سەرەکی » زانست » كۆرۆنا بووەتە هۆی كەمكردنەوەی لەرینەوەکانی توێكڵی زەوی

كۆرۆنا بووەتە هۆی كەمكردنەوەی لەرینەوەکانی توێكڵی زەوی

كەشتیی نوح

زاناكانی جیولۆجی لە چەند وڵاتێكی جیهان ئاشكرایانكردووە، كەمبوونەوەی چالاكییەكانی مرۆڤ بووەتە هۆی كەمبوونەوەی لەرینەوەكانی توێكڵی زەوی و دوا جاریش كەمبوونەوەی بومەلەرزەکان.

زانا جیۆلۆجییەكان لە چەند وڵاتێكی جیهان پاش زنجیرەیەك توێژینەوە، هەموویان لەسەر ئەوە كۆكن كەمبوونەوەی چالاكییەكانی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهاندا بە هۆی مانەوەیان لە ماڵ و خۆپارێزییان لە ڤایرۆسی (كۆڤید-19) بووەتە هۆی ئەوەی چالاكیی لەرینەوەی توێكڵی زەویش تا ڕادەیەك كەم ببێتەوە.

زانایانی چاودێرگەی شاهانەی بەلجیكا یەكەمین كەس بوون كە سەرنجی ئەوەیان داوە و دوای توێژینەوەیەكی وردی خۆیان ئاماژەیان بەوە داوە كە ملیۆنان كەس بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لە ماڵەكانیاندا خۆیان كەرەنتینە كردووە، ئەمەش دەکاتە كەمبوونەوە و وەستانی زۆربەی چالاكییەكانی مرۆڤ و ژمارەیەكی زۆر لە كارگەكانی پیشەسازییە قورسەکان دەرگاكانیان داخستووە و ئەمانەش هەموویان پێکەوە گۆڕانكارییان دروستكردووە لە شێوازی جووڵەی توێكڵی زەوی کە کێشی زەوی بە ٦ ملیار ترلیۆن تۆن مەزەندە دەکرێت.

ئەو زانایانە دەڵێن” جوڵەی ئەم ژمارە زۆرە بە كردەیی كاریكردووەتە سەر لەرینەوەكانی توێكڵی زەوی.

ئەوان دەشڵێن”جووڵەكانی زەوی لەرینەوەیەك دروست دەكات كە مەوداكەی (١بۆ٢٠) هێرتزە واتە (قوڵترە لە دەنگی ئامێرێكی موزیكی كۆنتەر باس یان لە دەنگی ئامێری پیانۆی گەورە دەچێت) ئەمەش زۆر كەمی كردووە لەوەتەی حكومەتی چەندین وڵات قەدەغەكردنی هاتوچۆ و هێشتنەوەی هاوڵاتیانیان لە ماڵەوە پیادەكردووە”.

لە لایەكی ترەوە زانایانی بومەلەرزەزانی لە نیپاڵیش سەرنجییان داوە لە كەمبوونەوەی پشێویی تویكڵی زەوی، زانایانەكی پەیمانگای پاریس بۆ توێژینەوەی فیزیایی زەویش ئەوەی ئاشكراكردووە كەمبوونەوەكە لە پاریسی پایتەخت زۆر بەرچاوە.
لە توێژینەوەیەكیشدا كە زانایانی زانكۆی (كالتیك) لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كردوویانە ئەوەیان ئاشكرا كردووە كە ئەو كەمبوونەوەیە لە لۆس ئەنجلوس زۆر بە ئاشكرا هەستی پێدەكرێت.

ئاماژەی ڕوونتر

هەرچەندە ئەو توێژینەوە نوێیانە كە پەیوەستە بە زانستی بومەلەرزەوە مانای ئەوە نییە كە زەوی بە تەواوی لە لەرینەوە وەستابێت، بەڵام ئەو جیاوازییەی هەستی پێکراوە تەنها شتێك نییە كە زاناكان وا لێبكات تەنها سەرنجی بدەن، بەڵكو روداوێکە زۆر سوودی دەبێت بۆ توێژینەوەكانی دواتریان.

زانایانی كەنەدا لەم بارەیەوە دەڵێن” چالاكییەکانی مرۆڤ لە ژاوەژاوێكی كز دەچێت و وا لە زاناكان دەكات نەتوانن بە وردی و بە شێوەیەكی سروشتیی گوێیان لە لەرینەوەكانی توێكڵی زەوی بێت”.

