کورتەچیرۆک

سەگەناز

محه‌مه‌د كه‌ریم

باوكم لە سەرەتای حیكایەتەكەدا دەیگوت:

دەرگاكەمان جیڕەجیڕكەرە
سەگەكەمان حەپەحەپكەرە

بەڵام ئەمەی من دەیگێڕمەوە حیكایەت نییە، بەڵكو چیرۆكێكی راستەقینەی رۆژگاری سۆشیال میدیایە. ئەوەندە وەڕسم نازانم چی بكەم، نە خەوم یەت، نە تاقەتی هیچ شتێكم هەیە. مۆبایلەكەم لەولامەوە، بێ سرتەیە، وەكو جوچكی مردارەوە بوو جوكەی لێوە نایەت. خەیاڵێك وەكو شمڵی شەڕ دێتە كۆڵی مێشكم و دەڵێم: «بۆ گوێ لە لایڤێك نەگرم؟ سەعاتێك پەنجا دەقەیەكی پێ دەگوزەرێنم، ئەوساش خواكەریمە، نا، نا، نەكەی، دڵت تێكهەڵدێت و دەڕشێیتەوە، دەی زیڕە بكەی، دەی…»

مۆبایلەكەم دەكەمەوە، ژنێكی سادە و شۆخ و شەنگ بەرامبەرم وەستاوە، هێدی هێدی دەجووڵێت، سەیری شاشەی مۆبایلەكەی دەكات، وردە وردە بەخێرهاتنی ئەو كەسانە دەكات كە دێنە خەت، بە چاو، بە دەم، بە دەست، بە سەر، بەخێرهاتنیان دەكات. وردە وردە ئارام دەگرێت و لە شوێنی خۆی دەوەستێت و دەستپێدەكات.

هاوڕێیان ئەمڕۆ باسی بابەتێكی گرنگ دەكەم، رەنگە چەند لایڤێكی تریش لەسەر ئەم بابەتە بكەمەوە، دەبوو داواكاری گشتیش بهاتایەتە سەر خەت و سكاڵای تۆمار بكردایە، بەڵام ئەم شتانە لە وڵاتی قانووندا دەكرێ، لە كوردستان قانوون و مانوون هەر وجودی نییە.

ئاخر لە ئێوە دەپرسم، بە ریشی كێ رەوایە، ژنێك كە مێرد و كوڕ و كچی ئەنفالە بچێتە دووكانێكی لاكۆڵان و دەستەیەك سابوونی بە دوو قات پێ بفرۆشرێت؟ ئاخر ئەمە ویژدانی چ خاوەن ویژدانێك ناهێنێتە جۆش؟ كێ لەسەر زوڵمێكی ئاوا گەورە، نایەتە جواب؟ ئاخر دووكاندارێك ئەوەندە دز و جەردە و گەندەڵ و پاتاڵ بێت، بێت و زوڵم لە ژنێكی ئاوا بكات، ئایا ئەمە دووبارە ئەنفالكردنەوەی كەسوكارەكەی نییە؟ ئاخر ئەگەر دووكاندارێك سووك و چرووك و سووك و ریسوا نەبێت، شتی وا دەكات؟ ئەگەر ماڵ و مناڵ و چۆلەكەی ماڵەكەشیان بێ رەوشت و سەڵیتە و قەحبە نەبن، شتی وا دەكات؟ من لەم لایڤەوە كە ئێستا زیاتر لە سەد هەزار كەس دەیبینێت، پێی دەڵێم دۆسێی و ماڵ و مناڵ و ژن و كوڕ و كچەكانی و تەنانەت چۆلەكەكانی ماڵەكەشیم لایە و دەزانم چەندیان داوە و چەند خۆیان هەڕاج كردووە، با نەزانێت شارەكەم شاری بێكەسەیە و لە بێخەبەران كەشكەك سڵاواتە، با بزانێت لەم ئەوروپایەشەوە ئاگام لە خشەی مار و مێرووە، دەزانم هەموو دووكاندارەكانی لاكۆڵان هەر هەموویان، كۆمپلێت، دەسڕێكیان داوە بە شانیاندا و بەخێرهاتنی كەڵەگای مانگا بەكەڵەكانیان دەكەن.

