سەرەکی » راپۆرت » عەدنان زورفی هەڵەی عەللاوی دووبارە ناكاتەوە

شرۆڤەی رۆژ

عەدنان زورفی هەڵەی عەللاوی دووبارە ناكاتەوە

خۆپیشاندانەكانی پاییزی ساڵی رابردوو، عیراقی خستە بەردەمی ئەزموونێكی نوێی سیاسی و هاوپەیمانێتییەوە، هەروەك دەریشیخست، حوكمڕانی تەنهای پێکهاتەیەک هۆكار بووە بۆ ئەو دۆخەی كە لە چەند ساڵی رابردوودا بەتایبەت پرسی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری و بێكاری بێتە ئاراوە.

ئێستا عیراق، لەبەردەم ئەزموونێكی نوێی سیاسیدایە، بەڵام ئەوە كارەكتەرە سیاسییەكانن كە دواجار بڕیاری كۆتایی لەو ئەزموونە سیاسییە نوێیە دەدەن، دوای محەمەد تۆفیق عەللاوی كە بەهۆی پێداگرییەكانییەوە بۆ پێكهێنانی كابینەیەكی كاتی (سەربەخۆ) نەیتوانی دەنگی ئەنجومەنی نوێنەران بەدەستبهێنێت، ئێستا عەدنان زورفی، هەنگاو بۆ هەمان پۆست دەنێت، بەڵام وا دەردەكەوێت كە زورفی نایەوێت هەمان هەڵەو پێداگری عەللاوی دووبارە بكاتەوە، بەتایبەت لە پرسی دانانی وەزیرەكان.

ئەمڕۆ زورفی كارنامەكەی داوەتە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەو دەڵێت: لە هەوڵی پێكهێنانی كابینەیەکدام كە كەسانی چاكساز لەخۆ بگرێت و بەپێی دەستوور تا 48 سەعاتی داهاتوو كارنامەی ئەو وەزیرانە دەدەمە ئەنجومەنی نوێنەران.
زورفی، خۆی بەدوورگرتووە لە ناوهێنانی كەسانی سەربەخۆ، هەڵبەتە ئەزموونی عەللاوی و ئەو دۆخە نوێیەی بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە هاتۆتە ئاراوە، دەرفەتێكی گرنگن بۆ ئەوەی زورفی باس لە كاندیدی سەربەخۆ و پێكهێنانی حكومەتێكی سەربەخۆ نەكات، ئێستا خۆپیشاندانەكان لە عیراق نەماون، روون نییە كە دوای كۆنترۆڵی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەڕژێنەوە سەر شەقامەكان یاخود نا، بەڵام ئەوە هەیە كە پێناچێت خۆپیشاندەران هەمان كاریگەریی چەند مانگی رابردوویان مابێت.

زورفی، ئێستا بەردەوامە لە گفتوگۆ لەگەڵ تەواوی لایەنە سیاسی و پێكهاتەكان، ئەگەرچی هێشتا رەزامەندیی تەواوی سەركردە شیعەكانی بەدەستنەهێناوە، بەڵام جووڵە سیاسییەكانی دەرخەری ئەوەن كە بە هەر نرخێك بێت دەیەوێت شكست نەهێنێت. بەڵام ئەگەر بێت و نەتوانێت رەزامەندیی هەموو لایەنە شیعەكان بەدەستبهێنێت، ئەگەری ئەوە بەهێزە زورفی روو لە هەرێمی كوردستان بكات و لەگەڵ سەرۆكایەتیی نوێی یەكێتی و پارتیدا بەجیا كۆببێتەوە. هەرچەندە ئەو دەڵێت، لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا گفتوگۆم كردووەو بەڵێنی پشتیوانییان پێداوم.

بەرنامەی حكومەتەكەی عەدنان زورفی 16 خاڵە.‌ لە خاڵی 12دا باسی پەیوەندیی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ دەكات، وەك خۆی دەڵێت، بە روانگەیەكی نوێ كار بۆ چارەسەری كێشە هەڵپەسێردراوەكانی هەرێم و بەغدا دەكات.

زورفی بەر لە تەواوبوونی ماوەی یاسایی خۆی بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئێستا كارنامەكەی داوەتە ئەنجومەنی نوێنەران، روون نییە كە رەزامەندیی هەموو لایەنەكانی بەدەستهێنا بێت، بەڵام هەر چۆنێك بێت پێناچێت ئەو هەمان هەڵەی عەللاوی دووبارە كردبێتەوە لە گفتوگۆكان.
ئەو چاوەڕێی كاتی دیاریكراو بۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات، ئەمەش مانای وایە گفتوگۆكانی كۆتایی پێهێناوە.

print

 37 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*