(ئاندی فراسیتۆ) ی زانای بومەلەرزەزانی لە پێگەی پەیمانگا یەكگرتووەكانی تایبەت بە زانستی بومەلەرزەی واشنتۆن ڕایگەیاند “ئەو ئاماژانەی لە زەوییەوە پێمان دەگات ڕونترە لەوانەی پێشووتر، ئەمەش ڕێخۆشكەرە بۆ پاكتاوكردنی هەندێك زانیاریی دەربارەی توێكڵی زەوی”.

(ستیڤن هیكس)یش كە زانایەكی جیۆلۆجییە لە زانكۆی (ئمپریال كۆلێج) لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، ئەم كەمبوونەوەیەی لەرەی زەوی دەگەڕێنیتەوە بۆ كەمبوونەوەی جوڵەی هاتوچۆ لە ڕێگەی خێرای (M4) كە لەندەن و هەرێمی وێلز بەیەكەوە دەبەستێتەوە.

ئەو زانایە لە تویتێکیدا لە لاپەڕەی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی ” زۆر بە ڕوونی دیارە كە ڕۆژانی ڕابردوو زۆربوونی ژاوەژاو لە بەرەبەیاندا دەگەیشتە كەمترین ڕادەی بە بەراورد بە هەفتەكانی ڕابردووتر”.

هەروەها لە نووسینەكەیدا دەڵێت”مەزەندە دەكەم هۆكاری ئەوە كەمبوونەوەی چالاكییەكانی مرۆڤ بێت، چونكە خەڵكی كەمتر لە جووڵەدان و قوتابخانەكان و فەرمانگەكان داخراون”.

ئەو دەڵێت” سەرەڕای ئەوەی ئەستووریی توێكڵی زەوی نزیكەی 70 كیلۆمەترە، بەڵام بەهۆی چالاكییەكانی مرۆڤەوە دەلەرێتەوە”.

هەوایەكی پاكتر دەریاكی هێمنتر

ئەوەی بە لای زاناكانی جیۆلۆجی و زاناینی ژینگەوە جێگەی دڵخۆشیە ئەوەیە كە لە هەموو بارێكدا ڤایرۆسی كۆرۆنا زیانبەخش نییە، بەڵكو سوودی زۆریشی هەبووە و كاریگەریی ئەرێنی هەبووە بۆ ژینگە.

لەم چوارچێوەیەدا مانگە دەستكردەكان چاودێری ئەوەیان كردووە كە گازی دووەم ئۆكسیدی نایترۆجین كەمتر دەردەرێت كە لە ئەگزۆزی ئۆتۆمبێل و پاس و لۆریی و وێستگەكانی وزەوە دێتە دەرەوە.

لە لایەكی تریشەوە گەشتی ناو دەریاكانیش بە شێوەیەكی بەرچاو كەمی كردووە و دیسان ئەمەش بووەتە هۆی ڕوون بوونەوەی ئاوی دەریا و زەریاكان و ئەو شوێنانەش هێمنتر لە جاران دەردەكەون و گیانەوەرانی دەریایی ئاسودەترن و بێ مەترسیی دێن و دەچن و هەموو ئەمانە مانای هەناسەدانێکی تری زەوییە.

گۆرانكارییە وەرزییەكان

پێشتر و چەند ساڵێك لەمەوبەر زانایان سەرنجی ئەوەیان دابوو كە وەرزەكان گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە و وەك دەیان ساڵی پێشتر نین، بە جۆرێك لە زۆر شوێن وەرزی بەهار و و پایز تێكەڵ بە وەرزی زستان و هاوین دەبوون و گەرما پێشتر لە وادەی خۆی و سەرما لەكاتێكی درەنگدا دەستی پێدەكرد، بەڵام ئەمساڵ و بە هۆی پاكبوونەوەی ژینگە و كەمتربوونەوەی پەنگخواردنەوەی گەرمای زەوی، وەرزی بەهار لە نیوەگۆی باكور لەوە دەچێت ماوە ئاساییەكەی خۆی تەواو بكات.

ئەوەی جێگەی مشتومڕی زانایانی جیۆلۆجی و كۆی زانایانی دیكەیە و بووەتە پرسیار ئەوەیە؛ داخۆ ئەم ڕەوشە چەندی تر دەخایەنێت تاكو مرۆڤایەتی بكەوێتە چالاكیی و بزاوتی جارانی؟ ئەوان دەپرسن” بڵیی كۆرۆنا ئەوەی فێری مرۆڤایەتی نەكردبێت كە چیتر با مرۆڤەکان نەبنە هۆی بێزاركردنی گۆی زەوی چونکە ئێستا لە گەردوندا گۆی زەوی تەنها شوێنە بۆ ژیان؟.

سەرچاوە؛ BBC

print

 23 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*