سەرەکی » وتار » سه‌ربه‌ست جیهاد‌ » رێگاى به‌غدا ئارام نیيه‌پەڕە 2

رێگاى به‌غدا ئارام نیيه‌

له‌ دواى ريفراندۆمه‌وه‌ ده‌يان ده‌ستپێشخه‌رى و كۆششى چاكه‌خوازانه‌ى عيراقى و نێونه‌ته‌وه‌يى بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى سياسى ئابوورى و ئه‌منى هه‌رێمى كوردستان و عيراق كراون، به‌ڵام هه‌موويان له‌لايه‌ن حكومه‌تى فيدراڵى ره‌ت كراونه‌وه‌.
هه‌نجه‌تى سه‌رۆك وه‌زيران ئه‌وه‌يه‌ هێشتا هه‌رێمه‌كه‌مان روون و راشكا و نه‌يفه‌رمووه‌ له‌ هه‌موو پرسى په‌شيمانين و په‌يمان ده‌ده‌ين تا ( قامى قيامه‌ت ) هه‌روا ژێرده‌سته‌ى عيراق ده‌بين .
له‌ هه‌فته‌ى يه‌كه‌مى دواى هه‌مووپرسى هه‌رێمى كوردستان به‌ ته‌جميدكردن رازى بوو ، جێگرى سه‌رۆك كۆمار ( عه‌لاوى ) موباده‌ره‌يه‌كى كرد و سه‌رۆكى ئه‌وكاتى هه‌رێم قايل بوو ريفراندۆم سڕ بكا ، پاشان دادگاى فيدرالى حوكمى هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى ريفراندۆميدا، ئه‌و حوكمه‌ش ته‌قدير كرا، به‌ڵام تازه‌ سه‌رۆك وه‌زيران ێيژێ خێر ده‌بێ بێژن ( پابه‌ندين ) به‌ قه‌رارى دادگاى ده‌ستوور .
خۆ ئه‌و ده‌سته‌واژه‌يه‌ش ئه‌گه‌ر بكرێته‌ پاشكۆى رسته‌ى ( رێز له‌ قه‌رارى مه‌حكه‌مه‌ى ئيتيحادى ) ده‌گرين، بۆ حكومه‌تى ئێمه‌ كه‌ له‌ دۆخێكى ناهه‌موارى سياسى ئابووريدايه‌ ، نه‌نگى نيه‌ و ره‌نگه‌ وه‌ك جۆرێك له‌خۆپارێزى ( ته‌قيه‌ ) لێكبدرێته‌وه‌ ، به‌ڵام داخوا به‌غدا رازى ده‌كا و ( پابه‌ند ) بوون ده‌بێته‌ بيانوو بڕ؟
ئه‌م ره‌تكردنه‌وه‌يه‌، به‌داخه‌وه‌ لێره‌ و له‌وێ پاساو ده‌درێته‌وه‌ و مه‌سئوليه‌تى ته‌نگنايه‌كه‌ هه‌ر به‌ ته‌نێ ده‌خرێته‌ ئه‌ستۆى حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتى سياسى هه‌رێم ، يانه‌كو هه‌ندێك واى ته‌فسير ده‌كه‌ن ره‌تكردنه‌وه‌ى دان و ستاندن له‌سه‌رره‌قى فيترى ( حه‌يده‌ر عيبادى ) بناوان هه‌ڵده‌گرێ ، خۆ لێكدانه‌وه‌ى واش هه‌يه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌چێ به‌ هۆى نزيكبوونه‌وه‌ى واده‌ى هه‌ڵبژاردن ( سه‌رۆك وه‌زيران ) نايه‌وێ پێگه‌كه‌ى بكاته‌ قوربانى ديالۆگ ، به‌و ده‌ليله‌ى وه‌سيله‌ى ئاسانتر و كاريگه‌رترى له‌ جۆرى جوڵاندنى سوپا و پۆليس و حه‌شد و گه‌مارۆ و برسيكردن و هه‌راسانكردن و.. تاد، له‌به‌رده‌ستدايه.‌