نەڵێن نەخوێندەوارە و كتێبی نەخوێندۆتەوە و لە ریسواییدا رایكردۆتە ئەوروپا، لەوێوە خەریكی لایڤ و مایڤە و یەك جوملەی موفیدیش نازانێت. بادڵنیابن هەر هەموویان دەكەم بە پووش برنج، وا دەكەم و كچ و ژنەكانیان خۆیان بسووتێنن و كوڕەكانیان خۆیان بكوژن، مناڵەكانیان بە گوێزان كێریان ببڕن و بە مەرگیان سوێ بكەنە دڵی باوكە گەوادەكانیانەوە. ئالێرەوە بەو دووكاندارە دەویتە دەڵێم، هەتا زووە ئەو ژنە بدۆزەرەوە و دە دەستە سابوونی بۆ بەرە و یەك فلسیشی لێ وەرمەگرە، دەنا ئەوەت پێ دەكەم بە قەحبەی بەغا نەكرابێت، هەر بە تۆنا بە هەموو دووكاندارە گەواد و سەرگرەكان.

ژنەی لایڤچی وردە وردە گەرم دەبێت، دەمی كەف دەكات، شین و مۆر دەبێتەوە، وەكو گونی هەلاج دەجووڵێ و بە چوار پەل سەما دەكات، بەهەر چوار لادا جنێو دەدات، قسەی وا بە دووكاندارەكانی لاكۆڵان دەڵێت سەگ بۆنی پێوە ناكات. وردە وردە كەف لە دەم و لووت و گوێچكەیەوە دێتە دەرەوە، ناو ژوورەكەی پڕ دەبێت لە كەف، بە شێوەیەك خۆی لەناو كەفدا نغرۆ دەبێت، ئیتر من نایبینم.

لەناكاو لە هەمان شوێن و هەمان مۆبایلەوە پیاوێك قسە دەكات، بە كراس و شەرواڵێكەوە، تەزبیحێكی قەزوانی بەدەستەوەیە، لە هەرچی جڕوجانەوەر و دەعبای ئەم سەرزەوییە هەیە دەچێت، لە خوێندەوار و شارستانی نەبێت.

هەمان بابەت و هەمان تاس و حەمام، ئەم تەنیا بە دووكاندارە لاكۆلانەكانەوە ناوەستێ، جارێ باسی گەوادی دووكاندارە لاكۆڵانەكان دەكات، كە هەر بەڕەچەڵەك حەوت پشتیان گەواد و حیز و دز بوون، بەوەشەوە ناوەستێ و هەتا سەر ئادەم و حەوا رەگ و ریشەیان هەڵدەداتەوە، كە گەواد و گەوادزادەن. ئینجا دێتە سەر پیشەی سابوونچی و سابوونكەر و دەڵێت: «شانازیی بەوەوە دەكەن كە كاتی خۆی سابوونتان دروستكردووە؟ ئاخر وەڵڵاهی وەبیلاهی وەتەڵڵاهی، هەر كاتێ ئەم قسە قۆڕانەم بیردەكەوێتەوە، خەریكە لە پێكەنینا دەپچڕێم، یانی ئێوە دووسەد و ئەوەندە ساڵ پێش ئێستا، ئەوەندە عاقڵ بوون ئاوزاوتانە سابوون دروست بكەن؟ ئای شێخ رەزا وتەنی:»شیڕڕڕ وانەبوو». ئاخر میللەتی گەلحۆ ئێوە عەقڵتان لە كوێ بوو تا بتانئاوزێ سابوون دروست بكەن؟ ئێوە كۆمەڵێ دووكانداری لاكۆڵانی دز و جەردە و سابوونچی و سابوونكەری حیز و گەواد و دوودەكی بوون، خاولیتان دابوو بە شانتا، ئینگلیزەكانتان دەبردەوە ماڵەوە، دوای ئەوەی حەسیر مەیدانیان بە ژن و مناڵ و كچە و كوڕتان دەكرد دەتانگوت: ها جەنابی میستەر، ها پێی بسڕە. ئێستاش وەك ئەوەی قارەمانی سەدە بن دەچن زوڵم لە ژنە ئەنفال دەكەن!!»
گوێ بگرە، گوێ بگرە پیاوی بچووك، گوێ بگرە پیاوی نابووت و مێردی ماكەر، گوێ بگرە هەی گوێدرێژ، هەی مەڕە گێژ، هەی ژن درێژ، هەی دەم گواوی، هەی ریخنی شەقیلە بە قنگی لار و لەوێر دەموكاوێژ. هەر ئەمشەو لەسەرت دەوەستم، هاوڕێیانی خۆشەویست، ئازیزان، كە ئێستا لە خەتن و ژمارەتان لە دوو سەد هەزار تێپەڕیوە، ئێوەش بە شایەت بن، بە نامووسم، بە شەرەفی پیاوی مەرد، بەیانی نەچیت و یەك كارتۆن سابوون نەبەیت بۆ ئەو ژنە خاوەن ئەنفالە، بەبێ ئەوەی یەك فلسی لێوەربگری.

