سەرەکی » راپۆرت » له‌ پارێزگای سلێمانى زیاتر له‌ 2500 کارمه‌ندى ئێشکگرى کاره‌با دەوام دەکەن

له‌ پارێزگای سلێمانى زیاتر له‌ 2500 کارمه‌ندى ئێشکگرى کاره‌با دەوام دەکەن

سلێمانی، تارق که‌مال

به‌ڕێوه‌به‌رى په‌یوه‌ندییه‌کان و راگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى کاره‌باى سلێمانی به‌ کوردستانی نوێ-ی راگه‌یاند: له‌ سنووری پارێزگای سلێمانى زیاتر له‌ 2500 کارمه‌ندى ئێشکگرى کاره‌با ده‌وام ده‌که‌ن.
کاره‌با وه‌ک خزمه‌تگوزارییه‌کى گرنگی رۆژانه‌ و به‌رده‌وام، به‌پێى ئه‌و سیستمه‌ ته‌کنیکییه‌ى که‌ پێى دابه‌ش ده‌کرێت، له‌ هه‌ندێک له‌ به‌شه‌کانى پێویستى به‌وه‌یه‌ که‌ ده‌وامکردن تێیدا به‌شێوه‌ى ئێشکگر (24) سه‌عاتى بێت، له‌وباره‌یه‌وه‌ سیروان محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌رى په‌یوه‌ندییه‌کان و راگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى کاره‌باى سلێمانی به‌ کوردستانی نوێ-ی راگه‌یاند: دواى راگه‌یاندنى پشووه‌کان و قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ، له‌ سنوورى به‌رێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیى کاره‌بای سلێمانى که‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ش له‌خۆده‌گرێت، زیاتر له‌ (2500) ئه‌ندازیار و ته‌کنیککار و کرێکار و پاسه‌وان و شۆفێر و کارمه‌ندى کارگێڕى، ده‌وام ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ى کاره‌با دابه‌شبکرێت و هه‌ر کێشه‌و گرفتێکیش رووبدات، به‌زوویى چاره‌سه‌ر بکرێت، وتیشی: له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گواستنه‌وه‌ى وزه‌ى کاره‌با که‌ وێستگه‌کانى گۆڕینى کاره‌با له‌خۆده‌گرێت له‌ (63) وێستگه‌ى گۆڕین که‌ کاریان به‌ڕێوه‌بردنى فیده‌ره‌کانى کاره‌بایه‌ له‌ سنوورى پارێزگاکانى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌، (900) ئه‌ندازیار و ته‌کنیککار و پاسه‌وان و شۆفێر به‌شێوه‌ى مناوه‌به‌ و ئێشکگر ده‌وام ده‌که‌ن.

به‌ڕێوه‌به‌رى په‌یوه‌ندییه‌کان و راگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى کاره‌باى سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: له‌ سنوورى پارێزگاکانى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌و ده‌وروبه‌رى، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کان به‌م شێوه‌یه‌ ده‌وام ده‌که‌ن:
له‌ سنوورى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى دابه‌شکردنى کاره‌باى سلێمانى که‌ ناوشارى سلێمانى له‌خۆده‌گرێت، (852) ئه‌ندازیار و ته‌کنیککار و کرێکار و شۆفێر له‌ (13) هۆبه‌ى چاککردن ده‌وام ده‌که‌ن.
له‌ سنوورى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی دابه‌شکردنى کاره‌باى دوکان له‌ (9) هۆبه‌ى چاککردن و هۆبه‌ى رووناکى، (248) کارمه‌ند ده‌وام ده‌که‌ن.
له‌سنوورى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى دابه‌شکردنى کاره‌باى (راپه‌ڕین) له‌ (17) هۆبه‌ى چاککردن، (250) کارمه‌ند ده‌وام ده‌که‌ن.
له‌سنوورى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى دابه‌شکردنى کاره‌باى چه‌مچه‌ماڵ له‌ (9) هۆبه‌ى چاککردن، (247) کارمه‌ند ده‌وام ده‌که‌ن.
له‌ سنوورى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى دابه‌شکردنى کاره‌با شاره‌زوور که‌ سنوورى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌خۆده‌گرێت، (350) کارمه‌ند ده‌وام ده‌که‌ن.
له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى کۆنترۆڵ و گه‌یاندنى کاره‌باى سلێمانیش که‌ کاریان دابه‌شکردنى کاره‌بایه‌ له‌ سنوورى پارێزگاکانى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ (162) ئه‌ندازیار و ته‌کنیککار و کرێکار و شۆفێر و پاسه‌وان ده‌وام ده‌که‌ن.
له‌ وێستگه‌ى که‌هرۆئاوى دوکان (63) ئه‌ندازیار و ته‌کنیککارو کرێکار و شۆفێر، له‌ وێستگه‌ى که‌هرۆ ئاوى ده‌ربه‌ندیخانیش (65) که‌س ده‌وام ده‌که‌ن.
هه‌روه‌ها سه‌ره‌ڕاى پشووى ره‌سمی به‌شى (وه‌رشه‌ى محه‌ویله‌)ش رۆژانه‌ ژماره‌یه‌ک کارمه‌ندیان ده‌وامیان کردووه‌، ئه‌و محه‌ویلانه‌ى له‌ گه‌ڕه‌که‌کان له‌کار که‌وتوون، چاکیان کردۆته‌وه‌.

print

 161 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*