەی كەسەكە، پلەی گەرمیی و تێكڕای لێدانی دڵ و تێكڕای هەناسەدانیشی وەربگرێت و دەشتوانێت حاڵەتەكانی كۆكین و پژمینیش دەستنیشان بكات.

توێژەرەوەكان دەڵێن: “لەكاتی تاقیكردنەوەكاندا  ئەو فرۆكە بێفرۆكەوانە  توانیی لە دووریی (٥ – ١٠) مەترەوە و لەنێو كۆمەڵە خەڵکێکی زۆردا پێوانەی تێكڕای لێدانی دڵ و تێكڕای هەناسەدان بكات و ئەو كامێرایەی لێشی بەستراوە تا دووریی (٥٠) مەتر وێنە دەگرێت.

پڕۆفیسۆر (جافات شاهل) سەرۆكی تیمە توێژەرەوەكە و پسپۆڕی سیستمی هەستەوەرەكان لە دوورەوە، کە مامۆستایە لە زانكۆی باشووری ئوسترالیا، لەوبارەیەوە دەڵێت: ” ئەم فڕۆكە نوێیە دەبێتە ئامڕازێكی پشكنین بۆ زاڵبوون و گەمارۆدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا”.

هەر ئەو پڕۆفیسۆرە ئاماژەش بەوە دەدات کە: ” ئەگەری هەیە هەموو حاڵەتەكان نەدۆزنەوە، بەڵام دەكرێت ئامڕازێكی متمانەپێكراویان هەبێت بۆ ئاشكراكردنی بوونی نەخۆش لە شوێنیك و لە ناو كۆمەلێك كەسی دیکەدا”.

ئەوەش دووپات دەکاتەوەو دەڵێت: “ئەم تەكنیكە لە بنەڕەتدا بۆ ئەوە دروستكرابوو تا لە ناوچەكانی جەنگ و كارەساتە سروشتییەكاندا بەكاربهێنرێت بۆ پشكنینی دڵ و پلەی گەرمیی ئەو كەسانە كە لە ناوچە دوورە دەستەكاندا لە سەرجێگە كەوتوون و نەخۆشن، بەڵام وادیارە پێویستە ئەو فرۆكە بی فڕۆكەوانە دەستبەجێ بەكاربهێنین بۆ رزگاركردنی گیانی خەڵكانێكی زۆر لەو كارەساتە تەندروستییەی كە ئێستا ڕووبەرووی جیهان بۆتەوە و بەگەورەترین كارەساتی تەندروستی دادەنرێت كە لە ماوەی 100 ساڵی ڕابردوودا بەسەر مرۆڤایەتیدا هاتووە”.

ئەمەش یەكەمین جار نییە فڕۆكەی بیفڕۆكەوان بەكاربهێنرێت، بەڵكو لە ئیتاڵیا بۆ ئاگاداركردنەوەی خەڵك لە قەدەغەكردنی هاتوچۆ و لە چینیش كە مەڵبەندی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا بوو، بۆ ڕشاندنی مادە پاكژكەرەوەكان لە گوند و ناوچە دووردەستەكان بەكارهاتووە كە ڤایرۆسەكەی تێدا بڵاو بۆتەوە.

توێژەرەوەكان هیوا خوازن بە زووترین كات ئەو فڕۆكەیە بكەوێتەكار و لەناوچە جەنجاڵەكانی ئیتاڵیادا بەكاربهێنرێت، چونكە وەك دەزانرێت زوو دەستنیشانكردنی كەسە توشبووەكان ڕۆڵێكی گرنگی هەیە لە ڕرێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەكان.

 سەرچاوە: DW

print

 101 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*