ئەوە ئەو هەموو خەڵكە شایەتن، دەتكەم بە پەندی زەمانە. نەڵێی ئاگام لێ نییە و لە گوێی گادا نووستووم، دەزانم ئێستا خۆت یان كوڕە لووسكەكانت، یان كچە دەم فیلەر و قنگ زلەكانت، یان زاوا برۆ هەڵگیراوەكانت، یان دووكاندارە دەویت و بەربادەكانی هاوڕێت، ئێستا لە خەتن و بانگەوازەكەی منت پێدەگەیەنن. ئەوەی پێت دەڵێم نەیكەی، فایلی یەك بەیەكی خاو و خێزان و عێل و عەشیرەتت هەڵدەدەمەوە، بە دەفتەر و قەڵەم بۆ خەڵكی بەیان دەكەم چەندتان داوە، چەندتان دزیوە، چەندتان جاش و خەفیە و چەتە و شەوكوت بوون، لە زەمانی شێخی بەردە قارەمانەوە هەتا ئێستا، فایلی هاوڕێ دووكاندارەكانت و سابوونچی و سابوونكەرانیش بەجیا، شەلم كوێرم هیچ نابوێرم…

كابرای لایڤچی وردە وردە لەگەڵ گەرمبوونیدا، رەنگ و روویشی دەگۆڕێت، وەكو ئەسپی ماندوو كونە لووتی فش دەبێتەوە، كەف بە لالغاوەیدا دێتە خوارەوە، جڕو جانەوەری ورد لە دەمی دێتە دەرەوە، شێوەی دەگۆڕێت، دەبێتە ئاژەڵێك نازانم چییە، سەری زل دەبێت و بچووك دەبێتەوە، دەڵێم بەرازە، كەچی بەرازیش نییە، كەم كەم تەمومژی سەر سەر و فەساڵی كاڵ دەبێتەوە، خەریكە دەیناسمەوە و دەزانم چ دەعبایەكە، گوێم لە دەنگی دەبێت دەحەپێت، دەڵێم: «ئەی رەحمەت لە رەچەڵەكت، لە مێشك گوشین رزگارت كردم، خۆت پێت وتم، سەگی» لەم سەگە خوێڕیانەی لە زەمانی كۆرۆنا و كەرەنتینەدا، بە ئازادی لەسەر جادە و كۆڵانەكان كەوتوون، ناوە ناوە قروسكەیەك یان وەڕەیەكیان لێوە دێت، بەڵام ئەم جیایە، بەقەد هەموویان دەحەپێت، ئەوەندە دەحەپێت دەنگی دەنووسێت، كەچی كۆڵنادات، وردە وردە دەنگی نزم دەبێتەوە، كەچی هێشتا حەپەی پێ ماوە، وەك ئەوەی سەگەنازی بێت، كەم كەم قوڕگی دەگیڕێت… مۆبایلەكەم فڕێدەدەم بۆ ئەو سەری ژوورەكە و خۆم لەم سەگەنازە رزگار دەكەم.

print

 357 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*