به‌شى زۆرى ئه‌و پاساو و ته‌فسيرانه‌ له‌ سه‌رينى ناكۆكى قووڵى ناوخۆى هه‌رێمه‌كه‌مانه‌وه‌يه‌، ناته‌بايى به‌رچاوى تاريك كردووينه‌ تا ئه‌و ئه‌ندازه‌يه‌ى ستراتيجى ناحه‌زانه‌ى به‌غدا وه‌كو خۆى نه‌بينين كه‌ هيچ، بڕو بيانووشى بۆ ببينينه‌وه.‌
بمانه‌وێ تێبگه‌ين يانه‌كو خۆمان نه‌بان كه‌ين هيچ له‌ و راستيه‌ كه‌م و زياد ناكا ، عينادى ( عيبادى ) له‌ پاى به‌ ئامانج گه‌ياندنى سياسه‌تێكه‌ له‌ مێژه‌ حكومه‌تى عيراق به‌شێنه‌يى كارى له‌سه‌ر ده‌كا و دواى ريفراندۆم و كۆتايى داعش فرسه‌ت ته‌ڵه‌بانه‌ هه‌نگاوه‌كانى بله‌ز ده‌كا . سه‌ره‌تاكانى سياسه‌تى گه‌مارۆدانى هه‌رێمى كوردستان و راگرتن و له‌كه‌وه‌دانى له‌ سنووره‌كانى پێش 2003 به‌ زه‌برى هێز ، بێبه‌شكردنى له‌ سه‌رچاوه‌كانى داهات و خۆ بژێوى، كه‌ تێكڕايان كۆپێكردنه‌وه‌ى سياسه‌تى ده‌وڵه‌ت و حكومه‌ته‌كانى عيراقه‌ به‌ پاشايى و كۆماريه‌وه‌، له‌ بنياتنانه‌وه‌ى ده‌وڵه‌تى عيراق دواى پرۆسه‌ى ئازادى به‌دياركه‌ووتوه‌. خۆدزينه‌وه‌ له‌ جێبه‌جێكردنى مادده‌ى 140 ، له‌شكركێشى 2008 و پاشان دروستكردنى عه‌مه‌لياتى ديجله‌ و هه‌ڕه‌شه‌كانى عه‌بدئه‌مير زه‌يدى، ده‌ركردن يان ناچاركردنى ئه‌فسه‌ران و سه‌ربازانى كورد له‌ ريزه‌كانى سوپا و پشتگوێ خستنى پێشمه‌رگه‌ و ده‌رنه‌چواندنى ياساى نه‌وت و گاز و سه‌ره‌نجام بڕينى بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان، به‌ديارخه‌رى تان و پۆى سياسه‌تێكى مه‌دروسه‌ كه‌ وا عيبادى ده‌يه‌وێ بيگه‌يه‌نێته‌ دوا قۆناغ ،
3 مانگى رابردوو بۆ ئێمه‌ دانيشتوانى كوردستان قورسترين رۆژانى بێئومێدى بوونه‌، هێشتا له‌ ئاسۆگه‌ڕا تروسكايى هيوا ديار نيیه‌، دۆستانمان له‌ عيراق و ده‌ره‌وه‌ هه‌روا خه‌ريكن سا به‌ڵكو عيراق قانع بكه‌ن بۆ گفتوگۆ، هه‌ڵبه‌ت بۆ ره‌واندنه‌وه‌ى ئه‌و تاريكستانه‌ خيارى گفتوگۆ باشترينه‌، به‌ڵام ديالۆگ كاتێك مانا ده‌دا كه‌ هه‌ق بۆ هه‌ق خوراو بگێڕێته‌وه‌، به‌ڵام كه‌ له‌ ناوخۆمان له‌سه‌ر مافى خۆمان ته‌با نه‌بين نابێ چاوه‌ڕێى هيچ له‌ دان و ستان بكه‌ين.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*