سەرەکی » وتار » نه‌وزادى موهه‌ندیس‌ » ڕۆڵ و كاریگەری پەیڕەوی ناوخۆ…

بەرەو بەستنی كۆنگرەی گشتی چوارهەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

ڕۆڵ و كاریگەری پەیڕەوی ناوخۆ…

ڕۆڵ و كاریگەری پەیڕەوی ناوخۆ لە ژیانی حیزبی سیاسیدا

7
هەروەك چۆن هیچ وڵات و دەسەڵات و حومكڕانیەك بەبێ‌ بوونی دەستور ناتوانێت ئیشوكارەكانی ڕێبكات و بەرەو پێشبچێت و ژیانی تاك و كۆمەڵگا ڕێكبخات ،لەڕێگەی دیاریكردنی ئەرك و ماف و دەسەڵاتەكان بۆ هەموان، یان هەڵبژاردن و دیاریكردنی جۆری سیستەمی حوكمڕانی یان دیاریكردنی بیر و ئایدیا و فەلسەفە و سیاسەت و ڕێبازی حوكمڕانیەكەی،هەربۆیە گەر دەستور نەبێت ئەوا بە دەوڵەت و دەسەڵاتێكی بەدەر لە دستور و یاساكان ناوزەددەكرێت و پێی ناوترێت دەوڵەتێكی دەستوری بەڵكو دەبێتە جەنگەڵستانێكی فەوزەوی و بێسەروبەر و بەهێز تیایدا بێهێز و بێدەسەڵاتەكان دەخوات.

كاركردن و پابەندبوون بە پەیڕەوی ناوخۆ
هەربۆیە پەیڕەوی ناوخۆش بۆ هەر حیزبێكی سیاسی بریتیە لە دەستوری ناوخۆیی حیزب كە بەهەمان شێوە ئەرك و ماف و دەسەڵات و ڕچە و ڕێباو فەلسەفەی حیزبی تیادا دیاریدەكرێت و ئۆرگان و پەیكەری حیزبیش دەستنیشان دەكات. كاركردن و پابەندبوون بە پەیڕەوی ناوخۆ و لانەدان لە مادە و بڕگەكانی مانای ڕێزگرتنە لە بڕیاری دەستەجەمعی كۆنگرە ،چونكە تەنها كۆنگرە دەتوانێت بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆی حیزب بگۆڕێت ودیاریبكات،بۆیە دەبێتە بڕیارێكی مولزەم بۆ هەموو ئاست و ئۆرگانەكان، هیچ حیزبێكی سیاسی بەبێ‌ بوونی پەیڕەوی ناوخۆی حیزب ناتوانێت بە كار و ئەركەكانی هەستێت و ناشتوانێت ببێتە حیزبێكی ڕێكخراو و بە دیسپلین، جا هەر كات حیزب سیفەتی ڕێكخستنی لێداماڵرا ئەوا ناتوانرێت بە حیزبی سیاسی ڕێكخراو ناوزەد بكرێت، بەڵكو تەنها وەكو گردبونەوەیەكی بەكۆمەڵ وایە كە هیچ پابەدنبونێكی سیاسیی و ئەخلاقی و شۆڕشگێڕی پێكیانەوە نابەستێتەوە و دەبنە گروپێكی فەوزەوی و بێسەر و بەرو بەهەمان شێوە بەهێزەكان ڕاو بۆچوون و فكری خۆیان دەسەپێننە سەر ئەوانیتر و هێواش هێواش حیزب لە چوارچێوەی ئاسایی خۆی دەردەچێت و دەكەوێتە بەرژەوەندی دەستە و گروپ و سەركردە و ڕابەر و بنەماڵەكانەوە، جا حیزبی بەم جۆرە تەنها لە كۆمەڵگا دواكەوتوو خێڵچی و نەخوێندەوارەكاندا برەوی هەیە،ئەگینا لەم سەردەم و قۆناغی دیموكراسی و ئازادی و بازاڕی ئازاد و میدیای سەربەخۆدا جێگەیەك نابێتەوە بۆ وەها حیزبێكی سیاسی.

