سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » خودا حافیز بەڕێز مستەفا کازمی!

خودا حافیز بەڕێز مستەفا کازمی!

ئێستا کە دەنووسین و دەڵێین “مستەفا کازمی” راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی وزاریی عیراق، هێشتا دڵنیایی ئەوەمان نییە کە ئاخۆ کازمی-یش دووردەخرێتەوە و دەگۆڕێت بۆ کەسێکی تر، یان لەم خولەدا کازمی دواین کەس دەبێت بهێنرێتە سەر شاشە و سیمای رۆژانی داهاتووی حکومەتداری عیراق دەبێت؟

ئەگەر زیادەڕەویی نەبێت لەم ساڵدا د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆک کۆمار وایلێهاتووە هەر فریای ئەوە بکەوێت ناوێکی نوێ بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران رابسپێرێت. بەندەش بۆ ئەوەی لەخەیاڵدانمدا ناوەکانم بە تەسەسول لەبیرنەچێتەوە، هەرکاتێک بەڕێز سەرۆک کۆمار کەسێکی نوێ رادەسپێرێت بۆ سەرۆک وەزیران، ئەوا منیش ناوێکی نوێ لەدەفتەری یاداشتەکانمدا تۆمار دەکەم. ئەمە جگە لەو هەموو ناوەی کە بە نافەرمی باسدەکران.

هەر کاتێک ناوێکی نوێم گوێ لێدەبێت، جگە لە پێکەنینێک و دوعایەکی خێر، بچووکترین دەلاقەی ئومێد نابینم لەهەر کەسێک کە بتوانێت شتێکی نوێمان لە دەرەوەی مێژووی عیراق پێشکەش بکات. ئەم بۆچوونە رەشبینی نییە، وتنی حەقیقەت رەشبینی نییە، دەبێت هەمووان ئەوە بزانین کە وتنەکان لەسەر دۆخی عێراق حەقیقەتن نەک رەشبینی و نائومێدی. دۆخی عێراق هێندە روونە پێش بەخێرهاتن دەکرێت بڵێین خودا حافیز بەڕێز مستەفا کازمی!

گۆڕینی عەبدولمەهدی سەرەتا بە محەمەد تۆفیق عەلاوی و ئینجا بۆ عەدنان زەرفی و دواتریش بۆ مستەفا کازمی، جگە لە نوکتەیەکی کۆمیدی بە هەوڵی گەورەی نابینم بۆ ئەوەی کەسێکی ئەوتۆ بکرێتە سەرۆک وەزیران کە عیراق لەم تونێلە تاریکە دەربهێنێت. تەنانەت نوکتەیەکی کەشفە کە هیچ کاندیدێک لەدوای ساڵی 2003وە کاندیدی تەواوی پێکهاتە و لایەنە عیراقییەکان نییە و نەبووە.

گۆڕینی کاندیدەکان گۆڕینی چۆنێتی و چەندێتی بەرژەوەندییەکان و ئاراستەکانی بەیتی شیعییە لە عیراقدا. گۆڕینی کاندیدەکان بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە کە عەدنان زەرفی سەربە حزبی سیاسییە و لایەنداریی بۆ حزب و لایەنێک و وڵاتێکی ئیقلیمی دەکات و مستەفا کازمی تەکنۆکرات یان سەربەخۆیە، ئەسڵەن خودی گۆڕینەکان لەپێناو حزبی بوونە و دەبێت حزبی بن یان تا ئەگەرێکی زۆریش مەرهەبی بن.

ئەم گۆڕینانە پەیوەندی بە سیستمی سیاسی وڵاتەوە هەیە، مادام مافی دانانی سەرۆک وەزیران لای شیعەیە، کەواتە دەبێت لەئێستاو داهاتووی عیراقیشدا چاوەڕێی ناوی نوێ و کەسی نوێی بکەین بپاڵێورێت بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عیراق.

print

 279 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*