پابەندبونبێكی ڕەهای هەبێت
یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش وەكو حیزبێكی گەورە و كاریگەر و پێشكەوتوخوازو هەڵگری دروشمەكانی ئاشتی و ئازادی و دیموكراسی و مافی مررۆڤ و مافی چارەنوس و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و هاوڵاتیبوون و كەلتوری یەكسانی و لێبوردەیی وخاوەن ڕچە و ڕێبازی سۆسیال دیموكرات، خاوەن مێژوویەكی 42 ساڵە و گەلێك دەسكەوتی گەورە بۆ گەل و نیشتیمان لەم بەشەی كوردستان و تەواوی كوردستانی گەورەشدا، پێویست دەكات كە پابەندبونبێكی ڕەهای هەبێت بە جێبەجێكردن و پیادەكردنی بەند و بڕگەكانی پەیڕەوی ناوخۆی خۆیەوە، چونكە پەیڕەوی ناوخۆ باڵاترین دەستوری كاری ڕێكخراوەیی یەكێتیە و لەسەر هەموان ئەركە كە پێوەی پابەندبن.بۆئەوەی سیفەتی حیزبێكی ڕێكخراو لەدەست نەدات.

مەركەزیەتی حیزبی نەماوە
پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی و هەر حیزبێكی سیاسی بەشێوەیەكی گشتی بریتیە لە چوارچێوەی ڕێكخستنی كار و دەسەڵاتەكان و پەیكەری حیزب،بۆیە گەر پابەندبوونی ڕەها هەبێت بە ناوەڕۆكی پەیڕەوی ناوخۆوە ئەوا حیزب بەشێوەیەكی ئاسایی و ئۆرگانیكی ئیشكارەكانی دەباتە ڕێوە و بەپێچەوانەشەوە تێكچڕژان دروست دەبێت و كەڵەكەبوونی كێشە و گرفتەكانی لێدەكەوێتەوە،بەداخەوە بۆماوەی چەند ساڵێكە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان توشی گەلێك كێشە و ململانێی ناوخۆیی بۆتەوە كە لە ئێستادا بە ئاشكرا مەترسی چەندكەرتبون وجیابونەوە و بچكوبنەوە و پوكانەوەی لێدەكرێت،هەموشی لە ئەنجامی پابەندنەبوونە بە بڕگە و مادەكانی پەیڕەوی ناوخۆوە، چونكە لەلایەك مەركەزیەتی حیزبی نەماوە و لەلایەكی تریشەوەڕێز لە بنەما حیزبی و شۆڕشگێڕیەكان ناگیرێت و هەموو ئۆرگانەكان كار و دەسەڵات و ئەركەكانی خۆیان جێبەجێناكەن و لەونێوەندەشدا مافی هەموان پێشێل كراوە.

بخەنە خزمەت بەرژەوەندیەكانی خۆیانەوە
بەداخەوە گروپ ودەستەی جیاواز لەناو یەكێتیدا لەسەر بنچینەی بەرژەوەندی ئابوری و ناوچەیی و تەنانەت هۆزگەریو …هتد. دروستبون و بونەتە كارتێلی سیاسی و ئابوری و دوور لە بنەما حیزبی و شۆڕگێڕیەكان و دوور لە یەكێتی فكر وكار و بەرژەوەندی یەكێتی، بەداخەوە هەموان گەرەكیانە یەكێتی و دەسەڵات و مێژوو و ئابوری یەكێتی بخەنە خزمەت بەرژەوەندیەكانی خۆیانەوە بەپێچەوانەی خاڵی ((7)) لە مادەی ((9))ی ئەركەكانی ئەندامەوە.

هەموان لەهەوڵی دابەشبونی یەكێتیدان
بەداخ و كەسەرێكی گەورەتریشەوە هەموو ئەو ململانێ‌ و دەستەگەری و ناوچەگەریانەی كە لەناو یەكێتیدا بەدرێژایی مێژوو و خەباتی یەكێتی هەبون و لە قۆناغە جیاوازەكاندا توند و خاویان بینیوە و زۆرجاران گەیشتۆتە ئاساتی بەیەكدادان و لە ئێستاشدا و لەدوای نەخۆشكەوتنی هەڤاڵ مام جەلالەوە لە 17/12/2012دو دواتریش كۆچكردنی دوایی لە 3/10/2017دا، ململانێكان زۆر توندتر بونەتەوە و لە ئێستادا كە باسو خواس و داواكاری زۆرینەبە ئاڕاستەی بەستنی كۆنگرەی ئاسایی چوارهەمی یەكێتی هەیە، ئەو ململانێیانە زۆر توندتر و مەترسیدار بونەتەوەوە و هەموان لەهەوڵی دابەشبونی یەكێتیدان و گەرەكیانە كۆنگرەیەكی دوور لەهەموو یاسا و ڕێساكانی ناو پەیڕەوی ناوخۆ گرێبدەن بەمەبەستی پاراستنی بەرژەوەندی و پێگە و دەسەڵاتەكانی خۆیان دوور لە حسابكردن بۆ مێژوو و خەباتی چەندین ساڵەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان.

لەبەرژەوەندی خۆیان نەیشكێنەوە
بۆیە بەڕاستی گەرەكە لەم كۆنگرەیەدا سەرجەم خاڵ و بڕگەكانی پەیڕەوی ناوخۆ شەن و كەو بكرێتەوە و بەشێوەیەكی ڕاست و ڕەوان و ئاشكرا دوور لە تەفسیر و تەئویلكردن دابڕێژرێتەوە،بۆئەوەی هیچ كەسێك بەلاڕێسدا نەیبەن و لەبەرژەوەندی خۆیان نەیشكێنەوە. و پێویستە مەرجەكانی ئەندام و ماف و ئەركەكان و سزادانەكانیش و بنەمای پاداشت و سزاش بەتوندی جێبەجێبكرێن وبەشێوەیەكی ووردتر و ڕوونتر دابڕێژرێێنەوە و جێبەجێش بكرێن.

سەركەوتنیشیان وەدەستهێناوە
پێویست دەكات كە پەیكەری یەكێتی بچوك و ڕەشیق بكرێت و لەگەڵ هەلومەرج و قۆناغی ئیستا و ئایندەشدا بگونجێت،هەر لە گۆڕینی شێوەی كاری ڕێكخراوەیی بەشێوەیەك ئیدی یەكێتی ببێتە حیزبی هەڵبژاردن و خزمەتكردن نەك وەك قۆناغەكانی ڕابووردوو ببێتە حیزبی ئەندام و شانە و پۆل و كەرت و ..هتد چونكە قۆناغەكە وادەخوازێت كە ئەم جۆرە فۆرمە كۆنە بگۆڕدرێت و گەلێك حیزبی سیاسی لەكوردستاندا ئەو جۆرەیان تاقیكردۆتەوە و سەركەوتنیشیان وەدەستهێناوە لەهەڵبژاردنەكانی پەڕلەمانی كوردستان و عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاكانیشدا.
كەمكردنەوەی ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی وژمارەی بارەگا و مەكتەب و مەڵبەند و كۆمیەتەكان و هەموو ئەمانەش بۆ لەلایەك توندوتۆڵكردنەوە وگورجكردنەوەی جەستەی یەكێتی وكەمكردنەوەی خەرجی و زیادكردنی داهات بۆئەوەی یەكێتی بتوانێت لەلایەك ژیانی حیزبایتی خۆی ڕێكبخاتەوە و لەلایەكی تریشەوە ژیانی كادر و ئەندامان و خانەوادەی شەهیدان و كەئەندام و زیندانیانی سیاسی و ..هتد. مسۆگەر بكات و نەك وەك ئێستا ڕسوا و ڕەزیل یان بكات و نەتوەانێت خەرجی مانگانەیان بۆ دابین بكات.

ئەم كۆنگرەیە بكرێتە
بۆیە بەڕاستی دەبێت ئەم كۆنگرەیە بكرێتە كۆنگرەی جۆشدان و بەسەرداچوونەوە و ئاشكراكردنی هەموو كێشە و كەموكوڕی و گرفتەكان و ئەزمونی (( بیرۆسترۆیكاو گلاسنۆستی )) گۆرباتچۆفی ڕووسیا دووبارە بكەینەوە بەڵام بەبێ‌ هەڵتەكاندن و نەمان و هەڵوەشانەوەی یەكێتی، پێویستە ئەم كۆنگرەیە بكرێتە سەكۆی دەنگە ئازاد و توانا نوێكان بۆئەوەی یەكێتیەكەمان بەرەو هەستانەوە و نوێبنەوەی ڕاستەقینە بەرینەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*